تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانی یەكەم

12/11/2018

مەریوان وریا قانیع

سەد ساڵ بەسەر كۆتایی جەنگی جیھانی یەكەمدا تێدەپەڕێت. جەنگێك كە زیانێكی گیانیی و ماڵی گەورەی بە بەشێكی گەورەی دونیا گەیاند. لەناو ئەوروپا و لە دەرەوەی ئەوروپادا. لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەبێتە ھۆكاری ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، ھاتنی كۆلۆنیالیزم و دروستكردنی دەوڵەتیی-نەوەیی مۆدێرن لەناوچەكەدا، ھاوكات دەبێتە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوە دژە كۆلۆنیالیزم و بەھێزبوونی ناسیۆنالیزم و ھاتنەكایەی ئایدیۆلۆژیا گەورەكانی تری سەدەی بیستەم لە ناوچەكەدا، لە ناویاندا لیبرالیزم و سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و بەشێوەیەكی زۆر كەمتر فاشیزم. 

لە جەنگی جیھانی یەكەمدا ژمارەیەكی ھێجگار گەورە لە سەرباز و كەسانی مەدەنی كوژران. جەنگە بەسەریەكەوە ٤ ساڵ و ٣ مانگی خایاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیكەی ١٠ ملیۆن سەرباز و ١٠ ملیۆن خەڵكی مەدەنیی كوژران. چەندەھا شاری گەورە لەناو ئەوروپا خۆیدا بەتەواوی وێرانكران، ژمارەیەكی زۆری خەڵك بریندار و بێماڵ و بێجێگا بوون. دوای جەنگەكەش پەتایەكی گەورە بەناوی ”پەتای ئیسپانیی“ەوە بە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە كە بەسەریەكەوە نزیكەی ٢٠ ملیۆن مرۆڤ دەكوژێت، ئەم پەتایە بە گەورەترین پەتای ناو مێژوو دەزانرێت و بەقەد ژمارەی كوژراوەكانی جەنگەكە خەڵك دەكوژێت. ئەو ھێزە ئەمریكاییانەش كە ھاتبوون بۆ ھاریكاریی ەئوروپییەكان، ١٠٠ ھەزار كەسیان لێ مرد، نیوەیان بەو پەتا ئیسپانییە مردن. بە كورتییەكەی لەماوەی چەندساڵێكی كەمدا جەنگ و پەتا نزیكەی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مرۆڤ دەكوژن.

ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی كۆتاییھێان بە جەنگەكە لەناو واگۆنی شەمەدەفەرێكدا بوو لە دارستانێكدا پەنجا كیلۆمەتر لە دەرەوەی پاریس دا. دواتر فەرنسییەكان مۆزەخنایەكی تایبەتیان بەدەوری ئەو واگۆنەدا دروستكرد وەك سیمبۆلی سەركەوتنی خۆیان بەسەر ئەڵمانییەكان و سوكایەتیكردن بە داگیركەرە ئەڵمانایەكە ھێشتەوە. لەو ڕێكەوتننامەیەدا ئەڵمانییەكان ناچاردەكرێن پارەیەكی ھێجگار زۆر بە فەرەنسا و بریتانیا و زیانلێكەوتوەكانی تری جەنگەكە بدەن، دواھەمین پشكی ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بە فەرەنسای ئەدات لە ساڵی ٢٠١٠ كۆتاییپێدێت.. 

ئەو مەرجانەی براوەكانی جەنگی جیھانی یەكەم بەسەر ئەلمانیادا دەیسەپێنن ھێندە قورس و ئیھانەكەر بوو، گەرای بەرپابوونی جەنگی جیھانی دووھەمی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبوو. كاتێكیش جەنگی جیھانی دووھەم دەستپێدەكات و ھیتلەر لە ماوەیەكی كەمدا فەرەنسا داگیردەكات. لەناو ھەمان واگۆندا كە مەرجە قورسەكان بەسەر ئەڵمانیادا دەسەپێنرێت، فەرەنسییەكان ناچاردەكت تەسلیمبوونی خۆیان بە ئەڵمانیا ئیمزابكەن. وەكچۆن فەرەنسییەكان لەناو ئەو واگۆنەدا سوكایەتیی بە ئەڵمانیا دەكەن، بەھەمانشێوە ئەڵماناكان لەناو ھەمان واگۆندا ھەمان سوكایەتیی بە فەرەنسا دەكەنەوە. كاتێكیش ئەڵمنیا لەوە نزیكدەبێتەوە جەنگی جیھانی دووھەمیش بدۆڕێنێت، ھیتلەر ئەمر بە چەند ئەفسەرێك لە ئەفسەرە نزیكەكانی خۆی دەكات كە بچن واگۆنەكە وێرانبكەن، نەكو سەرلەنوێ بەكاربھێنرێتەوە بۆ سوكایەتیكردن بە ئەڵمانەكان. 

جەنگی جیھانیی یەكەم بۆ میلەتی ئێمە دوو دەرەنجامی زۆر سەرەكیی و تراژیدیی ھەبوو. یەكەمیان ”بەكەمینەكرنی كورد“ لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستكراوی ناوچەكەد، بە ئینگلزیی minoritization. دووھەمیان بە ”ئاسایشكردنی“ مەسەلەی كورت، واتە كورتكردنەوەی مەسەلەی میلەتێك بۆ كێشەیەكی ئەمنیی و مامەڵەكردنی وەك ھەڕشەی ئەمنیی، بە ئینگلزیی Securitization. ئەم دوو پرۆسە تازەیە ژێرخانی ئەو مێژووە خوێناویی و ترسناكەیە كە لەدوای جەنگی جیھانی یەكەمەوە مێژووی ئێمەی تێكەوتوە. 

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی