تەفتیش‌و مەنعە تەجەول

15/11/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

پاڵەوانەكانی كوردایەتی و وەتەنیات ئاگاداری حاڵی كەركوكن ، ئاگادارن وەك جاری جاران تەفتیش و مەنعە تەجەول سەری هەڵداوەتەوەو كون بە كون ماڵە كوردەكان لە گوند و شاردا دەگەڕێن ، ئەمە تۆڵەكردنەوەی شەڕی داعشە یان گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی عەسری باید ، چەند شەرمە وڵاتێك باسی دیموكراتی و ئازادی و پێكە وە ژیانی تیا بكرێت و جیاكاری لە نێوان ماڵە كوردێك و ماڵە عەرەبێكدا بكرێت ، چەند ناشرینە گوندەكانی حەویجە لیپبن لە داعش و چەكی شاراوەو گەڕەكی شەعبی بەغدا هەموو ماڵێك چەكێ‌ دوانی تیا بێت ، كەچی سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و میلیشیای شیعە لە گوندی حەسار بە دوای چەكدا ماڵەكان بپشكنن .

ئەوە زانیمان مەسعود بارزانی و پارتی تەواوی تەواو پشتیان كردوەتە كەركوكی دڵەكەی مەلامستەفای بارزانی و بیانوەكەیان ئەوەیە داگیر كراوە ، ئەی یەكێتی كوا ، مەكتەب سیاسی یەكێتی و بەرپرسەكانی كەركوكی لەم نێوانەدا رۆڵیان چیە ، ئەی حزبەكانی تر ، ئەرێ‌ گوێتان لێنەبوو خاتوو پەروین فاتیحی خوێندنی كوردی لە كەركوك لە تەلە فیزیۆنەوە داوای دەكرد لە كاتی تەفتیش و مەنعە تەجەولا با ئاگادار قوتابی و خوێندكارە كوردەكان بن ، یانی ئەو تەفتیش و مەنعە تەجەولەی دیاری ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەرە كاری كردوەتە سەر هەموو تاكێكی كوردی كەركوك بە "مناڵە چاوگەشەكانیشمانەوە " دەستە واژەی مناڵە چاو گەشەكان لە وتاری سیاسیەكاندا بۆ رۆژی مناڵانی جیهان دەنوسرێت و دواتر لە بیر دەچێتەوە ، چونكە مناڵەكان كە گەورە دەبن سیاسەتدەكرێن .

ئێوە دەزانن چەند ناشرینە تەفتیشچیەكان نێو كەنتۆرو نوێنیش بگەڕێن بۆ چەك و چۆڵ ، كەنتۆرو نوێنی ئەو كوردانەی لە 2003 بە زۆر لە هەولێرو سلێمانیەوە ناردیانتانەوە بۆ كەركوك ، ئەوانەی هێشتا برینی عەرەباندن و تەراندنی چەستەیان ساڕێژنەبووە و خوێنی لێ‌ دەتكێ‌ .

لەو رۆژەوە راكان سەعید بووە بە بەرپرسی كەركوك هەر كارێك دژی كورد بكات چاوەڕێ‌ دەكات ئاخۆ كاردانەوە هەیە یان نا ، كە دبینێت كاردانەوە نیەو یەكێتی و پارتیش لەوانی تر زیاتر كزۆڵە كزۆڵە سەیر دەكەن ، دەست بۆ كارێكی تر دەبات ، ئاخۆ كەی ئەو رۆژە بێت تەلارو ڤێلاو باخ و مۆڵو بەنزینخانەكانی بەرپرسەكانیش وەربگرێتەوە و كەسیش نقەی لێوە نەیات .

بێدەنگی بەرانبەر ستەم درێژە بە نادادی و ستەمكاری دەدات نەك شتی تر .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە