كەس نییە راكان راگرێت‌

01/11/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

راكان جبوری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك و ئەندامی تازەی پارلەمانی عیراق ، هەر رۆژ بڕیارێك لە دژی كوردو بەرژەوەندی عەرەب دەردەكات ، سەرەتا دەمەوێ‌ بڵێم ئێستا ئەگەر لە بری راكان پارێزگارێكی كورد بڕیار گەلی جیاجیای دەركردبا ، بەرەی توركمانی تەپڵیان دەكوتا ، بەڵام خۆ بەرە هەر بەكورد قەڵسن ، لەلایەكی دیكەوە كورد لە كەركوك لە بەرانبەر بڕیارەكانی راكاندا وەكی كەڕەی شەربەت تەماشاكەر زیاتر هیچی تر نیە ، پارتی دوری گرتوەو وازی لە كەركوك هێناوەو رستەكەی بارزانی باوكی لە بیر كردوە كە كەركوكی بە دڵی كوردستان دەزانی ، تەنانەت بارزانی كوڕ ئەو قسەیەی خۆیشی بیر نەماوە كە لە كۆنگرەی 13 سەبارەت كەركوك كردی ، پڕۆژەی كوردایەتی لای پارتی بووە بە نەوت و دۆلارو دەسكەوت ، ئەمە من نایڵێم ، ئەمە زۆر كارەكتەری نێو پارتی دەیڵێن .

یەكێتی كە خۆی بە خاوەنی كەركوك دەزانێ‌ و 6 كورسی پارلەمانی هەیە ، هیچی لە كەركوكا بۆ ناكرێ‌ ، تەنانەت ئێستا كە سەرۆك كۆماریش كوردەو یەكێتیە، ناتوانێ‌ بڕیارە خراپەكانی راكان ڕابگرێت ، راكان لە نەبوونی یەكێتی و پارتیدا ئەوە دەكات ، دەنا ئەو پێشتر جگە لە بەرپرسی وزەدەرەكان هیچی ئەو تۆ نەبوو ، بێ‌ بڕیاری پارێزگاریش دەستی بۆ هیچ نابرد ،یەكێتی تەنانەت ئازایەتی ئەوەی نیە بە پێی قانونیش سنورێك بۆ راكان جبوری دابنێ‌ .

لایەنەكانی تر بە تایبەت كۆمەڵ ، گۆڕان ، یەكگرتوو، هیچ هەڵوێستێكی ڕوونیان نیە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەیەكەوە دانیشتنێك لە تەك جبوریدا بكەن و پێی بڵێن ئەوەی ئەو دەیكات پێشێلكاری قانوونە ، نەیانتوانیوە بە یەكەوە یەك بەیاننامە دەربكەن ،لە كەركوكا سەدان پێشێلكاری كراوە ، وەك ئەوەوایە ئەو لایەنانە چاوەڕێی یەكێتی و پارتی بن قسە بكات ، ئەوجا بێنە دەنگ .

لە دەرەوەی ئەم سێ‌ لایەنەش ، لایەنگەلی دیكە هەن ، حزبی شیوعی ، حسك ، بزوتنەوە ، نەوەی نوێ‌ ، لایەنگەلی دیكە ، تا ئێستا ئەوانیشجگە لە سەیر كەر هیچ هەنگاوێكی ئەو تۆیان نەناوە ، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە یەك سەركردەی كورد لە بەرپرسی یەكەمی حزبەكان نەیتوانیوە سەردانێكی كەركوك بكات ، لانی كەم هەندێكیان چەندین ساڵ لە سەر خێرو بێری ئەو شارە ژیان ، كەچی ئێستا لە دوورەوە پێشێلكاریەكانی راكان و حكومەتی عیراقی دەژمێرن و هیچی تر .

دەركەوت لە كەركوكا پڕۆژەی تولەرانس و لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو نەتەوە سازی ئاوەزدارانە جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نەبوو ، دەركەوت كورد هیچ پڕۆژەیەكی چارەسەری نیە بۆ ئەو ناوچانەو ئەو ناوچانە لە رێی بەرمیلە نەوتەوە دەبینێت و هیچی تر .

لە دەرەوەی حزبەكاندا هەر یەك لە پارێزگاری فەڕمی كەركوك " دكتۆر نەجمەدین كەریم " و بەرپرسی بە وەكالەتی ئەنجومەن " رێبوار تاڵەبانی " بەرپرسیارەتی گەورەی ئەم دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆ ئەو دورە پەرێزی و بە جێهێشتنی كەركوكە زیاتر زەمینەی بۆ راكان رەخساندوە بە ئارەزوی خۆی تەراتێن بكات .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی