زانکۆ وەک بەرهەمهێنەری بێکاری

14/11/2018

ئەحمەدى مەلا


وەک ئەوەی من بیستم، ٤ ساڵ زیاترە، ئەوانەی لە زانکۆکانی هەرێم قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکەن، دەگەڕێنەوە ماڵ، واتە "تەعینیات" نییە. لە قەرەهەنجیر لە دوکانۆکەیەک لاماندا ئاو بخۆینەوە، گەنجێک لەسەر عارەبانەیەک وەستابوو، تەماتە و پیازەکانی قاش دەکرد، رۆژی هەینی بوو. پێیم گوت : دەمێکە ئەم ئیشە دەکەی، لە وەڵامدا گوتی دوای "تەخەرەجوم". ئەمە چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەو قوتابیانەیە کە خوێندن تەواو دەکەن، هۆکارەکان چین؟
١/ کردنەوەی زانکۆ و کۆلێژ بە پێ پلان و نەخشەی پێشوەخت ؛
٢/ بێهێزیی کەرتی تایبەت و نەبوونی ژێرخانی ئابووری ؛
٣/ خەرجنەکردنی داهاتێکی لەبەرچاو بۆ کەرتی پەروەردە. هێشتا قوتابخانەی ٣ دەوام هەیە. مامۆستایەکمان بینی سەعات ١٠:٣٠ بەیانی دەوامی تەواو دەبوو ؛
٤/ هەرێم وەک بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی شتومەکی دەرەکی سەیرکراوە، ئەوەی سەرنجی بازاڕەکان بدات تێدەگا چ کاولکارییەکە ؛
٥/ ریژەی تەواوم لا نییە، بەڵام ساڵانە بە هەزاران قوتابی دەچنە بازاری بێکارییەوە.
٦/ بێکاری : واتە بەهەدەردانی کات و وزە و داهاتێکی زۆری قوتابیان، ئەمەش هەموو پرۆژەکان لە ئاستی تاکەکەسدا رادەگرێ.
٧/ ساڵ دوای ساڵ ئەم رێژەیە زیاد دەکات و پێی ناچێ حکومەت پلانی هەبێ. سبەی دەبینە خاوەن لەشکرێکی بێ ئیش، ئەگەر ئێستا بوونی نەبێ.
٨/ مەرج نییە هەموو کەسێک ببێ بە فەرمانبەر، بەڵام ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی دینامیک راستە، نەک کۆمەڵگەی ئێمە. چونکە هەموو کارەکان لە بازنەیەکی تەسکدا دەخولێنەوە. ( شۆفێری تاکسی، پۆلیس و زێرەبان، کرێکاری بینا و عارەبانەی ناو بازار...) ئەم کارانەش هەندێکیان پێویستیان بە واستە هەیە.
٩/ کوردستان بە بازاڕێکی نابووتی کالا و شتومەکی چینی و تورکی و ئێرانی دەکات، کڕیاریش کوردەکانی هەرێمن.
١٠/ کردنەوە زانکۆ نابێتە هۆی گەشەسەندن ئەگەر پلانێکی تۆکمەی لە پشتەوە نەبێ...ئەوەی جێی سەرنج و مەترسی زۆری لێدەکەوێتەوە، ساڵ لە دوای ساڵ چارەسەرەکان سەختر دەبن..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی