ئێرانییەكان چاویان لە عێراقییەكانە

17/11/2018

رێبین عومەر

لەدوای پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی سوپای هاوپەیمانان بەڕێبەری ئەمریكا ، كۆماری ئیسلامی ئێران  ئەو وڵاتەی كە لەدوای هەشت ساڵ جەنگ لەگەڵ عێراق خەونەكەی هاتە دی و تاجی ئەو دەسەڵاتە شكا كە هەشت ساڵ جەنگی وڵاتانی لەگەڵ بەوەكالەتكرد، چونكە لە مێژبوو ئێرانییەكان چاویان لە سیستمی سیاسی عێراق و خاك و بەرژەوەندییەكانی بوون لە ناوچەكە. 

لەبەر ئەوە بۆ لەناو بردنی سەدام لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی لە ساڵی 1979 ئێرانییەكان بە پشت بەستن بە فیكری مەزهەبگەرایی شیعە ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی و چەكداریان وەك دیفاكتۆ بۆ دەسەڵات بۆ عێراق ئامادەساز كرد. 

تا بەهاری ساڵی 2003 ئێرانییەكان لە رێگەی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنە مەزهە گەراییەوە  گەڕانەوە و لە رێگەی زۆرینە شیعە لە عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست و گرنگترین جومگەسیاسی و سەربازی و دیپلۆماتییەكانیان خسەناو مشتی مەزهبەگەرایی خۆیانەوە. 

لەدوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە 31 دیسەمبەری  ساڵی 2011 لە عێراق ئەمریكییەكان لەسەر سینییەك ئاڵتوون عێراقیان رادەستی ئێرانییەكان كردو چارەنوسی عێراقیان خستە دەستی ئێرانییە دژەكانیان ، بەوجۆرە ئێران پێگەی خۆی لە عێراق بەهێزكرد كە تا ئەم سەردەمەش كاربەدەستە ئێرانییەكانی وەك ئاغای قاسم سلیمانی كاربەدەستە سیاسییەكانی عێراق لە پۆستە هەستیارەكان بەشێوەی دامەزراندن دادەمەزرێنێ تەنانەت لەجەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش سلیمانی زیاتر وەك فەرماندەیەكی عێراقی لەبەرەكانی جەنگ دەردەكەوتوو میدیاكان وەها وەسفیان دەكرد كە وەك شەبەح فریای هەموو بەرەكانی جەنگ لە عێراق و ئێران دەكەوێ و توانانی شكاندنی پلانەكانی بەرامبەری هەیە تاڕادەیەك بووە پاڵەوانی پاراستنی عێراق لەچنگی داعش  . 

كۆماری ئیسلامی ئێرانی هەژموونی هێندە زۆرە لە عێراق كە بەجۆرێكی دی فۆڕمی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكیشیان لە كۆمەڵگە گۆڕیووە بەو جۆرەی خۆی ویستویەتی وەهای كردووە تەنانەت لەپۆشینی جلو بەرگەوە تا ئەو پەڕی خواستەكانی تاك لە كۆمەڵگە ئێرانییەكان كاریان تیا كردووە . 

عێراق وەك داشی شەترنج بەدەست ئێرانییەكانەوەیەو بەو شێوەیە یاری پێدەكەن كە خۆیان دەیانەوێ‌ ، لەدوای گەڕی دووەمی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا ، ئەمریكاییەكان لەدوای دەركردنی ئەو فەرمانەی ترەمپ بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا تەنیا 45 رۆژیان ماوەخستە بەردەم دەسەڵاتی تازە هەڵبژێراوی عێراق تا پەیوەندییە ئابورییەكانیان لەگەڵ ئێران قووتكەن ، ئێستا كەمتر لە 30 رۆژێك ماوە ماوە بۆ ئەوەی عێراق بچێتە ریزبەندی ئەو ووڵاتانەی كە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ خستنە سەرگەمارۆ بۆ سەر ئێران جێبەجێبكەن ، بەڵام ئێرانییەكان بەر لەوەی ئەو بڕیارە لە كۆشكی سپی دەرچێت سنورەكانی خۆیان لەگەڵ عێراق بە درێژی 1458 كم دابەشكردوو دابەشكاریەكەش لەسەر بنچینەی دەسەڵات و هەژموونی سیاسی لایەنی سیاسی جۆراو جۆرە كە دەتوانن جیا لەحكومەت پابەندیان نەبێت بەوبڕیارەوە . 

حكومەتی عێراق ئێستا  كە كەوتۆتە نێوان هەژموونی دوودژی وەك ئەمریكا و ئێرانەوە پێدەچێت بۆ قایلكردنی دڵی ئەمریكیەكان پابەندی سزا ئابورییەكانی ترەمپ بێت بەڵام لە لایەكی تریشەوە ئێرانییەكان كە ئێستا چاوەڕوانی هاتنی وەفدی رەسمی حكومەتی تازە هەڵبژێراوی عێراقن چاویان لەوەییە كە بریكارەكانیان لە عێراق دەرچەی جیا جیا بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئێران هەناسەیەكی ئابوری بداو لە سێبەری گوشارەكانی ئەمریكا نەخنكێ .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی