ئەمریكاو توركیای دیموكراسی‌و پەكەكەی تیرۆریست!

12/11/2018

مەلا بەختیار

لەهەفتەی رابردودا، دوای ساڵەها لە كێشەی بچوك‌و گەورەی نێوان ئەمریكاو توركیای ئەندامانی ناتۆ، سەرەنجام، سێ‌ سەركردەی پەكەكە (موراد قەرەیلان، جەمیل بایك‌و دوران كالكان) بە تیرۆریست ناسران‌و ملیۆنەها دۆلاری مۆڵیش بۆ قەپڵاندنی سەریان، دیاریكرا. ئەم بڕیارە، لەم دۆخەدا، چاوەڕوانەكراو بوو. بەڵام ئەمەش ئەنجامی بەرژەوەندی زلهێزەكانە. سیاسەتی زلهێزەكان لەدوای سایكس پیكۆوە (1916) دەریدەخات، رەشەبای بەرژەوەندیان كە هەڵیكرد، پرنسیپ، دۆستایەتی، فەلسەفە، ئازادی‌و مرۆڤایەتی دەكەنە پێخۆر!!

ئەمریكا، لەدوای جەنگی دوەمەوە، بەپشتیوانیكردنی مافی چارەنوسی گەلانی رۆژهەڵاتی ئۆروپا، دوای جەنگی سارد، گەورەترین سەركەوتنی بەدەستهێنا. كە ئومێدی فراوانكردنی دیموكراسی دەبەخشی. بە روخاندنی رژێمی سەدام، باشوری كوردستان، بۆ یەكەمین جار، پشتیوانی گەورەی بۆ پەیدا بوو. بەناو بەهاری عەرەبیش، پانتایی ئازادی هێنایە ئارا، دیسان ئەمریكا، هەڵوێستی بۆ پشتیوانی خەڵكی راپەڕیو، باشبوو.

داعشیش كە سەریهەڵداو بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو رۆژئاواش كەوتنە مەترسیەوە، ئەمریكا رۆڵی هەرە كاریگەری لە دژایەتی داعش‌و پشتیوانی پێشمەرگەو بەشێك لە هێزەكانی تری دژی داعش، دەگێڕا.

ناوبەناویش، كە هەڵوێستی ئەمریكا دژی دوژمنانی دیموكراسی‌و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، رادەگەیەندرا، سیاسەتی ئەمریكای باشتر خۆشناو دەكرد. هەروا..

تائێستا، ئەمریكا بەرگری لە حكومەتی ئەسەدی سوریا نەكردوەو، دژایەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی رانەوەستانەوەو، فشاری لەسەر توركیاش كەم نەكردەوەو، لە بەرپەرچدانەوەی هێزی چەكداری تایفەگەری عێراقیش، سیاسەتی رۆشنە!

هاوكێشەكانی سوریاش، كە كەوتنە ناو گێژاوی جەمسەرە نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمیەكان‌و روسیا هێزی داگرتە شەڕگەكان، ئەمریكاش رۆژئاوای كوردستانی داڵدە دا. قسەش لەوەدەكرا، كە (پەكەكە) لە لیستی تیرۆر دەربهاون. كەچی..

لەپڕ، بۆ چارەسەری قەیرانی نێوان توركیاو ئەمریكا، سێ‌ سەركردەی (پەكەكە) كرانە عەرەبونی ئاشتبونەوەی ئەمریكاو توركیا. ئەم بڕیارە، دیارە پەلوپۆی نهێنی زۆرن. ئەوەی لای من لەهەموو بابەتێكی دیكە گرنگترە، ئەوەیە، ئایە ئەم بڕیارە، خزمەتی ستراتیژی دیموكراسی، ژیانی مەدەنی، ئازادی‌و مافی مرۆڤ دەكات، كە ئەمریكا ستراتیژەكەی لەجیهاندا، لەسەر بنەمای ئەو چەمكانە رۆناوە؟! ئەگەر بەڕاستی خزمەتی دەكات، كەواتا ئەمریكا، بڕیارێكی بەجێی داوە. ئەگەر نا، بێگومان بڕیارێكی هەڵەیە. لەمبارەوە، بۆئەوەی تەمومژ لەسەر گوتارەكەم لەلایەن توركیا، یان هەر ناوەندو لایەنێكی تر، بڕەوێنمەوە، بەپێویستی دەزانم رونیبكەمەوە كەوا:

لەدوای جەنگی ساردو لەم سەردەمەی جیهانگیرییەدا، هەمیشە گوتومە: ئایدیۆلۆژیەتی پەكەكەو ستراتیژی خەباتی چەكداری بۆ رزگاری، قۆناغەكەی بەسەرچووە. تەنانەت سیستەمی حیزبایەتی پەكەكەش، رەخنەم لەسەری هەیە. هەڵبەتە لەگەڵ چەك فڕێدان، یان داماڵینی چەكیش نیم. رێك‌و رەوان، لەگەڵ چارەسەری ئاشتی‌و خەباتی مەدەنی‌و هەڵبژاردن‌و فراوانكردنی خەباتی دیموكراسیم. كە (هەدەپە)ش (80) كورسی هێنا، پەیامی خۆمم گەیاندۆتە قەندیل‌و دیاربەكر، كە بچنە ناو حكومەت باشە. كە شەڕیان گواستەوە ناو شارەكانیش، بەبڕیارێكی مەترسیدارم دەزانی. بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ‌، تەواوی پرسی (دیموكراسی-نەتەوەیی) باكورو رۆژئاوای كوردستان، لەو گۆشانەوە تەماشا بكرێ‌.

گریمان، پەكەكە، لەو كێشانە زیاتریشیان هەیە، جێی خۆیەتی بپرسین، ئەی حكومەتی توركیا، هەڵەی كەمتری هەیە؟

-ئایە؛ لەناوچەكەو توركیا كێشەی كەمە؟
-ئایە؛ باری ئابوری توركیا، پاشەكشە، یان سەركەوتنی بەدیهێناوە؟
-ئایە؛ زیندانەكانی توركیا، جێگەی رۆژنامەنوس‌و سیاسەتمەدارو مەدەنیخوازی تری تیادا دەبنەوە؟
-ئایە؛ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، توركیا بۆ لە یەكێتی ئۆروپا قبوڵ ناكرێ‌؟
-ئایە؛ رێژەی بێكاریی زیادیكردووەو كۆمپانیاكان پاشەكشەیان كردووەو ئاستەنگی ئابوری قوڵە، یان تەنكە؟
-ئایە؛ سوپای توركیا بۆ كودەتای كرد، ئەگەر سوپایەكی پرۆفیشناڵی نیشتمانیی دەستورپارێز بوو؟

هەرچی چۆنێ‌ بەراوردی كێشەكانی توركیاو هەڵەكانی پەكەكە بكرێ‌، توركیا دەیان بەرامبەر لەدۆخی توركیاو لە پرۆسەی دیموكراسی‌و ئازادیە مەدەنیەكان بەرپرسیارترە. كەچی، ئەمریكا، كە لە چركەساتێكدا، سەدان ملیۆن وشە زانیاری دەگاتە پنتاگۆنەكەی‌و لە ئان‌و كاتیشدا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ئاگادار دەكرێتەوە لەو زانیاریانە، هەتا بەهەڵە نەچێ‌، بەبێ‌ ئەوەی گوێ بداتە سەرجەم كێشەو هاوكێشەكان، دوای رزگاركردنی قەشەكەیان، بڕیاری لەم چەشنە دەدات‌و توركیاش چەشە دەبێ‌، هەتا پێی لێهەڵبڕێ‌. دۆخەكەش وا بەردەوام بێ‌، دوور نیە لەرۆژئاوای كوردستانیش، ئەمریكا پاشەكشە بكات.

بەدڵنیاییەوە، بە تیرۆریست زانینی سێ‌ سەركردەی پەكەكە، كە تەمەنی خۆیان لەسەر رێبازەكەیان داناوە، هەرگیز، نە خزمەتی ئامانجە ستراتیژیەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات‌و نە توركیاش، لە قەیرانە هەمەچەشنەكانی رزگاردەكات.

چارەسەر ئەوە نییە، پشتیوانی توركیا بكرێ‌، كە پاشەكشەی لە دیموكراسی كردووە، هەتا بەردەوام بێ‌ لەسەر سیاسەتی بێبەشكردنی گەلی باكوری كوردستان، لە مافە دیموكراسی‌و مەدەنیەكانی. هەروا، پەكەكەش ناتوانێ‌ بە سوربون لەسەر ستراتیژی خەباتی چەكداری، چۆك بە توركیا دابدات. چارەسەرێكی سیاسی وەكو ئاشتەواییەكەی (كۆلۆمبیا) باشترە، لە سەركوتی عەسكەری توركیاو بەردەوامیی خەباتی چەكداری پەكەكە.

لەكۆتاییشدا جێی خۆیەتی بیگێڕمەوە كە: سێ‌ مانگ لەمەوبەر، رێكەوتی (12/8/2018) بەڕێز (ستیڤن فەیگەن) قونسڵی نوێی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان، سەردانی كردین. رەخنەی لە پەكەكە گرت، منیش وەڵامم دایەوە كە:
ئەمریكا لەسەر قەشەیەك، گەمارۆی ئابوری خستە سەر توركیا. بەڵام (13 هەزار) كورد گیراون‌و زیاتر لە (20 ملیۆن) كوردی توركیا مافی خوێندنی زمانی زگماكیان نییە، چۆن خەباتی دیموكراسی ناكەن؟

قونسڵ پێكەنی‌و منیش دڵم تەنگ بوو لەو قسەیەی كردی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی