واز لەكوشتن بهێنن

11/11/2018

رێبین عومەر

گریمان ئەوانیشتان دەستگیركرد و 12 ملیۆنەكەشتان بەكاش دایە خۆفرۆشێ  ، گریمان ئێف 16 یەكتان هەڵساندوو چەند بۆمبێكی زیرەكتان  نابە قافڵەی رۆشتوو  بەتولە رێگەكانی شۆڕشگێڕی ، یان لەكاتی خەودا ئەشكوتێكتان بەبۆمب و ناپاڵم كوێركردەوە یان بەبۆمبێكی هێشووی ئاگرتان لە جەستەی لوتكەیەكی بڵندی كوردستان بەردا. 

یەك لەدوای یەك پیرە شۆڕشگێڕەكانی كوردستانتان لەناوبردوو ، بەڵام دوای ئەم پرۆسەی گرتن و كوشتنە ئەی چی لە رۆحی شۆڕشگێری میللەتێكی 40 ملیۆنی دەكەن ، هەر ئێوەنەبوون بەپەیكەری ئازادییەوە خۆتان بادەداو باستان لە ئەلف و بێی ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەكرد ، كەچی ئێستا بونەتە مەقاشی دەستی فاشیزم و بانزین بەئاگری كێشەیەكی هەڵگیرساودا دەكەن ، بۆ ناتانەوێ لە ئازادی ئینسان و لە جیاوازی نەژاد و خاك و سنورەكان و رەنگ و روخسار و زمان و كلتور و چاندی میللەتێكی دی بگەن ، بۆ ناتانەوێ لەوە بگەن بۆ كیژۆڵەیەك بۆ پیرە پیاوێكی ئەم ووڵاتە بەسەرما و بەفر بەگەرما سەختی ژیان و چەرمەسەری بەو كەژو كێوانە لە پێناو سەربەستی گەلێكی بن دەست هەڵدەگەڕێت و دەیەوێت بگاتە ئاسۆی ژیانێكی شەرەفمەندانەی دوورلە بندەستی. 

بۆ ناتانەوێ بگەن كە كێشەگەورەكەی رۆژهەڵاتی ناوین كە كێشەی نەتەوەیەكی بن دەستی 40 ملیۆنییە چارەبكەن ، واكەن مەڕو گورگ لەم خاكە رابهێنن كە پێكەوە ئاوخۆنەوە ، بۆ ناتانەوێ داهێنەری ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی بۆ گەلان لەوە حاڵی بن كە خوێن رشتن چارە نییە،  كوشتن ئاگری شەڕی میللەتان تاو دەدات ، بۆ دەتانەوێ جانتا دیبلۆماسیەكانی كاربەدەستەكانتان پڕكەن لە خوێن و مەرگ ، بۆ  ناتوانن بۆ جارێكیشبێ وەك : مرۆڤێكی ساخڵەم دوور لە بەرژەوەندی و هەل پەرستی و خوێن رشتن. 

لاپەڕەكانی پیلانی شەڕو كوشتن ووردو خاشكەن و لە باتی ئەوە گوڵێك بدەن لە ئێخەی دژەكان و هەموویان بۆ ئاشتی لەژێر سەیوانی ئازادی و حەقی گەلان كۆكەنەوە ، دەست لە كوشتنی شۆڕش گێڕەكان هەڵگرن و ئاشتی لەم رۆژهەڵاتە بەرقەراكەن ، ئەوسا شانازیی دەكەن بەوەی كەفیداكاریەكتان بۆ مرۆڤایەتی كردووە .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی