حیزبی لەبیرکردن

03/11/2018

پشکۆ نەجمەدین


دەزانم تۆش هەر وەکوو من، لە حیزبان و ناوەکانیان، لە سەرۆک و سەرکردانیان، لە ئیدۆلۆگی و ئاگێندایان (کە نەیانماوە و بوونەتە سەراب)، لە کار و کردەوەکانیان، لە درووشم و موزایەدەکانیان، جاڕز و بێزاریت و لەم فەوزای سیاسەت و قەیرانی ژیانەدا، لەشوێن ئەڵتەرناتیڤ وێڵیت!
تۆ هەمیشە لە ئاست نووسەران و لێکۆڵەراندا، دەنگت دلێرە و دەبێژیت: ئەدی چارە؟ ئەی چی بکەین؟
من پێت دەڵێم: ڕێگاچارە، ، ئاواکردنی حیزبی "لەبیرکردن"ە.
ئەمە تەنیا حیزبێکە، کە سەرۆک و سەرکردەکان، پەرلەمان و پەرلەمانتاران، پێی خۆشحاڵن، پشتی دەگرن، بە میلیۆنان دۆلار باربووی دەکەن!
ئەم حیزبە، بۆ لەبیرکردنی هەموو شتەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، کار دەکات!
درووشمی حیزب: لەبیری کەن! 
شەڕی نێوخۆ لەبیر بکەن!
گاڵتەجاڕیی پەرلەمان و تەپڵ و مێز و شەڕەدەببە، لەبیر بکەن!
مووچەی باڵا و شاباشەکان لەبیر بکەن!
کۆشک و ڤیلای سەر گردەکان لەبیر بکەن!
کۆمپانیاکان، بۆرییەنەوت و تەنکەرەکان لەبیر بکەن!
پاشەکەوت و چارەکەمووچە، لەبیر بکەن! 
ئێوە کە خۆتان ئازادن، ئازادییەکان فەرامۆش کەن!
شەهیدان و نیشتمان و خودی خۆتان لەبیر بکەن!
حیزبێکی وا، مەبەستم حیزبی فەرامۆشییە، چێ بکەین، هەم سەرکردەکان خەنی دەبن و هەم نیشتمانیش ئاوەدان!
(هەر وەک چۆن بڕێک لە بیرکردنەوە پێویستە، هەمان بڕیش لە فەرامۆشیمان گەرەکە! "بۆل ڤالیری")

پشکۆنەجمەدین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی