نەجەف لەچاوەڕوانی ئیمام-دا

11/11/2018

ئاسۆ حاجی

ئاسۆ حاجی
شیعە، بیردانكی مەزڵوومییەت (1)
شیعە زیاتر لە هەزار ساڵە بیردانكی )زاكیرەی(هاوبەشیان ئەو ئازارانەیە كە رۆژەكانی ساڵیان بە سەر دابەش كردوون، هەروەها دژایەتیكردنی ئەو كەس و تائیفەی "ئیمام حوسێن"یان شەهید كردووە و هۆكاری دواكەوتنی هاتنی ئیمام زەمان (مەهدی چاوەڕوانكراو)ن.

شیعە كە فەلسەفەی بوونی خۆیان لە بەرگریكردن لە مەزڵوومییەت پێناسە دەكەن و بە بەرگریكردن لە ئیمام عەلی خەلیفەی چوارەمی موسلمانان دەست پێدەكەن، بە بۆچوونی ئەوان عەلی یەكەمین زوڵملێكراوی مێژووی ئیسلامە كە دەبوایە دوای پێغەمەبەر ئەو جێگرەوەی بوایە، كە بە ئایەتی قورئانی پاڵپشتی لەو باوەڕەیان دەكەن.. ئایەتی ژمارە 7 لە سوڕەتی (بونیە):" إِنَّ اڵّژِینَ ێ‌َمَنُوا ۆعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أُوڵئِكَ هُمْ خَیْرُ الْبَڕێّەِ". لە تەفسیری تەبەری بۆ ئەو ئایەتە عەلی و شوێنكەوتووانی بە (خَیْرُ الْبَڕێّەِ ) واتە باشترین و شایستەترین دادەنێن بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئیسلام، هەروەها بە چەند حەدیسێكی پێغەمبەریش پاڵپشتی لەو باوەڕەی خۆیان دەكەن، كە دیارترینی ئەو حەدیسانە بە (حدیپ المنزلە) ناسراوە و دەڵێ: لە شەڕی تەبوك سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: پێغەمبەر بە عەلی گوت: "أما ترچی ان تكون منی بمنزلە هارون من موسی غیر انه لا نبی بعدی"، (ئایا ڕازی نابی كە بۆ من هەمان پایەی هاڕونت هەبێ لای موسا، بەڵام لە دوای من هیچ پێغەمبەرێك نایێ).

شیعە كە ئیمام عەلی بە ئیمامی یەكەمی خۆیان دادەنێن و یازدە ئیمامی دیكەی بەدوادا دێن كە دوازدەهەمینیان مەهدی چاوەڕانكراو، یان "ئیمام زەمان"-ە، بە گوێڕایەڵی و ملكەچبوون بۆ فەرمانی ئەو دوازدە ئیمامە پابەندن كە عەلی كوڕی ئەبی تاڵب و فاتیمەی كچی پێغەمبەر بە ڕوكنێكی ئایینی ئیسلامی دادەنێن..

لە سەر زاری جابر-ی كوڕە سەمڕە دەیگێڕنەوە كە لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمیش-دا هاتووە، دەڵێ: "سمعت النبی یقول یكون اپنا عشر أمیرا فقال كلمە لم أسمعها فقال أبی إنه قال كلهم من قریش" (گوێم لە پێغەمبەر بوو دەیگوت دوازدە ئیمام دێن، وشەیەكم گوێ لێ نەبوو، باوكم گوتی: پێغەمبەر گوتی هەموویان لە قوڕەیش دەبن).

كوژرانی ئیمام حوسێن وەچەرخانێكی گەورەیە لە فكر و مێژووی شیعە كە حوسێن بە ڕەمزی مەزڵوومییەت دادەنێن و شۆڕشی دژی دەسەڵات بە واجب دەناسێنن و تۆڵەكردنەوەی خوینێ بە ناهەق ڕژاوی ئیمام حوسێن دەبێتە دروشمی ئەو قۆناغەی شیعە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەش خاڵی هەرە بەهێزە لە زاكیرەی هاوبەشی شیعە و بەیەك بەستنەوەی هەموویان لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

لە مەزڵوومییەتەوە بۆ تۆڵە (2)
ئەو دوو چەمكە بەهێزترین هۆكاری بە یەكگرتوویی مانەوەی شیعە بووە بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، لەو مێژووەدا "مەزڵوومییەت" ڕووبەری هەرە گەورەی وەبەردەكەوێ، ئەگەرچی لە چەندین قۆناغی جیا لە وڵاتی مەراكش (مەغریب)-ەوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست تا دەگاتە هیند، بەڵام تەنیا دووجار و بۆ ماوەیەكی كورت دەسەڵاتیان بەسەر عێراق و هەردوو شاری پیرۆزی نەجەف و كەربەلادا شكاوە، زۆرترین و درێژترین دەسەڵاتیان لە وڵاتی ئێرانەوە بووە كە تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها لە وڵاتی میسر لە دەوڵەتی فاتیمی كە مەزهەبی شیعە سەرچاوەی هێز و بناغەی دامەزراندنی بووە.

لە دوای ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق و بەهێزبوونی شیعە تێیدا بەهۆی ئەوەی كە زۆرینەن لە عێراق، هەروەها ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە پشتگیرییان دەكات، هەردووكیان وەك یەك گرووپ و یەك هێز ئامادەكاری دەكەن بۆ سازكردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی "مۆنتەزێر – چاوەڕوانكراو" كە ئێستا بە ڕای شیعە و ئیمامەكانیان چوار مەرج پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خەریكە وەدیدێن و سێ لەو مەرجانە وەدیهاتوون و كار بۆ چوارەم دەكرێ، مەرجەكانیش ئەوانەن كە سەید محەمەد باقڕ ئەلسەدر لە كتێبی (موسوعە امام مهدی – ئینسكلۆپیدیای ئیمام مەهدی) باسی كردوون، ئەگەرچی هەندێك زانای دیكەی شیعە تا بیست نیشانە و مەرجی دەبەن، بەڵام هەموویان لەو چوار خاڵە كۆدەكرێنەوە:
- بوونی باوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەكی یەكگرتوو كە لە كەموو كات و شوێنێكدا توانای جێبەجێكردنی هەبێت،كە ئەوەیان وەدیهاتووە لە بوونی ئیسلام و پەیامی محەمەدی.
- بوونی سەركردەیەكی لێزان و بەتوانا كە سەركردایەتیی ئەو گۆڕانكارییە گەورەیە بكات، ئەویش وەدیهاتووە بە بوونی ئیمام مەهدی مۆنتەزێر.
- بوونی ژمارەی پێویست لە لایەنگران و شوێنكەوتووانی ئیمام كە ئەوەیان لە بوونی ملیۆنان شیعە و ئیستاش بوونی سوپایەكی گەورەی شیعەدا دەركەوتووە كە لە یەمەنەوە تا لوبنانی لە ژێردەستدایە.
- ئامادەیی جیهان بۆ ئەو گۆڕانكارییە مەزنە، ئەوەش بە ئامادەكردنی گەلانی دونیا دەكرێ كە فكرەی ئەو گۆڕانە قبووڵ بكەن و ببنە بەشێك لە سوپای ئیمام، ئەو خاڵەیان ئێستا كاری بۆ دەكرێ، كە بە گوێرەی عەلامەتی شێخ عەلی كورانی لە كتێبی (عصر الڤهور – سەردەم و كاتی وەدیاركەوتن) هەندێك نیشانە دەژمێرێ كە موژدەی نزیكبوونەوەی گەڕانەوەی ئیمام مەهدی دەدەن، دیارترینی ئەو نیشانانەش دەتوانین بەو شێوەیە كورتی بكەینەوە:
• كۆبوونەوەی هەموو جووولەكەی دونیا لە سەر خاكی فەلەستین، ئیسڕائیل مزگەفتی ئەقسا بە تەواوی داگیردەكات، لەلایەن هێزەكانی مقاوەمە زەبری كوشندە لە ئیسڕائیل دەدرێ.
• وەدیاركەوتنی پیاوێك لە (شاری قوم) كە داوا لە خەڵك دەكا، پاڵپشتی عەدالەت بكەن، ئەو كەسانێك كە دەچنە پاڵی كەسانێكی بەباوەڕن كە هیچ گێژەلووك و زریانێك باوەڕیان ناهەژێنێ و لە شەڕكردن خۆیان لانادەن و نابوێرن، (مەبەست لێی ئیمام خومەینی بووە، دواتریش ئەوانەی جێی دەگرنەوە كە بە وەلیی ئەلفەقیه دەناسرێن كە وەكیلی ئیمام مەهدین تا كاتی گەڕانەوەی).
• سوپای ئیمام مەهدی لە رۆژهەڵات واتا لە ئێران بەدیار دەكەوێت و بە ئاراستەی قودس دەڕوا.

هەروەها شێخ عەلی ئەلكوران (یەكێك لە زانا بەناوبانگەكانی شیعە كە هێشتا لە ژیاندا ماوە و رۆژ بە رۆژ ناوبانگی زیاتر دەبێ)هەندێك مەرج دیاری دەكات كە دەبێ كاریان لە سەر بكرێ بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن و ئیمام وەدیاربكەوێت، گرینگترینی ئەو مەرجانە بریتین لە:
- ئامادەكاری بۆ دروستكردنی سوپایەكی بەهێز و میدیایەكی زەبەلاح.
- زوریەتی بەنی هاشم (ال البیت) دەبێ ڕۆڵی گرینگ و بڕیاردان بگەڕێتەوە دەستیان كە بە (عەمامە ڕەش) ناسراون.
- گواستنەوەی زانست لە نەجەفەوە بۆ قوم، كە یەكێكە لەو نیشانانەی بە گوتەی ئیمامەكان پاڵپشتی دەكرێ.
- ئازادكردنی مەككە و گێڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی نەوەكانی ئیمام عەلی، چونكە ئیمام مەهدی دوای وەدیاركەوتنەوەی لە سامەڕا لە مەككە خۆی وەك سەركردەی سوپای موسلمانان ڕاددەگەیەنێ.
قۆناغی تۆڵەكردنەوەی خوێنی حوسێن، قۆناغی ئامادەكارییەكانە كە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج بە زانایی و بەپێی ئەو مەرج و ئاماژانەی زانایانی شیعە دایانناوە لە پێناو باڵادەستبوونی شیعە و كۆنتڕۆڵكردنی هەموو ناوچەكە كاری بۆ دەكرێ.
هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكم لە عێراق لە سیستەمی سازان (تەوافقی) بۆ سیستەمی زۆرینەی سیاسی كە ڕێك واتای زۆرینەی شیعە دەدا، هەنگاوێكی تەواوكارییە بە ئاراستەی تەواوبوونی هەرێمی پیرۆزی شیعە كە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج كاری بۆ دەكرێ، كە هەرسێ شاری (نەجەف، كەربەلا و بابل) دەگرێتەوە، كە بۆتە ناوەندی هێزی ماددی و مەعنەوی  بۆ شیعە، هەروەها ناوەندێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو مەرجانەی كە گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خێراتر دەكات.

هەرێمی پیرۆز(3)

پڕۆژەی "هەرێمی پیرۆز" پڕۆژەیەكی مێژووییە كە تێكەڵ بە عەقیدە و باوەڕی ئایینی كراوە، تا لەو ڕێگەیەوە زەمینەسازی بۆ بكرێ، ئەو پڕۆژەیە كە ناوەندەكەی شاری نەجەفە و شارەكانی كەربەلا و حیللە (بابل) وەك جمك لەگەڵی دەبن، پلانێكی سیاسی ستراتیژییە، بەڵام لە ژێر ناوی ئایین، ئەو سێ شارە كە زۆرترین مەزاری پیرۆزی شیعەیان تێدایە، كە گرینگترینیان مەزارەكانی ئیمام عەلی و هەردوو كوڕەكانیەتی (حەسەن و حوسێن)، هەروەها جوگرافیای ئەو سێ شارە سەرزەمینی هەموو ڕووداو و یادەوەرییەكانی شیعەیە كە هۆكاری دروستبوونی زاكیرەی هاوبەش و گرێدانی ڕۆحیانە.
ئەو "هەرێمی پیرۆز"ە كە مەرجەعییەت بەڕێوەی دەبا، هەموو ڕەهەند و ئادگارەكانی دروستبوونی تەواو وەدیار كەوتوون و ڕۆژ بە رۆژیش هەبوونەكەی خوتر و كاریگەرتر دەبێت.. هەرێمی پیرۆز كە سەرچاوەی هێزی لە پیرۆزیی شوێنەكەی و مەزارەكانی وەردەگرێ، بەو هێزەشەوە توانیویەتی لە ڕووی دارایی و سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە خۆی دروست بكات.
بە درێژایی ساڵ شیعە زیاتر لە سی بۆنەیان (خۆش و ناخۆش)هەیە كە یادكردنەوەیان فەڕزە و هەمووشیان بە سەردانیكردنی نەجەف و كەربەلا و حیللە گرێدراون. هەروەها هەندێك شوێنی دیكەی پیرۆزیان هەیە كە لە هەموویان گرینگتر سامەڕایە كە شارێكی تێكەڵەی سوننە و شیعەیە و بە درێژایی میژوو سوننە تێیدا دەسەڵاتدار بوون تا كەوتنی سەدام، ئەو شارە كە هەردوو مەزاری پیرۆزی ئیمام عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسكەری لێیە، شوێنی لە دایكبوونی ئیمام مەهدی و شوێنی گەڕانەوەشیەتی (سەردابی غەیب) كە دەكەوێتە بەشی ڕۆژئاوای مەزاری هەردوو ئیمامەكە، بە باوەڕی شیعە دوایین شوێن بووە كە ئیمامی دوازدەهەم محمەدی كوڕی حەسەنی ئەلمەهدی كە بە ئیمام مەهدی مۆنتەزێر ناسراوە، دوایین جار پێش بزربوونی(غەیببوونی) لەوێ بیندراوە و هەر لەوێش وەدیار دەكەوێتەوە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی حەوزەی عیلمییەی نەجەف، یان لێژنەی ناوەندی بۆنەكان كە ئێران و عێراق بە هاوبەشی پێكیان هێناوە بۆ سەرپەرشتیی بۆنەكان بڵاویان كردۆتەوە، تەنیا لە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن لە ساڵی 2017 نزیكەی (30,000,000)سی ملیۆن كەس سەردانی نەجەف و كەربەلایان كردووە، هەروەها لە ماوەیەكی كەم دوای كۆتاییهاتنی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین (تكریت) كە سامەڕا یەكێكە لە قەزاكانی، لە یادی لەدایكبوونی ئیمامی عەلی ئەلهادی زیاتر لە یەك ملیۆن شیعە سەردانی كردوون، هەروەها پڕۆژەیەكی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕاگەیەندراوە بۆ وەبەرهێنان لە سامەڕا بۆ هاندانی خەڵك تا لە بۆنەكان سەردانی مەزارە پیرۆزەكانی بكەن.
ئەو ژمارە گەورەیەی خەڵك كە ڕوو لە شارە پیرۆزەكانی شیعە دەكەن بەڕێگای یازدە دەروازەی سنووری نێوان عێراق و ئێڕان هەروەها عێراق و كوێت و عێراق و سعودیە وێڕای فڕۆكەخانەی نەجەف كە زۆبەیان لە ژێر كۆنتڕۆڵی مەرجەعییەتدان، چونكە شێوازی هاتن و دیاریكردنی دەروازەكان بە هاوبەشی لە نێوان نەجەف و قوم دیاری دەكرێن، وەك لە ڕاگەیەندراوی لێژنەی ناوەندی یادەكاندا هاتووە.
جگە لەو پارەیەی ئەو میوانانە وەك ڕسومات دەیدەنە دەروازە سنوورییەكان و كرێی گواستنەوەو مانەوە و خورادن ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە سەر مەزارەكان بەجێدێڵن وەك ئەركێكی ئایینی مەرجەعییەت مافی تەسڕوف تێدا كردنی هەیە لەلایەن سێ لێژنەی تایبەتمەند كە ناویان لێژنەی (العتبات الحسینیە – مەزاری حوسێن) و (العتبات العباسیە – مەزاری عەباس) و (العتبات العلویە)كە داهاتەكانیان ئاشكرا ناكەن، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەكان زۆربەی ئەو كەسانەی كە پارە، یان هەر شتێكی دیكەی گرانبەها دەبەخشن، خەڵكی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، یان ئێرانن.. بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی نیقاش تەنیا ژنێكی بەحرێنی یەك كیلۆ زێڕی بەخشیوە، جگە لەو داهاتانە بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت ساڵانە وەزارەتی دارایی عێراقی بودجەیەكی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكا، كە زیاتر بۆ نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی مەزارەكان بەكار دێت.

ئەو داهاتە چی بەسەر دێ ؟(4)

لە رۆژی 9/2/2018 مەرجەعی دیاری شیعە ئەحمەد ئەلحوسەین ئەلسورخی (أحمد الحسنی الصرخی) داوای پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەتی كرد لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو داهاتە زۆرە بكا كە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێ و بەشی ئەوە دەكات هەموو ڕێگاكانی عێراقی پێ زێڕڕێژ بكرێن، بەڵام بۆ عەمامە بەسەرەكان دەڕوا و لە ژێر ناوی جیاجیا دابەش دەكرێ.
ئەو داهاتە زۆرە لە ساڵی 2007 بەشە زۆرەكەی بۆ دروستكردنی چەند هێزێكی چەكدار سەرف كرا، كە ئامانج لە دروستكردنیان، پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە  بوو. ئەو هێزانە ئێستاش بەهێزترین و گەورەترین هێزەكانی ناو حەشدی شەعبین وەك (جیش المهدی) و كە دوای فتواكەی سیستانی لە 2014 بۆ (سرایا السلام)،  ڕێكخراوی بەدر (منڤمە بدر -الجناح العسكری)كە لە ساڵی 2012 لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیا بووەوە كە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم لە ئێران دروست كراوە، (كتائب حزب الله العراق) گرووپێكی ڕاهێندراون و سەركردەكانیان شاراوەن و تەنیا لە ئێران فەرمان وەردەگرن، (عصائب أهل الحق) كە لە هەناوی جەیشی مەهدی هاتۆتەوە دەرەوە، دوای فتواكەی سیستانی ژمارەی پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی گەیشتۆتە حەفتا و نۆ (79) هێز كە ژمارەی تێكڕای چەكدارانیان لە سەرووی سەت و بیست هەزار (120000) چەكدارە.
لە ساڵی 2011 ژمارەیەك هێزی تایبەت دروست بوون بۆ چوونە پاڵ سوپای سووریا بۆ پاراستنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، دیارترینی ئەو هێزانە (سرایا خوراسانی)یە كە ژمارەیان لە سەرووی چوار هەزار چەكدارە، هەروەها (لوا‌و أبو الفچل العباس) كە یەكەمین هێز بوو لە ساڵی 2006 دروست بوو و شەڕی لە دژی ئەمریكییەكان ڕاگەیاند، جگە لە چەكدارانی عێراقی ژمارەیەكی زۆری چەكداری لوبنانیشی تێدایە، كە پێشتر چەكداری حزب اللە بوون، ئەو هێزانە ڕەوانەی سووریا كران بە ناوی پاراستنی مەزارە پیرۆزەكان كە دیارترینیان مەزاری (سەیدە زەینەب)ی كچی ئیمام عەلی و (سەیدە ڕوقەیا) كچی ئیمام حوسێنە.
لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی كە ئێستا ژمارەیان حەفتا و نۆ (79) هێزە، هێزێكی تایبەت هەیە كە ڕاستەوخۆ گرێدرای مەرجەعییەتە و ناوی (سرایا العتبات)ە كە لە سێ بەش پێك دێت:
یەكەم/(سرایا العتبە الحسینیە) كە وەكیلی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق عەلی سیستانی و گوتەبێژی مەرجەعییەت و گوتارخوێنی كەربەلای نوێژی هەینی و هەروەها بەرپرسی (مەزاری حوسێن – العتبە الحسینیە) ناوی عەبدولمەهدی كەربەلائیە و سێ هێزی تایبەتی خۆی هەیە، كە ناویان (لوا‌و علی الاكبر) و (سرایا المختار الپقفی) و(سرایا لوا‌و السجاد)ە و ژمارەی هەر یەك لەو هێزانە لە نێوان هەزار و پێنج سەت تا دوو هەزار چەكدار دەبێت.
دووەم/ هێزەكانی (سرایا العتبە العباسیە) كە وەكیلی سیستانی لە نەجەفن و بەرپرسی (مەزاری عەباس – العتبە العباسیە) ناوی (أحمد الصافی)یە،ژمارەی چەكدارانی لە سەرەوەی چوار هەزار چەكدار دەبێت و ئەو هێزە بە (فرقە العباس) بەناوبانگە.
سێیەم/ هێزەكانی (سرایا العتبە العلویە) كە هەزار چەكداریان لە ژێر ئەو ناوە هەیە و (شیخ كریم) سەرپەرشتییان دەكات، هەروەها (فرقە الإمام علی) كە (زهیر الشربە - جێگری سەرپەرشتیاری مەزاری ئیمام عەلی – العتبە العلویە) سەرپەرشتییان دەكات و ژمارەیان لە دوو هەزار چەكدار زیاترە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا مەزاری عەباسی (العتبە العباسیە) بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرا كرد لە ساڵی  2016بە هێزەكانی حەشدی شەعبی دراوە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی وەك دیاری دراوەتە كەسوكاری كوژراوانی حەشدی شەعبی و بریندارەكانیان، بڕی یەك ملیار و چوارسەت و دە ملیۆن و حەفت سەت و چل و چوار هەزار (1410744000) دیناری عێراقی دراوەتە هێزەكانیان وەك هاوكاریی لۆجستی و كڕینی خۆراك، بڕی (313,000,000  ) سێ سەت و سێزدە ملیۆن دیناری عێراقییان وەك هاوكاری داوەتە كەسوكاری 415 چەكداری كوژراویان، بڕی (51,000,000)پەنجاویەك ملیۆن دیناری عێراقییان وەك یارمەتی داوەتە بریندارەكانیان.
لە مانگی ئۆكتۆبەری 2017 ئەمیندارێتی گشتی (مەزاری حوسێن – العتبە الحسینیە) پڕۆژەی دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ كەسوكاری كوژراوانی هێزەكانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند، كە شەش مانگ پێشتر بۆ كۆكردنەوەی تێچووی ئەو پڕۆژەیە هەڵمەتێكی بەردەوامی بە ناوی سندوقی هاوكاری كەسوكاری شەهیدان ڕاگەیاند، كە هەر خێزانێكی شیعە ناچار دەكا، مانگانە دە هەزار دینار ببەخشنە ئەو سندوقە.
لە ساڵی 2007 ئەحمەد حوسەینی ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای كەربەلا و بەرپرسی لێژنەی ئەوقاف و گەشتیاری ئایینی ڕایگەیاند كە پارەی مەزارەكانی نەجەف و كەربەلا لە كڕینی چەك بۆ میلیشیا چەكدارەكان دەڕوا، بەڵام دواتر لە ژێر هەڕەشەی مەرجەعییەت و گەورە بەرپرسانی هەردوو عەتەبەی حوسێن و عەباس پاشگەزبووەوە لە قسەكانی، بەڵام دوو ساڵ دواتر 2009 ئەندامێكی لێژەی گەشتیاریی ئایینی لە هەمان پارێزگا بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوی بە ماڵپەڕی نیقاشی ڕاگەیاندووە كە لێژنەكەیان نە دەسەڵاتی هەیە و نە ئاگاداری هیچ شتێكە دەربارەی داهاتەكان، بەڵكو ئەوە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە.
لە 21/12/2017 تۆڕی میدیایی ڕووداو راستەوخۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە فڕۆكەخانەی نەجەفی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ڕاگەیەندرا فڕۆكەخانەكە نادرێتەوە دەست حكومەت و ناچێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەستەی فڕۆكەوانی عێراقی بۆ ئەوەی بتواندرێ سوود لە داهاتەكانی وەربگیرێ، پێشترێش ئەنجومەنی پاریزگای نەجەف ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیرانی ڕەت كردەوە بە دانانی بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لە فڕۆكەخانە، بەڵكو هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا مایەوە، كە ڕاستەوخۆ بە نووسینگەی مەرجەعییەتەوە گرێدراون.
جگە لە بەخشینی راستەوخۆی پارە و خشڵ لەلایەن خەڵكەوە، مەزارە پیرۆزەكانی شیعە خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی و باخی خورما و موڵكی دیكەن، هەروەها لە دوای ساڵی 2003 دەستیان بە وەبەرهێنان كردووە لە بواری گەشتوگوزاری ئایینی لە ڕێگای دروستكردنی دەیان كۆمپانیای هاتوچۆی ئاسمانی و وشكانی، هەروەها دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری هۆتێل و ڕێستۆرانت.
كەرتی گەشتوگوزاری ئایینی كە داهاتەكەی لە داهاتی نەوتی عێراق زۆرترە، لە لایەن كۆمپانیایەكی هاوبەشی ئێرانی و عێراقی بە ناوی (شمس) كە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە كۆنتڕۆڵ كراوە، كەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی یەكەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ئەو كۆمپانیایە لە ڕێگای ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای لۆكاڵی عێراقی و ئێرانی كارەكانی مەیسەر دەكا، بەكار‌هێنانی ئەو كۆمپانیا لۆكاڵییانەش بۆ رازیكردنی ژمارەیەك بەرپرسی شیعەیە كە دەسەڵاتیان هەیە، هەروەها بۆ داپۆشینی كارەكانیشیانە بۆ ئەوەی خەڵك نەزانێ كەرتی گەشتیاری ئایینی لەلایەن ئێرانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكان مانەوەی هەر كەسێك لە هوتێل لە نێوان 20 تا  30 دۆلاری دەوێ، كە هەر زیارەتكارێكی شیعە لە زیارەتەكەیدا كەربەلا و نەجەف و حیللە و بەغدا و سامەڕا بەسەردەكاتەوە، كە مەزارە پیرۆزەكانیان لەو شارانەن، ئەگەر ئەو گەشتە تەنیا یەك حەفتەی بوێ بۆ كەسێك چەندی تێدەچێ؟ 
شارە پیرۆزەكانی شیعە ساڵ دوازدە مانگ پێشوازی لە میوانانیان دەكەن و ئەگەر ژمارەی بۆنە ئایینییەكانیش بە سەر ژمارەی مانگەكان دابەش بكەن، ئەوە هەر مانگەی سێ بۆنەی بەر دەكەوێ، كە قەت نایەڵێ دەورەی مەزارەكان بێ مێوان بێ، هەرگیز ڕێگەش نادا تاكی شیعە لە هەست و بۆنە ئایینییەكانیان داببڕێن.. دابەشكردنی بۆنە ئایینیەكان بەسەر مانگەكانی ساڵ بەرهەمی فكر و زیرەكیی دامەزراوەیەكی ئایینی سیاسیە كە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاترە و پێی دەگوترێ "حەوزەی عیلمییە" كە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە. 

جوگرافیای هەرێمی پیرۆز(5)

هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێمی پیرۆز بە قەدەر هێزە عەقائیدییەكەی گرینگە، چونكە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەو ناوچەیەی كە شیعە چاوی تێ بڕیوەو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێ.
هیلالی شیعی وەك دەستەواژە كە یەكەمین جار لەلایەن پاشای ئوردن (عەبدوڵای كوڕی حوسێن) لە ساڵی 2004 بەكارهات، نەخشەی چاوتێبڕینی ئێران لە ناوچەكە دیاری دەكات كە لە یەمەنەوە دەست پێدەكات و بە سعودیا هەڵدەكشێ و لە عێراقەوە دەگاتەوە سووریا و پاشان لوبنان.
ئەو نەخشە و پلانە ستراتیژییە لەلایەن شیعەوە تەمەنی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و تەواوكەری هەمان ئەو خواستەیە كە ئیمپڕاتۆریەتی پێڕژیا (ئێران)ی بەر لە زایین هەیبووە و كاری بۆ كردووە، واتا قۆناغی هیلالی شیعی تەنیا سەرەتایێكە بۆ فراوانبوون و كشانی دەسەڵات و هێزی شیعە لە ناوچەكەدا وەك دانانی ستوونەكانی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتێكی نوێ، بەڵام ئەو جارەیان بە هێزێكی مەزهەبی.
لەدوای ساڵی 2003 شیعە دەستیان كردووە بە بەهێزكردنی ئەو هەرێمی پیرۆزە لە ڕێگای كشانی شیعە لە شارو ئاوەدانییە نزیكەكانەوە لێی بەتایبەتی ئەو شارانەی دانیشتووانیان تێكەڵ بووە لە نێوان سوننە و شیعە و هەروەها پێكهاتەی دیكەی ئایینیدا.
بە چەند رۆژێك دوای ڕووخانی سەدام یەكەمین ڕووداوی توندوتیژی تائیفی لە بەسڕە ئەنجام درا، كاتێك ئەو خێزانەیان كۆمەڵكوژكرد و تەرمەكانیان بە تیزاب سووتێندران كە مەزهەبی خۆیان بۆ مەزهەبی سوننە گۆڕیبوو، لەو رۆژە بەدواوە كوشتن و بزركردن و دەركردن بووە چیڕۆكی نەبڕاوەی سوننەكان.
لە ساڵی 2009 لە كاتی خولی دووەمی مالیكی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگای كاراكردنەوەی ماددەی (4) لە قانونی عێراقی كە بە ماددەی (4ی تیرۆر) ناسراوە، كردیە شمشێرێك و لە سەر ملی هەر كەسێكی دادەنا كە دژی سیاسەتەكانی مالیكی بوایە، لەو ڕێگەیەشەوە بزاڤی سیاسیی سوننەی لە ناوچە سوننەنشینەكاندا لاواز كرد لە ڕێگای دەرپەڕاندنی سەركردە سیاسیە كاریگەرەكانیان بە تۆمەتی تیرۆر.
شاری بەسرە كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم زۆرینەی دانیشتووانی بە گوێرەی داتاكان سوننە بوون، بەر لە ساڵی 2003 ڕێژەی سوننە (35%)بوو، بەڵام تەنیا دوای سێ ساڵ لە ڕووخانی سەدام ڕێژەی سوننە لەو شارەدا بۆ (10%) دادەبەزێ و لە ساڵی 2017 ڕێژەیان بۆ خوار(3%) دابەزیوە.
بەسرە كە گەورەترین دەرگای عێراقە بەسەر دەریا و لەوێوە نەوتی عێراق دەفرۆشێ، بۆ شیعە گرینگ بوو كە لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە.
بابل (حیللە) دەڤەری دووەم بوو كە شیعە تێیدا دەستی بە پاكتاوی ڕەگەزی كرد، بابل سێ یەكی دانیشتووانەكەی سوننە بوون، ئێستا تاكوتەرا سوننەیەكی تێدا ماوە.
بەر لە شارەكانی باشووری عێراق پڕۆسەكە لە كەمەرەی شاری بەغدا و ناو شارەكە دەستی پێكرد، كە بە خوێناویترین لاپەڕەكانی پاكتاوی ئایینی و ڕەگەزی دادەندرێ لە مێژووی عێراقی دوای سەدام. لە ناو شاری بەغدا و لە هەموو گەڕەكە تێكەڵەكان سوننەیان نەهێشت، لە گەڕەكی حوڕیە لە بەری كەرخ كە ناوچەیەكی تێكەڵی نزیكەی نیو بە نیو بوو لە ساڵی 2006 بەدواوە بە تەواوی لە سوننە چۆڵ كرا، تەنیا چەند خێزانێكی سوننە نەبێت كە پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان لەگەڵ شیعە هەیە، لەوێ ڕێگەیان بە مانەوەیان دراوە.
ناوچەی بەغداد ئەلجەدیدە لە ڕەسافە كە دانیشتووانەكەی نیوە بە نیوە بوو(نیوەی سوننە و نیوەی شیعە)، زۆرینەی سوننەكان ناچاركراون ئەو ناوچەیە جێبێڵن، دوای ئەوەی زۆرینەی مزگەفتەكانیان لەلایەن هێزە شیعیەكانەوە سووتێندران، ناوچەی ئەلشەعب لە بەری ڕەسافە هەمان چارەنووسیان هەبوو كە (%65)ی ڕیژەی دانیشتووانەكانی سوننە بوون، ئێستا كەمینەیەكی سوننەی تێدا ماوە، چونكە ئەو ناوچەیە دەكەوێتە نزیك شاری سەدر(مدینە الصدر)، هێرشكردن بۆ سەریان و كوشتن و بڕینیان زووتر دەستی پێكردەوە، چونكە ئاسانتر بوو.
لە قەزای مەحمودیە ڕێژەی سوننە (%85) بوو تا ساڵی 2006 ڕووبەڕووی یەكێك لە توندترین شاڵاوەكانی كوشتن و پاكتاوی ڕەگەزی بوویەوە لە ساڵی 2008 یەكێك لە گەورەترین گۆڕی بە كۆمەڵی تێدا دۆزرایەوە كە زیاتر لە (4000) چوار هەزار تەرمی تێدا بوو، ئیستا ڕێژەی سوننە لەو قەزایە كەمترە لە (%20).
ڕووداوە بەناوبانگەكەی سامڕا لە ساڵی 2006 كە تیرۆرستانی ئەلقاعیدە هەردوو مەزاری پیرۆزی شیعە (عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسكەری)یان تەقاندەوە، هێزە چەكدارە شیعیەكان ئەوەیان بە دەرفەت زانی و بە خەستترین شێوە پرۆسەی پاكتاوی مەزهەبییان گەیاندە قۆناغە هەرە ترسناك و كاریگەرەكەی لە سەر شوێنكەوتووانی سوننە، لە ناوچەی ئەبو ئەلدشیر(ابو الدشیر) كە سێ لە سەر چواری دانیشتووانەكانی سوننە بوون، ئیستا ڕێژەی سوننە لەو ناوچەیە كەمترە لە (%10)، كەمەرەی بەغدا وێڕای هەموو ئەو هێرشانە، بەڵام هێشتا سوننە زۆرینەی دانیشتووانەكانی پێكدەهێنن، بە پێچەوانەی ناو شاری بەغدا كە سوننە بوونەتە كەمینە و بەرەو كەمتریش دەچن.
لە پارێزگای دیالا كە ناوەندەكەی قەزای باقوبەیە، بەر لە ڕووخانی بەعس سوننە ڕێژەی (%70)پێك دەهێنا، بەڵام ئێستا بۆ كەمتر لە نیوەی ئەو ڕێژەیە دابەزیوە، لە دوای 2003 تا 2017 زیاتر لە (79,000)حەفتا ونۆ هەزار كەسی لێ كوژراوە و زیاتر لە چل و نۆ هەزار(49000)یشیان لێ زیندانی كراون، (198) سەت و نۆهەت و هەشت گەڕەك و گوند و ناوچە بە تەواوی وێران كراون، هەروەها (290) دووسەت و نۆهەت مزگەفت سووتێندراون، یان تێكدراون.. بە گوێرەی لێدوانی ڕۆژنامەنووس (مەیمونە باسل) هەروەها (حوسێن زوبەیدی) ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای دیالا كە لە ڕاپۆرتێكی دەزگای (یەقین)ی میدیایی لە مانگی نیسانی 2017 بڵاوبۆتەوە، ئەو ئامارانەیان ئاشكرا كردووە.


قوم یان نەجەف؟(6)

لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران مەرجەعییەتی شیعە دەستی بە بە‌هێزكردنی ناوەندی ئایینی لە قوم كردەوە، قوم جگە لە ناوەندێكی پەروەردە و فێركاری زانایانی ئایینی بووەتە ناوەندێكی بڕیاردانی سیاسی، لەوانەش گرینگتر بووەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی سەركردەكانی وڵات، كە هەموو جومگە گرینگە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكان لە دەستی ئەواندا بن و جێبەجێكاری دڵسۆزی فەرمانەكانی مەرجەعییەتی باڵا بن، كە خۆی لە وەلیولفەقیه (ولی الفقیه)یان (ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران) دەبینێتەوە، وەك بەشێك لە ئەركە ئایینییەكان.
دامەزاراندنی سوپای پاسداران وەك هێزێكی تەریب لەگەڵ سوپای نیزامیی ئێران ئەو دەرگایە بوو كە شۆڕشی تێدا هەناردەی دەرەوە كرا، كە باڵاترین ئامانجی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە بە ڕابەرایەتی ئیمام خومەینی، بۆ ئەو مەبەستەش سوپای قودسی پاسداران دروست كرا، كە بووە ناوەندی كۆكردنەوەی هێزە چەكدارە شیعیەكانی ناوچەكە و دامەزاراندنی هێزی دیكەی نوێ.
بەهێزترین و دیارترین ئەو هێزانەی بە سوپای قودس گرێدرابوون، "حزب اللە"ی لوبنان بوو، تا وەدیاركەوتنی حوسییەكان لە یەمەن و دامەزراندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كە ئیستا هەموویان درێژكراوەی سوپای پاسدارانن لە ناوچەكدا و بەهێزترین هێزی سەر زەمینن كە گەورەترین ڕووبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەیەكەوە گڕێداوەتەوە، بەبێ گوێدانە سنوورە نێودەوڵەتییەكان.
هەبوونی ئەو هێزانە كە چاوەڕوان دەكرێ قەبارە و ژمارەیان زۆرترببێ، پێویستیەكی عەقائیدی و ئایینییە لەلایەن شیعەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارە ئامادە بكرێ تا كە ئیمام مەهدی گەڕایەوە سوپاكەی ئامادە بێ.
زۆر كەس وای بۆدەچن كە ململانێیەكی مێژوویی لە نێوان 
(قوم و نەجەف)دا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دووانە درێژكراوەی هەمان ئامانج و لە یەك بەرەدان، تەنیا ئەوەی جیاوازە ململانێ لە نیوان ژمارەیێك پیاوانی نەجەف هەیە لەگەڵ قوم و لەگەڵ زۆرینەی پیاوانی ئایینی شیعە تەنانەت لە نەجەفیش، ئەوەش پەیوەندی بە باوەڕی ئایینی و مەزهەبییەوە نییە، بەڵكو جیاوازییەكە لە مەسەلەی نەتەوەییە كە بەشێك لە مەرجەعەكانی نەجەف باوەڕیان وایە كە پێویستە سەربەخۆیی خۆیان هەبێت وەك عەرەب و نابێ پاشكۆی ئێران بن، ئەوەشیان تەنیا پەیوەندی بە پرسی دەسەڵاتەوە هەیە، نەك باوەڕ، ئێستا لە مەرجەعییەتە باڵاكانی عێراق تەنیا سەدر بە ئاشكرا دژایەتی زاڵبوونی ئێرانە بەسەر عێراقدا.
ئێران لە مەسەلەی تێكەڵكردنی ئامانجە مەزن و مێژووییەكانی میللەتی فارس لەگەڵ مەزهەبی شیعە و بەكارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سەركەوتوو بووە، ئێران دوای ئەوەی لە شەڕی قادسیە بەرامبەر بە لەشكری موسلمانانی عەرەب دۆڕا لە خراپترین و ناخۆشترین سەردەمی خۆیدا ژیاوە، وەك مێژوونووسان باسی لێوە دەكەن، بۆیە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی باوەڕی تەشەیوع (تشیع) ئێرانییەكان زوو خۆیان لێ بە خودان كرد و یەكەمین و گەورەترین دژە شۆڕشیان لە ناو ئیسلام ئەنجامدا و باوەڕ و دەسەڵات تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەی پێغەرمبەریشیان كردە دوو بەش، ئەوانەش كە شوێن عەلی كوڕی ئەبی تالیب كەوتبوون، لە یاوەرانی پێغەمبەر كە لە نێویاندا هەندێكیان لە دە (10) موژدەپێدراوان (عشرە المبشرە) بوون، واتە (ئەوانەی لەلایەن پێغەمبەرەوە پێیان ڕاگەیەندرا كە خوا موژدەی بەهەشتی پێداون).
بڵاوبوونەوەی مەزهەبی شیعە لە ئێران زۆر خێراتر بوو بە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە تەنانەت عێراقیش كە جێگای ئەو ڕووداوانە بوو، كە هۆكاری سەرهەڵدانی مەزهەبی شیعە بوون، لە عێراق ئیمام عەلی دەكوژرێ و پاشان حوسێنی كوڕی هەر لەوێ دەكوژرێ، بەڵام لە ئێران زیاتر خەڵك پێیانەوە گرێ دەدرێ، لە ناو شیعە ئیمام حوسێن كە سێیەمین ئیمامی شیعەیە واتا دوای باوكی عەلی كوڕی ئەبی تالیب و براگەورەكەی حەسەنی كوڕی عەلی كوڕی ئەبی تالیب لە هەموو ئیمامەكانی دیكە بەناوبانگتر و گرینگترە لای شیعە بە باوك و براكەشیەوە، هۆكارەكەشی زۆر لێكۆلەر و سەرچاوە بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە كە یەكێك لە هاوسەرەكانی حوسێن ئێرانی بووە و لە خێزانی پاشایەتی (كیسرا) بووەو ناوی شابانووی كچی یەزدانگردی پادشای ئێرانە كە دایكی ئیمامی چوارەمی شیعە عەلی كوڕی حوسێن (علی بن الحسین) كە بە  (علی اڵاكبر) ناسراوە و نازاناوی باوكی محەمەدی هەبووە.
میللەتی فارس توانی ئیسلام لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بگونجێنن و بیكەنەوە چەكێك لە بەرامبەر داگیركەرانیان (عەرەب) بەكاری بهێننەوە و تۆڵەیان لێ بكەنەوە، تۆڵەیەك كە بە ڕزگاركردنی شاری مەككەی زێدی ئایینی ئیسلام و پیرۆزترین شوێن كە بە ماڵی خوا ناویان ناوە و ساڵانە بە ملیۆنان موسلمان لە سەرتاسەری دونیا بە شیعە و سوننەوە سەردانی دەكەن كۆتایی دێت.
شیعە نەجەف و كەربەلا بە پیرۆزترین شوێنی دونیا دادەنێن، بۆیە مەرجەعییەت و پیاوانی سیاسییان هەوڵدەدەن شارە پیرۆزەكانیان ناوندی گرێدانی ڕۆحی و باوەڕیان بێت، نەك مەككە. چونكە بە ڕای ئەوان مەككە شوێنێكە كە داگیركراوە و پێویستە رزگاربكرێ، تا ئیمام مەهدی لەوێ خۆی بۆ دونیا ئاشكرا بكاتەوە، بڕیار بەدەستانی شیعە چاویان لەوەیە نەجەف و كەربەلا زیاتر وەك ڤاتیكان بن، نەك مەككە.. واتا لە یەك كاتدا ناوەندی بڕیاری ئایینی و دونیایی (دین و دونیا) بێت وەك شاری قوم چۆن لە ئێران ئەو ڕۆڵەی هەیە، بە واتایەكی دیكە مەڕجەعییەتی شیعە چاوی لە كۆپیكردنی ئەزموونی قوم و ئەو شارە و مەرجەعییەتەكانی ئێرانە و دەخوازن دونیاش بە نەجەفەوە گرێ بدرێتەوە.

ڤاتیكان یان مەككە (7)

كاركردن بۆ بە ڤاتیكان كردنی نەجەف و كەربەلا و ململانێ پێكردنیان لەگەڵ مەككە.  پڕۆژەیەكە چەند ساڵە ئێران لە عێراقدا دەستی پێكردووە لە ڕیگای دامەزراندنی هەرێمێكی موقەدەس كە شارەكانی نەجەف و كەربەلا و حیللە دەگرێتەوە كە لە ژێر فەرمانڕەوایی مەرجەعییەتی شیعە دابن و هەموو سەروكارێكیان لەلایەن مەرجەعییەت و حەوزەی عیلمییە كە وەك دەستەی راوێژكاری دەبێت، ڕایی دەكرێ.
ئێران دەیەوێ مۆدێلی ڤاتیكان لە نەجەف دووبارە بكاتەوە، نەك مۆدێلی مەككە، چونكە ئەوەی یەكەمیان دەسەڵاتی دینی و دونیایی لە دەستە و خاوەنی سوپا و پۆلیسی تایبەت و نوێنەرایەتی لە دەرەوە و حكومەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام كەعبە تەنیا شوێنێكی پیرۆزی ئایینییە و هەر لەو ڕووەشەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و داهاتەكەشی دەگەڕێتەوە ڕیاز و لەلایەن خێزانی دەسەڵاتدار تەسەڕوفی پێدەكرێ.
ئەو هەرێمی پیرۆزە ئێستا هەموو ئادگارەكانی بەباشی وەدیار كەوتوون و پێگەكانی دەوڵەت بوونی تەواو بووە، لە ڕووی داراییەوە یەكێكە لە دەوڵەمەندترین حكومەتەكانی دونیا و خاوەنی سوپای تایبەت بە خۆیەتی (حەشدی شەعبی) كە بە فتوای مەرجەعییەت دروست كراوە و پاشان لە پەڕلەمانی عێراق یاسای بۆ دەرچووە و بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە كە بەگوێرەی میدیاكان دوو بە قەدەر بودجەی سوپای فەرمیی عێراق دەبێت.
هەرێمی پیرۆز لە لایەن "سەید عەلی سیستانی" مەرجەعی گەورەی شیعەكانی عێراق كە بە ڕەچەڵەك كەسێكی ئێرانییە بەڕێوە دەبردێت، هاوشان لەگەڵ سەید عەلی سیستانی نوێنەری تایبەتی ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هەیە، كە ناوی "سەید موجتەبا حوسەینی"یە و یەكێكە لە كەسە نزیك و باوەڕپێكراوەكانی خامەنەئی و یەكێك بووە لە موریدە دڵسۆزەكانی ڕابەری كۆچكردووی شیعە ئیمام خومەینی كە سەید عەلی سیستانی هەموو بڕیار و فتوایەكان بە ڕاوێژكردن لەگەڵ سەید مەجتەبا حوسەینی دەردەكا و بیرۆكەی هەرێمی پیرۆز و دروستكردنی حەشدی شەعبی دەڵێن لە ڕێگای ئەوەوە بۆ مەرجەعییەت پێشنیار كراوە.
بەستنەوەی شیعەكانی هەموو دونیا بە هەرێمی پیرۆز یەكخستنەوەی تواناكانی شیعەیە كە لە خاكی پیرۆزدا ساڵانە بە ملیۆنانیان لە نەجەف و كەربەلا گیرفانەكانیان خاڵی دەكەن و منداڵەكانیان بە دڵسۆزی بۆ مەرجەعییەت پەروەردە دەكەن، پەروەردەیێك كە لە پەروەردەی هەزار و چوارسەت ساڵی ڕابردوو جیاواز بێت، ئەو جارەیان پەروەردەی خۆپاراستن نا، بەڵكو پەروەردەی هێرش و دەسەڵات و حوكمكردنی ئەوانەی دیكە بێت، بۆیەشە دەبینین ساڵ دوای ساڵ هێزی شیعە بەشێوەیەك زیادی كردووە، تا ڕاددەی تەواوكردنی هیلالی شیعی كە لە یەمەنەوە تا لوبنان و سەر ئاوەكانی دەریای سپی درێژ بۆتەوە كە سەرچاوەی ئەو هێزە بەشێكی بۆ هەرێمی پیرۆز دەگەڕێتەوە كە سەرچاوەی سەرەكیی دابینكردنی توانای ماددی و مەعنەوییە بۆ گرووپە چەكدارەكانی شیعە بە پانتایی هیلالەكە.

ئەمریكا و پڕۆژەی هەرێمی پیرۆز(7)

لە ساڵی 1983 كۆنگرێسی ئەمریكا پڕۆژەی بێڕنارد لویسی پەسەند كرد كە رۆژهەڵاتناسێكی بەناوبانگ و كاریگەری ئینگلیزیە و بەناوبانگترین و زاناترین و كاریگەرترین رۆژهەڵاتناسە لە سەدەی بیستەمدا، پڕۆژەكەی كە لە كۆنگرێس پەسند كرا، بە ڕێكەوتننامەی "بێڕنارد لویس" ناسراوە و باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتانەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكا، كە دواتر لە شێوەی 30 دەولەتۆكە (دویلە) لە سەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی دابمەزرێن. پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە كە لە ساڵی 2008 كۆندە لیزا ڕایس (وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ئیدارەی جۆرج بۆشی كوڕ) رایگەیاند، هەمان ئامانج و ڕێكاری ڕێكەوتننامەكەی بێڕنارد لویسی هەیە.
(ئەو پڕۆژەیەی لویس لە سەرداوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە ساڵی 1980 ئامادەكراوە، دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بە ئامانجی ئامادەكاری بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو سنوورانەی "سایكس پیكۆ" كێشاویانە.)
ئەو پڕۆژەیە كە لێكهەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و نەهێشتنی ژمارەیەكیانی تێدایە، هەروەها دابەشكردنی وڵاتانی دیكە بەسەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لەخۆ دەگرێت، ئێرانی هانداوە كە زووتر وەخۆی رابگا و دەستی خۆی بەر لە ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بوەشێنێ، چونكە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دەستكاری سنوورەكانی سایكس پیكۆ دەكرێ.
دامەزراندنی سوپایەكی گەورە و فرە ڕەنگ و نەتەوە، بەڵام لە ژێر هەژموونی زۆرینەی شیعە ئامانجە مەزنەكەیە كە ئەركێكی ئایینی و پێویستە بەبێ پێكهێنانی ئەو ئامانجە ئامادەكارییەكان تەواو نابن بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی.
لە هەندێك شوێن و وەك پێویستییەك تەجاوزی مەسەلەی مەزهەبیی شیعە و تەنانەت ئیسلامی كراوە، كەڵك لە لایەنە سوننییەكانی وەرگیراوە، وەك بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین، كۆمەڵی ئیسلامی كورستان، بزووتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان و... هتد. كەڵكی لە ڕێكخراوە نائیسلامییەكان وەرگرتووە، وەك ڕێكخراوەكانی خاوەن ئایدیۆلۆژیی چەپ و ماڕكسی وەك پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایینی ئیسلامیش هەولی بۆ كۆكردنەوەی هێز داوە، وەك دامەزراندنی میلیشیا مەسیحییەكانی لە دەشتی نەینەوا و میلیشیا ئێزدییەكان لە دەڤەری شنگال كە بەشێكن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ خزمەتكردنی ئامانجە مەزنەكەی كە دەستگرتنە بەسەر هەموو ناوچەكە، هەموو ئەوانەش تەنیا بەشێكن لەو میكانیزمەی ئێران پەیڕەوی دەكات.
ئێران بە درێژایی مێژوو توانیویەتی كەڵك لە وێكچوونەكان و جیاوازییەكانی هەمەڕەنگیی كولتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مۆزایكی نەتەوەیی و ئایینی لەو ناوچەیە وەربگرێ، بۆ ئێران گرینگ سەركەوتنی پڕۆژەكەیەتی و گەیشتن بە ئامانجە، بۆ ئەوەش نە پرسی نەتەوەیی كردۆتە كێشە و نە پرسی ئایینی.
هۆلیود لە ساڵی 2006 هەندێك ڕاستی دەربارەی ئێران و ئامانجە سیاسییەكانی ئاشكرا كرد، كاتێك فیلمی (300)ی بەرهەمهێنا، ئەو فیلمە باسی شەڕی تەرمۆبێل (دەرگا گەرمەكان) دەكات، كە لە ساڵی 480ی پێش زایین ڕوویداوە لە نێوان پادشای ئەسپارتە و سێ سەت (300) لە جەنگاوەرانی لە بەرامبەر پادشای فارس (پێرژیان) زیراكسس بەخۆی و سوپایەكی زەبەلاح و لە هەژمار نەهاتوو، لەو فیلمە دوو خاڵی گرینگ باس كراون، یەكەمیان: ئامانجی ئێران بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەكان (دەریای سپی ناوەڕاست) كە بە مانای كۆنتڕۆڵكردنی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێ، هەروەها گەیشتنیەتی بە سنوورەكانی ئەوروپا كە چیتر ناتوانێ بەبێ ڕەزامەندیی ئێران لەو ناوچەیە دەسەڵاتیان هەبێت. خاڵی دووەم: وەك لە كۆتایی فیلمەكە نیشان دەدرێ و لە كۆبوونەوە و بەشداریی هەموو گریكەكان لە شەڕی كۆتایی كە بە سەر سوپای فارس دەكەون و دوای ئەو شەڕە یەكەمین ئەزموونی دیموكراتی لە مێژووی مرۆڤایەتی دروست دەبێت، وەك لە سەرچاوە مێژووییەكان باسكراوە.
ئەو فیلمە حەقیقەتی ململانێی نێوان ئێران و رۆژئاوا نیشان دەدا، كە ئێران ئەوان بە بێگانە دادەنێ لەو ناوچەیە كە پێویستە پاشەكشەی لێ بكەن، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چۆن ئێران بە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانیان دەبینن، بە هەمان شێوە باوەڕیان وایە بە سەركەوتنی ئێران لەو ناوچەیە دیموكراسییەت شكست دەهێنێ، كە ئەوان هەوڵدەدەن وەك سیستەمی ژیان و حوكمڕانی لەو ناوچەیەدا بیچەسپێنن.
ئێران كە ئیستا دەستی بە ئاوە گەرمەكان گەیشتووە و خەریكە بە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ دەكات، بۆیە ئەمریكا كێڕڤی ڕووبەڕووبوونەوەی لە هەڵكشاندایە تا ڕاددەی ڕووبەڕووبوونەوە وەك ئەوەی لە یەمەن ڕوودەدا كە سعودیە و وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە جیاتی ئەمریكا لە دژی حوسییەكانی سەر بە ئێران شەڕ دەكەن، لە سووریاش ئیسڕائیل دەستی كردووە بە بۆردومانكردنی هێزی سەربازیی ئێران و سووریا، لە عێراقیش ئەمریكا بە هەموو هێزیەوە كار بۆ ئەوە دەكات، باڵادەستیی ئێران كەم بكاتەوە و حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە كە بە درێژكراوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دادەنێ.
ئەوە ستراتیژیەتی ئەمریكایە لەو ناوچەیە كە دۆنالد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی بەڵێنی بڕینی دەست و كلكەكانی ئێرانی لە ناوچەكە بە خەڵكی ئەمریكا دەدا.. بەڵام ئایا ئەمریكا لەو ستراتیژییەیدا سەركەوتوو دەبێ؟ ئەزموونی پازدە ساڵی ڕابردوو ئەوەی نیشانداوە كە ئێران لایەنی سەركەوتووە و ساڵ بە ساڵیش بەهێزتر دەردەكەوێ و دەسەڵاتی لە ناوچەكەدا زیاتر هەڵدەكشێ، هەروەها ئەمریكای خستۆتە بەردەم هەڵوێستێكی نەخوازراو تا ڕاددەی نەبوونی شیان و توانا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی، كە ئێستا بە ڕوونی دیارە لە فەشەلهێنانی ئەمریكا لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بێڕنارد لویس لە سێ قۆناغی لە یەكتر جیاوازدا، لە هەشتاكانی سەدەی بیستەم كە ئێران بەهۆی شەڕی ئێران عێراق هەروەها هاوكاری و پاڵپشتی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە عێراق، نەدەكرا پڕۆژەكە بخرێتە واری كردارەوە، چونكە پشێوی دروست دەكرد و وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی كە خەرجی شەڕیان لە سەر بوو، قبووڵیان نەدەكرد وڵاتەكانیان هەڵبوەشێتەوە.
لە دوای ڕوودای یازدەی سپتەمبەر ئەو پڕۆژەیە لە ژێر ناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە جارێكی دیكە گەڕایەوە ناو كارنامەی كۆشكی سپی، بەڵام شەڕی ئەفغانستان و زیادبوونی مەترسییەكانی ئێران جارێكی دیكە پاشەكشەی بەو پڕۆژەیە كردەوە.. ئێستاش كە باسی كۆتاییهاتنی تەمەنی ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ و سەرلەنوێ كێشانەوەی  نەخشەی سنوورەكان دەكرێ، جارێكی دیكە مەترسییەكانی ئێران ئامادەییان هەیە لەوەی دەستكاری سنووری هەر وڵاتێك بكرێ، ئێران لە بەرژەوەندیی خۆی ئیستیفادەی لێ بكاتك وەك هەموو ئەو ڕووداوانەی تا ئێستا ڕوویانداوە و ئێران تێیاندا براوەی یەكەم بووە، هەر لە یەمەنەوە بگرە تا لێكترازاندنی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی عێراق و هێشتنەوەی ڕژێمی بەشار لە سووریا و بەهێزتربوونی حیزبوڵای لوبنانی كە لە دوایین هەڵبژاردن، زۆرینەی كورسییەكانی پەڕلەمانی لوبنانی بردەوە لە بەرامبەردا بەرەی سعودیا-ئەمریكا پاشەكشێیان پێ كرا.

ئایندەی هەرێمی پیرۆز (8)

ئایندەی ئەو هەرێمە بە دوو فاكتەر گرێدراوە، فاكتەری ناوخۆیی و فاكتەری دەرەكی كە لە دەرئەنجامدا هەردووكیان تەواوكەری یەكترن و هێز لە یەكتر وەردەگرن.
لە ناوخۆدا هەرێمی پیرۆز ڕووەو بەهێزبوون هەنگاو دەنێ، لە كۆنتڕۆڵكردنی  ڕووبەرێكی بەرفراوان كە لە بەسرەوە تا كەركووك و خانەقین لە باكووری رۆژهەڵات درێژدەبێتەوە، لە باكووری رۆژئاواش تا تەلەعفەر ئەوەش بەهۆی هەبوونی مەزار و شوێنی پیرۆزی شیعە كە وەك تۆڕێكی مەحكەم لە ڕێگای هەر سێ عەتەبەكانەوە بە نەجەفەوە گرێدراون.
ئەو مەزارانە باشترین ڕێگا و هۆكار بوون كە هێزە شیعەكان لە ڕێگایانەوە كاریان لە سەر گۆڕینی دیموگرافیا كردووە، هەروەها باشترین بەهانەش بووە بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار لە هەموو ئەو ناوچانەدا، بەتایبەتی ناوچە تێكەڵەكان كە هێدی هێدی لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلاییان دەكەنەوە، بە شێوەیەك پێكهاتەكانی دیكە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لە سەر نەخشە و بڕیاری سیاسی نەبێت.
بڕیاری سیاسی و نەخشەی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2005 ەوە بە تەواوی بە ناوەندی ئەو هەرێمەوە گرێدراوە كە مەرجەعییەتی باڵای شیعەیە، بەڵام دوای بەهێزتربوونی پێگەی شیعە كە لە دوای ساڵی 2009 بە تەواوی بەدیاركەوت، هیچ پرسێكی گرینگی سیاسی نەبووە لە نەجەف بڕیاری لێ نەدرابێ، لە دانانی سەرۆك وەزیرانەوە تا هەمواركردنەوەی یاساكان، تەنانەت بڕیاردان لەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دروستن یان نا.
هەروەها ستراتیژیەتی هەرێمی پیرۆز لە باڵادەستبوونی شیعە و گۆڕینی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن زۆرینەوە سەركەوتوو بووە، لە دوای ڕووخانی سەدام ململانێ لە نێوان كورد و سوننە و شیعە بوو، ئێستا ململانێ لە نێوان لایەنە شیعەكان كۆبۆتەوە و سوننە و كورد لە بەردەم هەڵبژاردنی باشترینی ئەو دوولایەنە شیعەیەن كە لە گوفتار هەندێك جار جیاوازن، بەڵام لە كردار لە سەر هەمان ڕێگان.
فاكتەری دەرەكی كە پەیوەندییەكی تەواوكاری هەیە لەگەڵ ئەو ناوەندە پیرۆزە كە هەردووكیان هێز لە یەكتری وەردەگرن بە شێوەیەك بەهێزبوونی هەر یەكێكیان ئەوەی دیكە بە‌هێزدەكات، یەكەمین هێزی چەكداری كە لە هەرێمی پیرۆز دروست بوو، كاریان تەنیا پاریزگاریكردن نەبوو لە مەزارە پیرۆزەكان، بگرە یەكەمین ئەركیان لە دەرەوە بوو، كە چوونە پاڵ سوپای سووریا و سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی لە سووریا، لەگەڵ سەركەوتنی سوپای پاسداران لە هێشتنەوەی رژێمی بەشار و گواستنەوەی شەڕ بۆ بەردەرگای سعودیە و پاشەكشێ پێكردنی توركیا لە سووریا لە رێگای شكست پێهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و بەهێزتركردنی حیزبوڵای لوبنانی وەك بڕیاردەری یەكلاكەرەوە لە لوبنان و هێزێكی ئامادە لە نزیك لە دەروازەكانی قودس، ناوەندی بڕیاری هەرێمی پیرۆز لە عێراق بەهێزتر وەدیاركەوت، تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا كورد و سوننەش ناچارن وەك مەرجەعییەت مامەڵەی لەگەڵ بكەن و داوای هاوكاری و پاڵپشتی لێ بكەن لە چارەسەركردنی گرفتەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.

دوایین گرەو (9)

ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بڕوایان وایە دەتوانن  ناوماڵی شیعە دابەش دوو بكەن، یەكێكیان بەرەو دژایەتیكردنی ئێران ئاراستە بكەن، لە بەرامبەردا ئەوانیش پاڵپشتی ئەو لایەنە بكەن كە دەسەڵات وەربگرن، بەر لە هەڵبژاردن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەو ناوچەیە بەتایبەتی سعودیە بە هەموو توانایانەوە كاریان كرد حەیدەر ئەلعەبادی و لیستەكەی (النصر) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ببێتە لیستی یەكەم و زۆرترین كورسی بباتەوە، بەڵام تێیدا سەركەوتوو نەبوون و بووە لیستی سێیەم بە جیاوازیەكی زۆر لەگەڵ لیستی یەكەم كە موقتەدا ئەلسەدر سەرۆكایەتی دەكات و ئەگەر بە قسە لە ئێرانەوە دوور بێ، ئەوە بە كردار دوژمنی ئەمریكایە و لە ساڵی 2006 و  2007 بە دەیان سەربازی ئەمریكایی بە دەستی چەكدارانی میلیشیاكەی كە ناوی سوپای مەهدی (جیش المهدی) بوو، كوژران، هەروەها بە جیاوازییەكی تۆزێك كەمتر لە دوای لیستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی (الفتح) دێ كە هادی ئەلعامڕی سەرۆكایەتی دەكا، كە سەركردەی ڕێكخراوی بەدرە، كە بەشێكە لە سوپای قودسی ژێر فەرماندەیی ژەنەڕال قاسم سولەیمانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگای سعودیاوە كە پەیوەندیی باشی لەگەڵ موقتەدا سەدر هەیە، هەوڵی ڕاكێشانی بۆلای خۆیان دەدەن بە ناوی عڕوبە و پاراستنی سەروەری و شكۆی عێراق، كە ئەوە هەوڵێكی نەزۆكە و گرەوێكی دۆڕاوە، پێشتریش هەمان ئەزموونیان لەگەڵ نوری ئەلمالیكی هەبوو، كاتێك پەلاماری سوپای مەهدی و سەدرییەكانی دا لە ڕێازی پایتەختی سعودیا و لە كۆشكی سپی وەك پاڵەوانی عەرەب پێشوازی كرا، بەڵام دواتر دەركەوت كە موجاهیدێكی دڵسۆزی وەلی ئەلفەقیهە و هەموو هەوڵ و كارێكی لە پێناو سەرخستنی كارنامەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. ئەمریكا كە تێگەیشت هیچ هێز و كەسایەتییەكی شیعە نییە بتوانێ لە دەرەوەی ماڵی شیعە بزاڤ بكات، ئەو كات تێدەگات كە جیاوازیی نێوان سەركردە شیعەكان تەنیا جیاوازیی ناو و پاشناوەكانیانە.
سەدر كە داگیركاری عێراقی لەلایەن ئەمریكاوە ڕەت كردەوە، نەچووە مەككە و ببێتە خزمەتكاری كەعبە، بەڵكو چووە قوم و ئیڕادە و عەقل و ئایندەی خۆی رادەستی ئەو ڕێبازە كرد، كە باوەڕی پێی هەیە، بۆیە ئەگەر جیاوازییەكیشی لەگەڵ ئەوانەی دیكە هەبێت، ئەوە جیاوازی لە تەكتیك و وردەكارییە، نەك لە ستراتیژ و ناونیشانە سەرەكییەكان.
یەكگرتوویی شیعە و یەكخستنی توانا سەربازی و دارایی و مەعنەوییەكانیان بەشێكە لە دینداری و خواپەرستی، بەشێكە لە عەقیدە كە بەهیچ شێوەیەك دەرفەتی گۆڕین، یان تەنانەت جیاواز تەفسیركردنی نییە، چونكە ئەو عەقیدەیە كە تەمەنی لە هەزار و چوار سەت ساڵ زیاترە، زیاتر لە هەزار ساڵیشە لەلایەن دامەزراوەیەكی عەقایدی فكری ڕابەرایەتی دەكرێ، كە بە عەقڵێكی ستراتیژی و دووربین كاریان بۆ داڕشتن  و ڕێكخستنیان كردووە، بەشێوەیەك هەموو وردەكارییەكانی ژیانی دونیاییان تێكەڵ بە ئەركە ئایینی و عەقائیدییەكان كردووە، كە بەهیچ شێوەیەك تاكی شیعە دەرفەتی بۆ نەماوەتە لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بزاڤ بكات.
مەرجەعە باڵاكانی شیعە كە پێگەكەیان لە باوكەوە بۆ كوڕ گواستراوەتەوە تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە، واتا ئەو عەقیدەیە بەرهەمی پیاوچاكان و كەسانی پیرۆزە كە لە ڕێگەیانەوە توانیویانە سەركردایەتی ئەو خەڵكە بۆ كوڕ و نەوەكانیان بگوازنەوە، بۆیە نەوەی ئێستاشیان درێژكراوەی هەمان باوەڕ و خواستی بەردەوامی هێشتنەوەی دەسەڵاتن لە دەستی خۆیان كە ئەوەش بە كاركردن بۆ سەرخستنی ئەو پەیام و ئەركە پیرۆزە بەستراوەتەوە كە كاركردن و ئامادەكارییە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی كە دواهەنگاوی شیعەیە بۆ كۆنتڕۆڵكرنی هەموو دونیا و بەرقەراكردنی ئاشتی و ژیانێكی عادیلانە بۆ هەمووان وەك لە كتێبەكانیان باسی دەكەن.

سەرچاوەكان:

 - تەفسیری تەبەڕی(تفسیر الگبری من كتابه جامع البیان عن تأویل ێ‌ی القرێ‌ن)تەفسیری ئایەتی ژمارە ٧ لە سورەتی (بونیە).
- كتاب المقدمە ،محمد بن ماجە فی سننه، اڵاحادیپ 120 و126 
 - كتاب المناقب،الترمژی بروایات مختلفە فی سننه، اڵاحادیپ 3724 و3730 و،3731 
- الجامع المسند الصحیح المختصر من أُمور رسول الله صلی الله علیه وسلّم وسننه وأیامه( صحیح البخاری)
- السید محمد باقر الصدر،موسوعە الامام مهدی
 - شیخ علی الكورانی ، المعجم الموچوعی ڵاحادیپ الإمام المهدی و السیرە النبویە عند أهل البیت.
- گوتارە ڤیدیۆییەكانی شێخ عەلی ئەلكورانی 
- قانون ادارە العتبات المقدسە والمزارات الشیعیە الشریفە رقم 19 لسنە 2005
- مشروع برنارد لویس (31 مایو 1916 - 19 مایو 2018)
- نەجەف پایتەختی شاراوە، ئاسۆ حاجی - ماڵپەڕی وشە 21/08/2017
- پڕۆژەی هەرێمی پیرۆز، ئێران لە عێراق ڤاتیكانی دەوێ، یان مەككە؟ ئاسۆ حاجی - ماڵپەڕی NRT، 12/10/2017


 









ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی