ڕووداوەکەی سلێمانی وەکو سمبووڵی بێ یاسایی

14/11/2018

ڕێبین عه‌بدولڕه‌حمان

یاسا و بوونی یاسا بنەما و هەبوونی بۆ چ گرنگە، ئەگەر نەتوانێت سەروەری خۆی بەدەست بهێنێت؟.  ئەم ڕووداوی پێشەنگای ئۆتۆمبیل لەپارێزگای  سلێمانی ، ناوەڕۆکی گەورەترین بێ یاسایی و پێشێل کردنی یاسا، وەکو چۆن لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ڕووداوگەلی لەو شێوەیە زۆر دووبارە دەبێتەوە. 

یاسا بریتیە لە کۆمەڵێک بنەما و بڕگەی یاسایی کە ئەرکی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی لە ئەستۆیە، ئەمەش دەرخەری بینین و بەدی هێنانی ڕێکخستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە یاسا ئەو یاساییە کە بتواندرێت جێ بەجێ بکرێت، یاسا خۆی ناتوانێت ئەم کارە بکات، بۆیە پێویستی بە بنەمایەکی ترە تا یارمەتی دەر بێت بۆ بەدی هێنانی سەروەری یاسا. 

لەهەموو وڵاتان بۆ بەدی هێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسا ، هێز بنەمایە بۆ پاراستنی یاسا ، بەڵام چ هێزێک؟ بێگومان هێزی ئاسایش و پۆلیس و... هتد، چونکە ئەمانە بنەمای کاریان بریتیەلە جێ بەجێ کردنی ئەو یاسایانەی کە لەدەسەڵاتی دادوەرییەوە دەردەچن. بۆیە بۆ پاراستنی هەیبەت و شکۆی یاسا و ڕێزگرتنی یاسا . 

چاکتر وایە کە ئەم دام و دەزگایانە پابەندی ئەو یاسایانە بن کە لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەردەچن ، بۆیە دەبێت بە تەواوی ئەو بڕگە یاسایانە جێ بەجێ بکرێن بۆ بەد هێنانی ئەمن و ئاسایش ، و پاراستنی ئاشتەواویی کۆمەڵایەتین.

لە هەرێمی کوردستاندا لەساییەی نەبوونی سەروەری یاساوە و نەمانی شکۆی یاساییەوە، بێ یاسایی بەڕێژەیەکی زۆر باڵی کێشاوە بەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا لەناو کۆمەڵگەدا، دەرئەنجامی ئەمەش خوڵقاندنی حساب نەکردنی بۆ یاسا زیاد کردووە، سەرئەنجام تاک لە ساییەی نەبوونی یاسادا ناچار خۆی پانا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی دەبات، لەدەرئەنجامیشدا ئەو ڕووداوەی پێشەنگای ئۆتۆمبیل لە سلێمانی لێ دەکەوێتەوە و بۆ داهاتووش دەبێ چاوەڕێ ڕووداوی زیاتریش بکەین.


دەکرێت بپرسین ئایا لەساییەی نەبوونی یاسادا ، یاسا محکوم دەبێت بە چی؟ ئایا دیوەخان شوێنێ دادگاکان دەگرنەوە؟ لەم بارەدا بوونی یاسا و دادگا بوون و سوودیان چیە؟ لەمانایی نەبوونی یاسادا تیۆری هێز جێگەی یاسا دەگرێتەوە؟ لە نەبوونی یاساوە و سەرکێشانی بۆ تیۆری جێ بەجێکردنی هێزدا دۆخی کۆمەڵگە سەردەکێشێت بۆ دۆخی جەنگەڵستان؟ پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا بۆچی یاسا وەکو ئەوەی هەیە جێ بەجێ ناکرێت؟. 

ئەم کۆمەڵە پرسیارانە پرسیاری کڕۆکین بە نسبەت تەواوی یاساناسانەوە لەم ڕووداوەوە بۆ دۆخی داهاتوو یاسا لەهەرێمی کوردستان جێگەی تێڕامانن.

ئەم وتارە تەنها لە پرسیارە تێڕامانەکان دەڕوانێت دەربارەی دۆخی یاسا لەهەرێمی کوردستانە، نەک بەرگری کردن بێت لە هەریەکە لە تاوانبار و تاوان لێ کراوی ئەم ڕووداوەی دوای پارێزگای سلێمانی. 

بەڵکو دەبێت دادگاکان ئەم پرسە و تەواوی پرسە یاساییەکانی تری کۆمەڵگە چارەسەر بکەن، ئەم وتارە قسەکردن نیە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم ڕووداوە، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەم دۆخە شێواوەی یاسا لە هەرێمی کوردستان، بە کورتی تێڕامانە لەوەی بۆچی گەشتووین بەم دۆخەو؟ بۆچی دادگاکان ناتوانن سەروەری یاسا بپارێزن؟.

بۆیە کاری تەواوی یاسا ناسان و توێژە جیاوازەکانی تایبەت بە یاسا ئەوەیە کار لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا یاسا دەتوانێت ماف مان بۆ دەستەبەر بکات؟.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی