کوردو سینەما

03/11/2018

عومەر محممەد

کورد خاوەنی سینەمای خۆی نیە، سینەمای کوردی لەسەرەتادایە،ئەمە کۆمەڵە قسەیەکی باوی ناو دنیای رۆشنبیری ئێمەیە،کە هیچیان بنیاتنەرو ئومێد بەخش نین، هەق نەبوو هێشتا لەم مشتومڕەدا گیر بخۆین ئەمە جێگەی نیگەرانیە، لەڕاستیدا کورد خاوەنی فیلمە نەک سینەما، هێشتا نە توانیوێتی فۆرمێک بۆخۆی بدۆزێتەوەو نە پێگەیەكی بەهێزیشی هەیە هەتا شوناسێکی هەبێت وببێتە فیگەرێكی نێوسینەمای جیهانی. بۆیە دەبێت بە دەوری وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین کە بزانین سینەمای کوردی چیە؟ پرسیارەکە بۆ چەندایەتیە یان چۆنایەتی؟ ئەگەر دووهەمیانە ئەو فیلمانەن کە بە جلوبەرگ وزمانی کوردییەوە نمایش دەکرێن ولۆکەیشن وشوێنی بەرهەمهێنانیان کوردستانەو کاستەکەی کوردن ؟ یاخود کارێکی هونەرییەو بەبێ ئەوەی کاستەکەشی کوردبن، لە ژانرایەکدا چیرۆکێکی مێژوویی کورد دەخەنەڕو؟ لەیەکەمیاندا دەبێت تێڕا بمێنین کورد چۆن چیرۆکی خۆی گێراوەتەوەو چۆن کیشەکانی بردووەتە دەرەوەی خۆی ؟ ئەوەی پەیوەستە بە یادەوەری و تراژیدیای کوردەوە، هەتا ئێستا کورتمان هێناوە، چونکە گێڕانەوەی چیرۆک پێویستی بە دیدێکی جیاوازو ناباوە، واتا بە پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆلەکانەوە کە باس لە تراژیدیا دەکەن هەمیشە وێنە گەورەکەی تراژیدیا بۆنمونە ئەنفال وهەڵەبجە دەبینن وپارچە بچوکەکانی فەرامۆشکراون، گرفتی میدیاکارو سینەماکاری کورد ئایدیایە، زۆرن ئەوانەی تەرکیز دەخەنە سەر جەنگاوەرو جۆرەکانی تری ئازایەتی نادیدە دەگرن. کڵۆڵترین فیلمساز ئەوانەن کە وێنەی قوربانی بوون بەرهەم دەهێننەوەو هەستانەوە فەرامۆش دەکەن. لەکاتێکدا ئەرکی هونەر وێنەگرتنی واقع نیە بەڵکو بەتەنیشت چیژو جوانیەوە بەرهەم هێنانی قارەمانە، قارەمان بەواتای ئینسانی بوون، بەواتای لێبوردەیی و گەڕان بەدوای خۆشەویستی و خۆشبەختیدا،چونکە ئێمە بە گێڕانەوەی چیرۆکی مەزڵومبوونی خۆمان ناتوانین دۆست پەیدا بکەین، هەموو قوژبنێکی دنیای ئەمڕۆ ماڵی قوربانییە، بۆیە مرۆڤ ناتوانی بە پاڕانەوە سەروەری بەدەستبهێنێت، گەران بەدوای ژیاندا بەرەنگاری دەوێ نەک پاڕانەوە، رەنگە لەگەڕاندا گەوهەر لەزبڵداندا بدۆزینەوە، بەڵام دانیشتن بەدیار سۆزی ئەوانی ترەوە ماڵمان دەکات بەزبڵخانە، گێرانەوەی چیرۆکی جەلادو قوربانی بەس نیە بەڵکو لەوەدا دەبێتە جێگەی سەرنج کە خاڵی هاوبەش وناکۆکی نێوانیان بدۆزینەوە و ئاسان لەوە تێبگەین جەلاد قوربانی یەکەمە، قوربانی هەتا ئەو کاتە بە کڵۆڵی دەمێنێتەوە کە مەڕبێت و ئاسان بچێتە بەردەم چەقۆی جەلاد، با وێنەکە ئاوەژوو ببینین،خراپترین ئەوەیە مرۆڤ شانازی بەقوربانی بوونی خۆیەوە بکات و چیرۆکەکەی لە خورافەو پیرۆزییەوە بپێچێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ بەقوربانی بوون قایل نەبێت،هەر خۆی رزگار ناکات بەڵکو جەلادیش لە تاوانکاری رزگار دەکات و چیدی وەک جەلاد نامێنێتەوە، ئایا لەخۆمان پرسیوە جەلاد بەبێ قوربانی چ کارەیە ؟ کورت وکوردی چیرۆکی ئێمە ئەوکاتە بەهایەکی دەبێت کە دەستکاری سیستمی پێبکەین و دنیای پێ بوروژێنین، یادەوەری ئەوسا دەتوانێ ببێتە مێژوو کە دادپەروەری و تۆلێرانیس بەرهەمبهێنێت . سینەماکار دەبێت بزێوبێت و بەبوێری دەستکاری شتەکان بکات .

عومەر محەمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی