شنگال لەنێوان بونیادنانەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە

03/11/2018

نیاز عەبدوڵڵا

دانیشتوانی شنگال مافی خۆیانە رێگری لەو ستافە ئیدارییە بە زۆر سەپێندراوە بكەن كە تۆمەتبارن بە بەرگری نەكردن لە دانیشتوانی قەزاكەیان، لەو كاتەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشی كردە سەریان و بە تەنیا ‌جێیان هێشتن تا جینۆساید بكرێن لە 3ی ئابی 2014. 

ئەو ستافە ئیدارییەی 4 ساڵ لەمەوبەر، بەھۆی كەمتەرخەمییان پێویستە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكرێنەوە لەگەڵ ئەو ھێزە پێشمەرگە هەڵاتووەی بەبێ بەرگریكردن شنگال-یان چۆڵ كرد، نەك ئێستا بە ناوی رێكخستنەوەی ئیداری و بونیادنانەوەی قەزاكە وەك خەڵات پێشكەش بە دانیشتوانی ناوچەكە بكرێنەوە.

پارتی دیموكرات و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای حكومەتی عێراق گرنگە لەوە تێبگەن پێویستە ئێزیدییەكان ئیدارەی ھەڵبژێردراوی دڵخوازی خۆیان ھەبێت نەك ئیدارەیەكی بە زۆر سەپێندراوی تۆمەتبار. لە كاتێكدا هێشتا 3500 ژن و منداڵ و پیاوی ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە و دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ و تاكە كەسی هەن بە فەرامۆشكراوی لە لایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و زیاتر لە 100 هەزار ئێزیدی بوون بە پەنابەری وڵاتانی تر، هێشتا بەڵگەكانی كۆمەڵكوژی داعش وەك پێویست كۆنەكراونەتەوه،

بەڵێنەكانی ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال جێبەجێ نەكراون و ئاوارە ئێزیدییەكان لەناو كەمپەكاندا ژیانێكی سەخت دەبەنە سەر، بڕیارەكەی مەسعود بارزانی-یش لە سەردەمی دەسەڵاتەكانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان جیبەجێ نەكراوە بۆ لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كە شنگال-یان بۆ داعش چۆڵكرد، كەواتە پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن چاوەڕوانی ئەوەی هەیە خەڵكی شنگال فەرشی سوور بۆ قایمقامی پێشوو رابخەن تا بە شەرفمەندی بگەڕێتەوە؟!

لە بری دۆزینەوەی شەڕی نوێ و ئازاردانی زیاتر و خۆسەپاندن، خەڵكی شنگال پێویستیان بە قەرەبووی مەعنەوی و ماددییە، ئەوان شایەنی ئەوەن پارێزگارییان لێبكرێت و تایبەتمەندی ئاینی و ناوچەییان بەرگری لێبكرێت و بە ئاشتی بژین. 

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی