بەشداری لە دەسەڵات یا ئۆپۆزسیۆن بون؟

11/11/2018

سەڵاح مەزن

                 لە راستیدا،بزوتنەوەی گۆڕان هەردوك هەلبژاردەی تاقیكردۆتەوە،بەڵام نەیتوانیوە لێیان سەركەوتو بێ،بەڵكو گیڕۆدە بە پاشەكشەیی هاتییە،دیارە كە هەر ئۆپۆزسیۆنێ لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات تێكۆشان دەكا،بەڵام كاتێ ناتوانێ بە تەنها زۆرینەی كورسییەكان بێنێ،ئەو كاتە بژاردەی دیكە دێنە پێشێ،یەكێ لە بژاردەكان ئەوەیە، لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دی لە نێو پەرلەماندا هاوپەیمانی بكەن و هەلویستەكانیان یەكخەن،كە هاوپەیمانییەتەكەیان لە نێو حكومەتیش رەنگدانەوەی هەبێ.                                              
گۆڕان كاتێ لە كابینەی سێیەم بەشداری كردییە،هەڵەی نەكردییە،چونكە ئەو هەڵمەتی هەلبژاردنی خۆی لەو پێناوەدا، لە ژێر دروشمی ( بەرەو دەسەڵات ) جاڕپێدابو،تەنانەت زۆربەی دەنگدەرەكانی بەو ئامانجە  بردبوە سەر سەندوقەكانی دەنگدانەوە،دواجار رای گشتی نێو بزوتنەوەكەش كۆك بو،لەسەر ئەوەی بەشداری لە حكومەت بكرێ،بەڵام بە هۆی سیاسەتی نا شەفاف و نەبونی هەڵسەگاندن و لێپرسینەوە لە نوێنەرەكانی خۆی لە نێو حكومەت و بگرە پەرلەمانیشدا ،لەولاشەوە پیادەكردنی سیاسەتی تاكڕەوی ،تۆقاندن و داپلۆسینی  پارتی و یەكێتی لە بەرانبەر بزوتنەوەكە، ئەمانەو هۆكاری دی،وایانكرد گۆڕان لە كابینەی پێشو سەرنەكەوێ،تەنانەت شكست بخوا،ئەمجار هەلبژاردەی دوەم كە وەك دەرەنجامی شكستی نێو حكومەت تەنانەت لە نێو پەرلەمان هاتە پێش، جارێكیدی بژاردەی بون بە ئۆپۆزسیۆن وەك ئەمری واقیع خۆی بەسەر بزوتنەوەكە داسەپاند،بەڵام ئەمجارە رەوشەكە لە چاو پێشوجیاوازەو پێشوەچونی بەسەرا هاتییە، راستە گۆڕان ئەزمون و پێشینەی دەوڵەمەندو سەركەتوی لا دروست بوە،بەڵام ئەمجارەیان گۆڕان دور لە خواستی خۆی ئۆپۆزسیۆنی بون  هەلدەبژێرێ، ئەگەرچی گۆڕان لەو پێشوەچونە بێمنەت بو،لە ئۆپۆزسیۆن بونیش نەدەترسا،لۆیێ جارێكیدی بەڵام ئەمجارەیان بە ناچاری. 

بە پشتبەستن بە ئەزمونێكی گەشاوەی پێشو  هەوڵی سەرقافڵەبونی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خەڵكی هەلبژارد،گۆڕان جارێكی دی هاتەوە پشت ئەو گۆڕانخوازانەی كە لە پێناو ماف و داواكاری پیشەیی و كۆمەلایەتی لە تەك ناڕەزایی جادەو داواكاری خەڵك مابونەوە،لەو ناوە هەر ئەوان نەبون لایەنی دیكەش هەبون،لە هەمویان كاریگەرتریش چین و توێژە فەرامۆش و بەشمەینەتەكە بون،كە بە بەشداری لایەنی دیكەو بە تایبەتی گۆڕانخوازان رێبەرایەتی ماف و داواكاری خۆیان دەكرد.                   

بزوتنەوی گۆڕان سەرباری ئەوەی بەشداری لە حكومەت كردبو،بەڵام چ لە نێو حكومەت،پەرلەمان و جادە دا ، هەمیشە داكۆكیكەری سەرسەحتی ماف و ئازادی خەڵك بو، لەبەرانبەر خواستەكانی دەسەڵات پشتی لە خەڵك نەكردبو، ئەمجارەیان رەوش جیاواز بو،روداوەكان هێندە توند بون،ململانێی خەڵك و دەساڵات گەیشتە ئاستێك،گۆڕان نەیدەتوانی بە سیاسەتی  پێیەك لە نێو حكومەت و یەكێكی دی لە نێو خەڵك، وەزعەكە بەڕێ بكا،لە كاتێكا نوێنەرەكانی لە حكومەت وەدەر دەنرێن و سوكایەتی بە سەرۆكی پەرلەمان دەكرێ،كەچی بزوتنەوەكە بێدەنگی دەنوێنێ و هەلوێستی یەكلایكەرەوەی خۆی بەڕاشكاوی پێ پەیام ناكرێ،هۆكارەكەشی وابەستە بو،بە نەبونی یەك هەڵوێستی هاوبەش لە نێو بزوتنەوەكەدا،كە لە ئەنجامی كێشەو ململانێی نێوەخۆیی سەرچاوەی گرتبو، بەهۆی ئەوەی كە نەیتوانی داهێنان،نوێبونەوەو تاكتیكی گونجاو لە كارو  ئەزمونی پێشوی  تێكۆشانی ئۆپۆزسیۆن بكا،جگە لە  هۆكاری دیكەش،دواجار لە پێشڕەویكردنی خەڵك و داكۆكیكردن لە ناڕەزایی جادەو داواكارییەكانی خەڵك شكست بخوا،خەڵك و جادە هەست بەوە بكەن،كە گۆڕان تا سەر پشتیوانیان لێناكاو لە نێو گەرمەی روداوەكان پشتیان لێدەكا، بەو پێیە،كاتێ هەڵسەگاندن دەكەین،بەو ئاكامە دەگەین،كە بزوتنەوەی گۆڕان چ لە دەورانی ئۆپۆزسیۆن بون،یا لە دەورانی بەشداریكردنی لە دەسەڵات نەیتوانییە وەك پێویست سەركەوتنی بەدەست بێنێ،یا بەلانی كەتێیاندا ،دەسكەوت و ئەزمونی باش بەدەستبێنێ،كە دەرەنجامە نێگەتیڤەكانی بە رۆشنی لە هەردوك هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان رەنگیان دایەوە!! 

هەنوكەش لەمەڕ هەلبژاردەی چونە نێو حكومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆن،بەر لەوەی بیر لە هەر یەكێكیان بكرێتەوە،پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان بەراشكاوی و شەفافی پەنجە دابنێ، لەسەر كێشەو گرفتەكانی نێوخۆیی و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگەچارەو دەربازبون لێیان،ئەمجار دەتوانی نەخشە رێگەی داهاتو و خۆ ئامادەكردن لۆ هەردوك ئەگەری بەشداری و بەشدارینەبون لە دەسەڵات دابڕێژێ،بە پێی راو بۆچونی گۆڕانخوازو هەڵسوڕاوەكانی جەخد لەسەر هەلبژاردەیەكی واقیعی بكا،كە لە توانای بزوتنەوەكە هەبێ جێبەجێی بكا،ئەمن لۆ خۆم لەگەڵ چونە نێو حكومەتم ئەگەر یەك كورسی وەزاریش وەر بگیرێ،بەو مەرجەی لەبەر رۆشنایی مەبدەئـی جاكسازی و دادوەری كۆمەڵڵیەتیدا،چوارچیوەیەك لە بەرنامە و نەخشەڕێگە هەبێ و كەسی گونجاو،شارەزا،لێهاتو و دڵسۆز رەوانەی نێو حكومەت بكرێن،هەروا لەسەرێكیدی دەكرێ ئۆپۆزسیۆن بون هەلبژێردرێ، بەو مەرجەی نەخشە رێگەیەكی رۆشن هەبێ،كە چۆن بتوانرێ بە شێوازێكی دینامیكی برەو بە كارو چاڵاكی جەماوەری بدرێ،هەروا داكۆكیكردن و سەركردایەتی ناڕەزایی و داواكارییەكانی خەڵك و پێكهێنانی بەرەی میللی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ گشت هێزو لایەنەكان بەهەند وەر بگیرێ،دیارە ساخكردنەوەی پرسێكی ئاوا گرنگ و چارەنوسساز،كە دواڕۆژی گەل و وڵات هەروا بزوتنەوەكەی پێوە پابەندە،هەنگاوێكی قوڕس،مەترسیدارو پڕ لە بەرپرسیارێتییە،لۆیێ باشتر وایە ئەو پرسە لە رێگەی راپرسی لە نێو ئەندامانی بزوتنەوەكە، هەروا پرسوڕا وەرگرتنی كەسایەتی و نێوەندەكانی سیاسی،كولتوری و ئەكادیمی بێ،كە حەتمەن بەرچاوڕونی باش دەدەن بە سەركردایەتی بزوتنەوەكە،تاوەكو بە رەوتێكی واقیعی و دروست پرسەكە یەكلا بكاتەوە.

سەڵاح مەزن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی