ئاوڕێك لەكەركوك بدەنەوە

07/11/2018

ئارام هادی

كەركوك ئەو شارەی لەسەر ئاگر دایاننا و بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش كڵپەی سەند و هەموو شتێكی بردەوە خاڵی سەرەتا!، دانانی خاڵی گومرگ بەشێوەیەكی نایاسایی و لەدەرەوەی دەستووری عیراق، كردنەوەی ڕێژەیەكی زۆری بنكە سەربازییەكانی "حشدی توركمانی و حشدی عربی" كە بەشێك لەشەقام و گەڕەكەكانی شارەكەی تەنیوە و بێ بەشكردنی دەسەڵاتی كوردی و لاوازكردنی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عیراق، هاوكات ڕفاندنی گەنجان لەشەودا لەلایەن هێزەچەكدارە دەمامكدارەكانی شارەكە و كارانەكردنەوەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و نەبونی پارێزگارێكی نوێی كوردی و چۆڵبونی نزیكەی60شەست پۆستی ئیداری كوردی لەشارەكە و پڕكردنەوەیان لەلایەن توركمان و عربەوە، لەلایەكیتریشەوە سەرهەڵدانەوەی كیشە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر زەوی و زاری گوندنشینانی دەوروبەری كەركوك لەنێوان كورد و عرب كەمەبەست لێی هەڵگیرساندنی شەڕی پێكهاتەكانی كەركوكە، ئەمەیان ترسناكترین پیلانی دوژمنانە!!، بونی بۆشایی (سیاسی. ئەمنی. ئیداری) دەستپێكردنەوەی جوڵەكانی گروپی تیرۆرستی داعش!!، ئەمانە هەموویان زەنگی مەترسیدارن و سیمایەكی لێڵی بە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بەخشیوە و پێشبینی  كێشەی قەبەتریش دەكرێت. 

تادێت گەمە هەرێمیەكان بە هاوكاری بەشێك لە هێزە ناوخۆییەكان لە كەركوك چڕتردەبێتەوە، لەكاتێكدا دەسەڵاتی ڕەهای شارەكە بەدەست (حشدی شعبی) یەوەیە، ئەمەش كارئاسانی زیاتر بۆ پەلكێشكردنی دەستوەردانی دەرەكی دەكات و گروپە تیرۆرستیەكانیش باشتر سود لەكەلێنەكان وەردەگرن بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان هاوكات ئایندەی دانیشتوانی ڕەسەنی شارەكە بەرە و نادیار هەنگاو دەنێت پێویستە كورد بەهاوكاری خەمخۆرانی كەركوك لە پێكهاتەكانیتر كەبێگومان بەشێكی زۆریان ئەم ڕەوشەیان پێ خۆش نیە و ئایندەی خۆیان و شارەكەیان لە سیاسەتە نادروستە شۆڤێنیەكە پێ باشترە بەپەلە كاربكەن بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكە، دەبێت پارتی و شوێنكەوتوانیشی لەئێستادا باش لەوە تێبگەن دۆخی كەركوك هی ئەوەنیە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكەیان تەنها بۆ وەرگرتنی موچە و نەسرییەكانیان بچنەوە شارەكە و دواتر بگەڕێنەوە هەولێر!!، ئیدی كاتی ئەوەیە تەواوی كوتلەكانیان ئامادەییان هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی نوێ و ئاسایی كردنەوەی ناوچەكە. 

لەدوای ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچەكەش، دەبێت دەسەڵاتدارانی شارەكە بەلایەنی كوردیشەوە هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە لەبەرێوەبردنی (ئیداری. سیاسی. ئەمنی) شارەكە و ڕێگەنەدەن بە دوو ئاسایش و تۆخكردنەوەی دوو ئیداری كوردی، كاربكەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێك كە هەموو پێكهاتەكان لەباوەشبگرێت و كەس هەست بە پەراوێزخستن نەكات و گیانی تەبایی لەشارەكە پەرەی پێبدرێت، هاوكات دیاردەی چەكداری (قژلول و جل ڕەش و جامڕەش و جەماعەتی كاك فڵان كەس و فیساركەس) نەمێنێت كە لەڕابردوودا تەنگیان بە دانیشتوانی كەركوك هەڵچنیبو تائێستاش وێنەیەكی قێزەونی لە زهنی كەركوكیەكاندا جێهێشتوە. 

پێوستیشە لە زوترین كاتدا و لەبەرخاتری پێكهاتەكانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كێ چی لەدەستدێت؟ ئەنجامی بدات و دانەنیشێت و چاوەڕوانی كارەساتی زیاتربن، دەبێت چالاكوانان و ڕێكخراوە مەدەنی یەكان فشار لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی ناسایی پەرلەمانی عیراق تایبەت بە ڕەوشی كەركوك لەلایەن كوتلە كوردیەكانی پەرلەمانی عیراقەوە، هاوكات سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكە دەست بكەنەوە بە كۆبونەوەكانیان و دانانی پارێزگارێكی نوێ، لەلایەكیترەوە سەرۆككۆماری عیراق بە پاڵپشتی لایەنە سیاسیە كوردیەكان هەوڵەكانی چڕتربكاتەوە تا زووتر كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكان ئاسایی بكرێتەوە، ئەو بەرپرسانەی پۆستەكانیان چۆڵكردوە بگەڕێنەوە سەركاری خۆیان، هتد.. گەرنا ئەوا زۆر لە ئێستا خراپتر بەسەر ئەو ناوچانەدێت و چاوەڕێی هەر ئەگەرێك بن!!.

ئارام هادی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی