ئەمریکا چی دەوێت؟

08/11/2018

عبدالرحمن ڕەزگەیی

 بڕیاری پێدانی ١٢ ملیار دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لەسەر سەرکردەکانی پەکەکە، لەلایەن ئەمریکاوە، بڕیارێکی فرە ڕەھەندە بەلای ئەمریکاوە، زیاتر لەڕەھەند و گوزارشتێکی ھەیە، وە بڕیارێکە دوای قۆناغێکی دژوار دێت لە پەیوەندیەکانای نێوان ھەر دوو وڵاتدا، بۆیە ئەمریکا پێی وایە بڕیارەکەی لە کاتێکی دروستدا داوە، چونکە ئەمریکا دووبارە پێویستی بە تورکیایە، ئەمریکاش ئەم ڕاستیە باش دەزانێت کە بۆ دووبارە ڕاکێشانی ڕای گشتی تورکیا و بەھێزکردنەوەی پەویەندیەکانی لەگەڵ  تورکیا باشترین ھۆکار دژایەتیکردنی پەکەکەیە، وە ئەمریکا بەم میکانیزمە دەیەوێت بڵێت کە ئێمە نەک ھاوکاری کورد ناکەین لە دژی تورکیا، بەڵکو ئێمەش ھاوکاری ئێوەین لەشەڕ دژی پەکەکە.

ئەم بڕیارە زۆرتر لە نیازپاکی دەچێت کە ئەمریکا دەیەوێت نیشانی بدات بەرامبەر بە تورکیا لەبەرامبەر ئەو سازشە گەورەیەی کە تورکیا کردی بەرامبەر ئەمریکا، چونکە تورکیا (ئەندرۆ بڕەنسۆن) ی بەبێ ھیچ مەرجێک ئازاد کرد، تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە سزادرا، کەناڵە دیبلۆماسیەکانی ھەردوو وڵات تەواو لاوازبوون، تورکیا تاک لایەنە کاری بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان کردووە و سازشێکی گەورەی کردووە، بەڵام ئەمریکا ھیچی نەبەخشیوە،بۆیە دوای سزادان و تەنازولێکی گەورەی تورکیا بۆ ئەمریکا بڕیارێکی لەم شێوەیە جێگای سەرسوڕمان نیە، بگرە ئاسایشە، لەکاتێکدا ئەگەر تورکیا پێویستی بە ئەمریکا بێت ئەوا پێویستی ئەمریکاش بە تورکیا لەم پێویستیە کەمتر نیە، ھۆکار گەلێک ھەن لەپشت دەرکردنی ئەم بڕیارەوە بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن:-

— ئەمریکا دەیەوێت تورکیا لە ڕوسەکان دورخاتەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی ئێستا پەیوەندی تورکیا و ڕوسیا لە دۆخێکی زۆرباشدایە، بەڵکو ھەوڵێکی جدی ھەیە لەلایەن ھەردوولا کە پەیوەندیەکانیان بەھێزتربکەن، بەتایبەت کاتێک تورکیا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی (مولود چاوش ئۆغڵۆ) ڕایگەیاند کە پەیوەندیەکانیان لەماوەی  ٢بۆ ٣ ساڵی ڕابردوودا قۆنغی باشی بڕیوە و چۆتە دۆخێکی قوڵەوە، ئەمریکاش بەمە خۆشحاڵ نیە، دەیەوێت بەھەر نرخێک بێت تورکیا لە ڕوسیا دوربخاتەوە، بەتایبەت کە لە ئێستادا ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێکەوتن نامەی چەکی ناوەکی (INF)Intermediate-Range Nuclear Forces Treaty) بکشێتەوە، بەمەش پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیا ئاڵۆزتر دەبن. 

— ئەمریکا دەیەوێت تورکیا قایل بکات بەسزاکانی سەر ئێران، کە لە ئێستادا تورکیا دژی ئەم سزایانەیە و گێڕانەوەی سزاکانی بۆسەر ئێران بە بڕیارێکی تاک لایەنە و مەترسیدار و نا عقڵانی ناوزەند کرد.

— ئەمریکا دەیەوێت کێشەی تورکیا و کورد لەچوارچێوەی کێشەی نێوان قەندیل و تورکیادا بھێڵێتەوە بە تورکیا بڵێت کێشەی ئێمە و ئێوە لەگەڵ قەندیلە، نەک YPG و ھێزە کوردیەکانی تری سوریا، کە ساڵی 2011 وە تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات کە ھێزە کوردیەکانی سوریا وەک PKK بەتیرۆرست بناسێنێت، بەجۆرێک ئەمە یەکێک بووە لە پرسە ھەرە گرنگەکانی نێوان ھەردوولا و لە زۆربەی دانوستاندنەکاندا داوای تورکیا بووە لە ئەمریکا، بەڵام تورکیا نەیتوانیوە ھیچ لە ھەڵوێستەکانێ ئەمریکا بگۆڕێت.
بۆیە بە لە پێشچاوگرتنی ئەم سازشە گەورویەی تورکیا بۆ ئەمریکا و پێویستی ئەمریکا بە تورکیا بڕیارێکی لەم شێوەیە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی لەگەڵ تورکیادا شتێکێـی نامۆ نیە، پێویستە PKK ئەم بابەتە بە شێوەیەکی پڕاگماتیکی وەربگرێت و کاردانەوەی خراپی نەبێت، چونکە ئەم فۆڕمە لە سیاسەتکردنە لە لە زانستی سیاسیدا بە (سیاسەتی ڕەمزی) دەناسرێن کە تەنھا مەبەست لێی دوبارە کردنەوەی پەویەندی دۆستانە و نیازپاکی یە لە نێوان دوو وڵاتدا، ھەڵگری کاریگەری و گۆڕانکاری گەورە نین، بۆیە دەبێت پەکەکە تێگەشتن و بەرچاو ڕونی ھەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و خوێندنەوەی ھەڵەی بۆ نەکات، چونکە ھەر تێکچونێک لە  پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و پەکەکە کاریگەری خراپ لەسەر داھاتوی ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکات و بە قازانچی تورکیا دەکشێتەوە..

عبدالرحمن ڕەزگەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی