کێ گرەوەکە دەباتەوە فیل یان کەرەکە ؟

06/11/2018

هێرش عبدالرەحمان


لەئەمریکا خەڵک گوێی لەحزب نیە ، بەڵکو پڕۆژەی دەوێت ، بۆ نمونە ، کەسێک ٢٠ ساڵە کۆمارییە ، بەس پڕۆژەی بیمەی ئۆبامای پێ باشە ، خۆی بێ عەقڵ ناکات ، حزبەکەی دەنگ کەمدەکات ، دێت دەنگ بەدیموکراتەکان دەدات ، دەنگدەر نابێت تاماوە موڵکی حزبێک ببێت ، دەبێت بیر لەخۆشگوزەرانی خۆی و مناڵەکانی بکاتەوە .

مێژووی حزب چیە کە نەتوانیت ژیانت بگۆرێت ؟ ، ئەمرۆ لەسەر سندوقی دەنگدان پرسیارم لەچەند کەسێک کرد ، ووتم بۆ دەنگ دەدەی و کێت لا پەسەندە ؟ زۆرینەیان ووتیان ئێمە دەنگ ئەدەین بەئایندەی مناڵەکانمان و ئاسایشی ئەمریکا !

من خۆم لە سێ ھەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکادا ، دوانیان دەنگم بەدیموکراتەکان داوە ، کۆمەڵێک پرۆژەی باشیان ھەبوو لەلام گرنگ بوون ، لەھەڵبژاردنی پێشوودا دەنگم بەکۆماریەکان داوە ، ئەمرۆش دەنگەکەم بۆ ئەنجومەنی پیران و کۆنگرس ، بۆ " پارتـێـکـ " یـانـە ، بۆ حاکمی وولایەتیش پارتێکیتر ! لێرە ئەتوانی لە یەک کاتدا دەنگ بدەی بەئەندامی ئەنجومەنی پیران و ، کۆنگرس و ، حاکمی وولایەت و قائیقایم و ، تا پۆستەکانی تری خوارەوە .

جوانی دەنگدانی ئێرە لەوەدایە بەئارەزووی خۆت ئەتوانی لەئەنجومەنی پیران دەنگ بەی بەکۆماری ، بەڵام بۆ کۆنگرس دیموکرات ، وە حاکمی وولایەت دیموکرت ، قائیمقام کۆماری ، مەرج نیە ھەر کۆماری بێت یان دیموکرات !

چەند ڕۆژێکە کەمپینەکان بەم شیوەیەبوو :

دەنگدەری ئەم ھەڵبژاردنە زیاتر گەنجن ، وە گەنجی ئەمریکیش کەسێکیان دەوێت وەک " ئۆباما " قسەیان بۆ بکات ، نەک وەک 
" ترامپ " . گەنجان زۆرترینیان لەبەر ترامپ ھەوڵ ئەدەن سزای کۆمارییەکان بدەن !

دیموکراتەکان پێیان وایە ترامپ لەسەر ترس ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی بەرێوەدەبات ، کە زیاتر ترسی بڵاودەکردەوە ئەم چەند ڕۆژە ، دەنگدان بە دیموکراتەکان واتا ھاتنی تیرۆر بۆ ئەمریکا ، واتا تێداچونی ئەمریکا !

کۆماریەکان لایان وایە ترامپ بێ هەڵەنیە ، بەڵام کەسیش نیە لەمیژووی ئەمریکادا وەک ترامپ مانگانە سەدان ھەزار ھەلی کار برەخسێنێت ! لە ١٨ سەعاتی داھاتوودا ھەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە ، کە کێ گرەوکە دەباتەوە ، فیل یان کەرەکە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی