لەرۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بەدەربازبوون لەسزا

02/11/2018

نیاز عەبدوڵڵا

بەپێی راپۆرت و ئامارە نێودەوڵەتییەكان لە نێوان ساڵانی 2006 تا 2017 لە جیهان 1010 رۆژنامەنووس كوژراون. رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بیسنوور لە خستنە رووی ئاماری 9 مانگی ساڵی 2018 رایگەیاند "56 رۆژنامەنووس كوژراون، 12 دۆسیەی كوشتنی دیكەی رۆژنامەنووسان لە ژێر لێكۆلینەوەدان".

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە پەیامی پێنجەم ساڵ یادی رۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا وتی "ژنانی رۆژنامەنووس زیاتر بە ئامانج دەكرێن، تەنیا لەبەر ئەو راپۆرتانە نا كە ئامادەی دەكەن بەڵكو لەبەرئەوەی مێن، ئەمەش ئەوە دەگرێتەوە لەبەردەم مەترسی دەستدریژی سێكسین". 

ئەمیندار وتوویەتی "لەم ساڵدا 88 رۆژنامەنووس كوژراون، لە هەر 10 دۆسییەیەكی كوشتنی رۆژنامەنووساندا 9 یان یەكلا ناكرینەوە و بەبێ سزا تیدەپەڕن".

نەخشەی دابەشكاری رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، رێژەكانی كوشتنی رۆژنامەنووسانی لە جیهان بەم جۆرە دابەشكردووە‌: 33% لە وڵاتانی عەرەبی، 26% لە ئاسیا، 22% لە ئەمریكای لاتین و دەریای كاریبی، 11% لە ئەفریقیا، 4% لە ئەوروپای ناوەڕاست و 2،5% لە ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمریكا.

كوشتنی رۆژنامەنووسی سویدی كیم وول و رۆژنامەنووسی بولغاری فیكتوریا مارینوڤا پرسی كوشتنی رۆژنامەنووسانی ژنی لە پەنای ئامرازەكانی تاوانی دەستدرێژی سێكسی و پاشان كوشتن، لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر خستۆتە بەرباس.

گرووپە تێوەگلاوەكانی دەسەڵات و حیزبەكان و حكومەت و گرووپە مافیاكان لە چەند ساڵی رابردوودا بە باشی سوودیان لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینیوە بە ئامانجی ئاراستەكردنی هێرشی كەسی و ناوزڕاندن و هەڕەشەی سێكسی بۆسەر ژنانی رۆژنامەنووس لەو وڵاتانەی ئاسایشی كۆمەڵایەتییان و سەروەری یاسایان تیادا لاوازە. لە هەرێمی كوردستان-یش بەڵگەكان ئاشكرای دەكەن بەهاوكاری هەندێك لە دەزگا ئەمنییە حیزبییەكان و مەكتەبی راگەیاندنی حیزبە باڵادەستەكان لەو جۆرە هێرشانە بەشێوەیەكی ئامانجدار كاریان لەسەر كراوە.

لەگەڵ ئەوەی لە جیهان كوشتنی رۆژنامەنووسان لە ناوچەكانی شەڕ و ئەو وڵاتانە زیاترن كە پرەنسیپەكانی دیموكراسییان تیادا لاوازە، لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای بانگەشەكانی حكومەت بۆ بوونی میدیای ئازاد و پرەنسیپەكانی دیموكراسی، بەڵام زۆرینەی رۆژنامەنووسانی كوژراو لە پێش چاوی دایكیان یان ماڵەكانیان و كۆمەڵگا بردراون و پاشان كوژراون، وەك سۆرانی مامەحەمە و عەبدوستار تاهیر شەریف لە كەركوك، سەردەشت عوسمان لە هەولێر، كاوە گەرمیانی لە كەلار و ویداد حوسێن لە دهۆك و ئالۆزی رووداوی كوشتنی رۆژنامەنووس شوكری زەینەدین رێكانی. 

شێوەی داپۆشینی كردەی تاوانەكان بە جۆرێكن دەسەڵاتی باڵادەستی حكومەت نەك هەر هاوكار نەبوون لە ئاشكرا كردن و دۆزینەوەی بكوژان و گەیاندنیان بە سزای یاسایی، بەڵكو حكومەت سەرەڕای بریارەكانی بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆسیانە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە. 

بەپێی پێشینەی ئەو هەڕەشە و لێكۆلینەوانەی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەكان و كەسایەتییە حیزبییەكان پێش كوشتنیان ئاراستەیان كراوە و دواتر لە شاردنەوەی بەڵگەكانی تاوان هاوكاری كراون، خانەوادەی رۆژنامەنووسانی كوژراو حیزبە باڵادەستەكان و حكومەتیان لە ئەنجامدانی ئەو دۆسیانە تاوانباركردووە.

دەربازبوونی تاوانبارانی رۆژنامەنووس كوژ لە سزای یاسایی، بۆتە هۆكاری دەرخستنی راستەوخۆی لاوازی پێگەی دادگاكان و پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاسایش، هاوكات هێزی بەردەوامی بە تاوانباران و گرووپە تاوانكارییەكان بەخشیوە بەردەوامبن لە ئەنجامدانی تاوان و ئەمەش لە ئەنجامدا بۆتە مایەی ناسەقامگیری و دروستكردنی ترس لە لای هاووڵاتییان، ژینگەیەكی نا ئارام و دوور لە ئازادی دەستخستنی زانیاری و ئازادی رادەربڕین و چاودێریكردنی سیستەمی حوكمڕانی لێ بەرهەمهاتووە. 

بوونی هەڕەشە و شێوازەكانی تری دەستگیركردن و مەترسی لەسەر كار و ژینگەی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان و دەربازبوونی پێشێلكاران و تاوانباران لە سزا، دەرفەتێكی گەورەی لەبەردەم میدیا حیزبییەكان و كەسایەتییە حكومی و حیزبییە سەرمایەدارەكان كردۆتەوە تاوەكو ببنە خاوەن میدیایەكی ئاراستەكراوی وا لە كاتی كوشتنی رۆژنامەنووساندا دۆسییەكانی كوشتن بەلاڕێدا بەرن و تۆمەتباران بپارێزن.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی