بەرەو كوێ؟

16/11/2018

ئەحمەدی مەلا

لە دوا سەفەرم بۆ كورستان كاتێك سەیری راست و چەپم دەكرد، سەیری سەرو ژوور، بە ئاسۆیی و شاقولیانە، تێكڕای گرفت و كێشەكان، بە شێوەیەكی هەند ناجۆر، وەك گڵۆڵە بەنێكی ئاڵۆزكاو دەهاتنە بەرچاوم. كێشەكان كەڵەكەیان كردووە، تێكچڕژاونەتە نێو یەك، دەست لە چی بدەی، دە شت بەردەبێتەوە، هەر وەك ناوەوەی دوكانەكانمان.

چۆن دەیهێنی و چۆن دەیبەی، دەستت سەرەداوێك ناگرێ تا بیر لە دەسكاریی بكەیتەوە. گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە تێكرای ئەزموونی كوردی، سەرجەم توانا و تواناسازیی و لێزانییەكانمان كۆ بكەینەوە، ناتوانین بە تەنها كێشەی ئاوەڕۆ چارەسەر بكەین، ناتوانین تەلەكان بە ئارامی لە نێوان دارتەلەكاندا گیر بكەین، لە تواناماندا نابێ، تەنها كاغەز و پلاستیكەكانی دەوروبەرمان كە هەڕەشەیەكی تەواوە بۆ ژینگە، بۆ جوانی، بۆ مرۆڤ، بۆ شار، خڕ كەینەوە و رایسكلاژی بكەین. لافیتە و پەڕۆكان، كە لە رۆحمان زیاترمان خۆشماندەوێن، بە جوانی دابنێن.

ئەگەر تێكڕای ئەزموونی ئەم ٢٨ ساڵە، سەرجەم بلیمەتی رێكخستنی حیزب و رێكخراوەكانمان كۆبكەینەوە كە تەمەنیان نیو سەدە زیاترە، لە تواناماندا نییە تەنها ١ بەرد بخەینە سەر باڵەخانەی پەروەردەوە، تەنها سیستەمی هاتوچۆ رێكبخەین و سنورێك بۆ گشت ئەو هۆڕینە بێ سوودانە، بۆ ئەو عارەبانە بێ سەروبەرانە، بۆ پیادەڕەوی سەر شۆستەكان، تەنانەت بۆ نەبوونی شۆستە، بۆ دانانی تەنیا ١ ژمارە لەسەر دەرگاكان، بۆ رێكخستنی سیستەمی پەڕینەوە، دابێن بكەین.

ئەگەر بێت و نەك ١٧٪ بودجەمان بۆ بگەڕێتەوە، تەنانەت لە ١٠٠٪ بودجەی عێراقیشمان بۆ ماوەئ ١٠ ساڵ بدەنێ، لە تواناماندا نابێ قوتابخانەی ٣ دەوام بكەین بە دوو، هی دوو دەوامیش بكەین بە یەك، سیستەمی موچە رێكبخرێت، یاسامان هەبێ بۆ بێكاران، سیستەماتیزەی بانك و داهات و سەرفكردن یەكسانی و ویژدان و ئایندە ببینین.

ئەگەر ٢٠٠٪ بودجەی عێراقمان بدەنێ، لە توناماندا نییە، خاڵە گومركییەكان رێكبخەین، بازگەكان كەم بكەینەوە، رێگاوبانەكان ببن بە پردی سەفەركردن نەك مردن و لە ناوچوون، ئەگەر هەموو تواناكانمان لەیەك بدەین، ناتوانین ستانداریزەكردنی شۆستەكانمان وەك رێنووس و زمان بۆ رۆیشتن و رامان، دابێن بكەین.

ئێمە لە دەستی خۆمان دەرچووینە..ئەگەر ئیرادەیەكی دەرەكی نەبێ، رۆژئاوایی بە پلەی یەكەم تاكو سەرلەبەری ژیان و ژینگەمان، بخاتە سەر راستە رێیەك تاكو هەموو سوودمەند بین، لەم پاشاگەردانییە بێوێنەیە بەردەوام دەبین. تاكو ئێستاش هیچ ئیرادەیەكی لەمجۆرە بوونی نییە...ئێمە بووینەتە كێچەڵ بۆ خودی خۆمان...

ئەوەی باسی چاكسازی دەكا بە خۆی بە ئەژدادی خۆی پێدەكەنێ... لەهەموو كارەساتاوییتریش ئەوەیە كاتێك مرۆڤ لە ناو قەفەز بەخێوی دەكەی، نوستالژی بۆ قەفەز هەیە و لەسەر گۆفەكت بەخێو كرد بە بۆنی ناخۆش دڵی دەكرێتەوە.

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی