مەسەلەی چینایەتی لەناو یەكێتی-دا

08/11/2018

ستران عەبدوڵڵا‌

ناونیشانەكە چاو خەڵەتێنەرە. وایە كە مانای ئەوە بدات بەدەستەوە كە دەیەوێت باسی پرسی چینایەتی بكات لەروانگەی یەكێتییەوە. بەڵام ڕاستییەكەی ئەم وتارەم بۆ روانگەی یەكێتی نەنووسیووە. بۆ ناوەرۆكی واقیعی حاڵی جیاوازی چینایەتی لەناو یەكێتی نووسیوە.ھەڵبەتە جیاوازیی چینایەتی بەمانای شرۆڤەكردنە كۆمەڵایەتییەكە نا بەتەنھا، بەڵكو بەمانای تێكچوونی شیرازەی حزب‌و حزبایەتی لەرووی رێكخراوەیی، پلەبەندی بەرپرسیارێتی، نفوز‌و رەوایەتی دەسەڵات‌و بەلارێدابردنی وزەی ماددی یەكێتی بۆ رێچكەی پەیداكردنی پاوەری سیاسیی‌و دەسەڵاتداری. ڕاستە كە ئەم دیاردەیە، دیاردەی جیاوازی لەتوانا‌و نفوز‌و پاوەری ماددی‌و سیاسی، لەناو ھەموو حزبە كوردستانییەكان ھەیە‌و زەقە، بەڵام بوونی شەرعیەتێكی تێر‌و بەپێی پێویستی نییە بۆ داپۆشینی ھەبوون‌و بۆ پاساودانەوەی لەرێ لادانی حزبی لەناو یەكێتیدا. لێرە ئێمە لەسەر دیاردەی جیاوازی توانای دارایی كە جیاوازی چینایەتیش دەخولقێنێ قسە ناكەین وەك دیاردەیەك كە دەبێ لەڕووی لەقاودانی گەندەڵی دارایی‌و پەیڕەوكردنی شەفافیەت كاری بەرپەرچدانەوەی بۆ بكرێت. بێگومان ئەوە گرنگە، بەڵام ئەوە بەشێكە لە ھیمەتێكی گشتی بۆ بەرەنگاری گەندەیی‌و گەندەڵی لە كۆی كایەكانی دامەزراوەكانی حوكمڕانیدا، ھی حكومەت‌و ھی حزب‌و ھی دامەزراوە گشتییەكان. ئێمە قسە لەسەر جیاوازی نارەوا لە دەسەڵاتی دارایی دەكەین كە سەرەنجام دەسەڵاتی سیاسیی‌و پاوەر‌و نفوزی ناڕەوا ئەدات بە ھەندێك كاراكتەری سیاسیی لەسەر حیسابی ناوونیشان‌و ناوەرۆكی كار‌و پلەبەندی بەرپەرسیارێتیش كە زۆر جار ئەو ناونیشانانە بە زەرورەت دەسەڵاتی دارایی دابین دەكەن‌و دەشێ لاساریشیان بەدواوە بێت.

لێكدانەوەیەكی ھەڵەیە ئەگەر پێمان وا بێ ئەم جیاوازییە چینایەتییە بۆیە ھەیە چونكە حزبەكانی ئێمە نیشتمانین نەك چینایەتی بۆیە جیاوازی چینایەتی لەنێوان ئەندامەكانیش ھەیە‌و ئاساییە. ئەم گوتەزایە ئەو كاتە ڕاست دەبێت كە حزبەكانی خاوەن پەیكەری بەرەیی وا بن كە ئەندامەكانیان خۆیان لەبنچینەدا دەوڵەمەند‌و ھەژار‌و مام ناوەنجی بن نەك دوایی بەھۆی حزب‌و نفوزییەوە وایان لێ بێت.

ئەم لاسارییە كە ناونیشاندارەكان‌و خاوەن پلەكان دەیكەن گەندەڵییەكی دارایی‌و بەلارێدابردنی دەرامەت‌و دەسەڵاتی داراییە. بەڵام لەدەرەوەی ئەم ناونیشانانە بوونی دەسەڵاتی دارایی بەدەست ھەندێكەوە كە ناونیشان‌و پلەبەندییان ئەو مافەیان ناداتێ دەسەڵاتی داراییشیان ھەبێ، سەرەنجام سەرئەكێشێ بۆ پەیداكردنی نفوزی سیاسی‌و بەلارێدابردنی رەوتی دابونەریتی حزبیش.

ئەم دیاردەیە زۆر بەزەقی لە رۆژگاری تەنگژەی دارایی وەك ئێستای وڵاتدا بەزەقی دەردەكەوێت كە ھەوڵدەدات دەلالات‌و پەنجەمۆر‌و پشتیوانی بكرێت‌و دابین بكات بۆ كەسانێك كە نفوزەكەیان لەناكاو ھەڵتۆقیووە‌و دەسەڵاتەكەشیان بەقەدبڕی پەیدا بووە.

ئەمە وەك ئەوە وایە لە بزاوتی كۆمەڵایەتی‌و سیاسیی گشتیدا ببینێت كەسان‌و كارەكتەرانێك ھەن بەھۆی دەوڵەمەندییەوە دێنە ناو كایەی سیاسەت یان بەھۆی كایەی سیاسییەوە دەوڵەمەند دەبن كە ئەمە لە رەوتی ئەزموونەكانی ھەر حكومێك بینراوە. بەڵام لەناكاو پایەداربوونی دارایی‌و پاوەر پەیداكردنی سیاسیی كارێك دەكات حزبەكان شیرازەیان بشێوێ وەك چۆن كۆمەڵگە لە قۆناغی ئینتیقالیدا، لە چەرخی كرانەوەی بێ حیساب‌و كیتابدا دەوڵەمەندی لەناكاو و ئەستێرەی لەھێكرای لێ پەیدا دەبێت وەك ئەوەی لەسەردەمی ئەنوەر ساداتدا سەداح مەداحیان پێدەوت، یان بە دەوڵەمەندەكانی زەمانی كرانەوە ناسراو بوون.

لەدیاردەی حزبایەتی كوردستاندا دوو حزبی كوردستان لەبارترن تووشی دەردی "دار الملوك" ببن كە دەكاتە دەردی حوكمڕانی كە وا دەكات كەسانێك لەناو حزبدا ئینتەلا بكەن كە ھیچ ھونەرێكیان لە خۆیان نیشان نەداوە. ئەم دیاردەیە لەناو حزبە ھەژارەكانی دەرەوەی فەرمانڕەوایی كەمتر ھەیە بەڵام مانای ئەوە نییە روونادات یان كە چوونە دەسەڵات تووشی (دا‌و الملوك) نابن. ھێندە ھەیە كەس ناتوانێ تۆمەتی پێشوەختە بڵێت‌و ناو لەپی ھەژارەكان بخوێنێتەوە كە سبەی دەوڵەمەند دەبن، جا بۆیە با لەڕێوە قاچیان بشكێنین. ئەوی دا‌و المولكی ھەیە نیشانەكانی زەقترن كە حزب دادەرزێنێ‌و ھەرەمی رێكخستن تێك دەدا‌و گۆرانكاری دراماتیكی لەناوچەكانی نفوز دروست دەكات بێ ئەوەی نیشانەی ئاڵۆگۆری تەندروستی دەسەڵاتی ناوخۆی حزب بن.

وا بەزەقی دەبینین لەم چوار ساڵەی تەنگژەدا كادیرەكانی ناوەڕاست گوزەرانیان چۆنە‌و پاوەریان لە حزبدا تا كوێ‌و ھی تریش لەكوێیە؟

چارەسەری ئەم گرفتە جەوھەرییە ھەر چارەسەرێكی دارایی‌و ئیداری نیە، بەڵكو پێش ھەموو شتێك بژاردەیەكی سیاسییە بۆ رێكخستنەوەی حزبایەتی‌و نوێكردنەوەی بەھا گشتییەكانی.
 
ستران عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی