گۆران‌و كۆمەڵ و یەكگرتوو دوای دانیشتنەكەی پەرلەمان

08/11/2018

شۆڕش ئەنوەر

دواجار دەنگی حزبەكان بەتایبەتیش هی پارتی و یەكێتی ، هەرچۆنێك هێنرابن ئەوە گرنگ نیە ، ئەوەی گرنگە ئەنجامەكەیەتی و لەوبارەوەش رێژەی هەر حزبێك لە ئستحقاقی هەڵبژاردن ج لەلایەن زۆرینەی كۆمسیۆن و چ لەلایەن دادگاشەوە جێگیر كرا، هەموو ئەو حزبانەشی كەبەشداری دانیشتنی یەكەمی خولی تازەی پەرلەمانیان كرد و سوێندی یاساییان خوارد جارێكی تر بەوە سەلماندنی ئەنجامەكانیان جەخت لێكردووەو شەرعیەتێكی تریان ئیزافە كردن بۆ ئەو ئەنجامانە ، ئیتر قسە كردن لەسەر بەرێوەچوونی پرۆسەیەكی گەورەی تەزویر كاتی بەسەرچووەو هەق نیە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا هیچ قسەیەكی لەلایەن حزبە ناڕازیەكانەوە لەبارەوە بكرێت ، گومانم نەبووە لەبەرێوەچوونی تەزویرێكی رێكخراوی گەورە ، بەڵام گومانیشم نیە لەوەی كەهەرحزبێك بەشداری كرد لەو پەرلەمانەی ئێستا بەشێكە لەشەرعیەت دان بەو تەزویرە !

بۆچوونم وایە چوارساڵی ئایندە چوارساڵی پارتی و یەكێتیە لەناو پەرلەمان و دامەزراوەكانی جێبەجێكردن ، گومانیشم نیە لەوەی هەرحزبێك لەدەرەوەی ئەجێندای پەرلەمانی و حكومی پارتی و یەكێتی بمێنێتەوە جگە لەمانەوەیەكی سیاسی بێ‌ كاریگەر هیچی تر نابێت، بەتایبەت كەئێستا ئەم هێزانە وەكو جاران لەلایەن شەقامیشەوە رەنگە وەڵامێكی ئەوتۆ نەدرێنەوە كەبەشی جوڵاندنی شەقام بكات بەشێوەیەكی گەورەو كاریگەر بۆ فشار خستنە سەر حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی لەداهاتوودا.

هەریەك لەبزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوی ئیسلامی ئەگەر نەچنە ناو حكومەتەوە ، لەم حاڵەتەدا باشترین كارێك كە بیكەن ئەویە كەلەماوەی چوارساڵی داهاتوودا لەناوەخۆی خۆیاندا بكەونەوە رێكخستنەوەی خۆیان ، بەو ئیعتیبارەی كەهەرسێ‌ حزبەكە لەراستیدا خاوەنی چەندین گرفتی ناوەخۆیین كەئەگەر لەماوەكانی داهاتوودا چارەسەر نەكرین ، ئەوا دەبێت چاوەرێی كەوتنەوەی ئەنجامی خراپتر بكەن، رەنگە بەهۆی ئەوەی كە گۆران و یەكگرتوو دەنگیان كەمی كردووە زۆرتر گرفتە ناوخۆییەكانیان دیاربن و بەهۆی ئەوەشی كە كۆمەڵ لەرووی كورسیەوە كورسیەكی زیاد بووە كەمتر گرفتە ناوخۆییەكانی دیاربن، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە كەهەرسێ‌ حزبەكە هەڵگری گرقتی گەورە گەورەن لەناوەخۆدا بەڵام هەریەكەیان بەجۆری جیاواز ، بەڵام دواجار كێشە هەر كێشەیە !

چوارساڵی داهاتوو باچوارساڵی چاكسازی و ئامادەسازی ئەو سێ‌ حزبە بێت ، تالەهەڵبژاردنی داهاتوو ئەم دۆخە خراپەی ئێستا دووبارە نەبێتەوە كە مایەی نێگەرانیمانە.

پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە كەئایا لەماوەكانی داهاتوودا جموجۆڵی ئەو سێ‌ حزبە دەبینین كە لەسەر ئاستی چارەسەری كێشە جددیەكانی ناوخۆیان دەست پێ بكەن؟ من بەشێوەكی شەخصی بەگومانم زۆریش بەگومانم لەسایەی سەركردایەتی ئێستای ئەو سێ‌ حزبە هەنگاوێكی لەو جۆرە بەجددی بەرێوە ببرێت.

شۆڕش ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی