ساین نێچیرڤان ئامێدی

17/11/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

كاتێ‌ جەلحاد شالیت كەوتە دەست فەلەستینیەكان ئیسرائیل هەموو شتێكی كرد بۆ ئازاد كردنی ، تەنانەت زیاترلە 1000 كەسی بە شالیت گۆڕیەوە ، شالیت سەربازێكی ئیسرائیلی بوو نەك هاوڵاتیەكی ئاسای ، واتە ئەو بە چەكەكەی هەموو فەلەستینیەكی دەكوشت گەر زیانی بە ئیسرائیل گەیاندبا ، لە ماوەی رابردودا هێندەی نەمابوو لەسەر قەشە ئەندرۆبرۆنسن، توركیاو ئەمەریكا شیرو تیر لە یەك نەسون ، كار گەیشتە بلۆك كردنی سامانی وەزیرەكانی یەكتر ، چیرۆكی شەڕ كردن لە سەر هاوڵاتی و بە تەنگەوە هاتنی هاوڵاتیان زۆرە ، راستە زۆرجارو بۆنەش هەزاران كەسیش ببنە قوربانی ناووونازناوی تری دەدرێتێ‌ .

كاتی خۆی توركیا لە سەر كوشتنی دوو پۆلیسی بەد ئاكار كە بەلایانەوە ئاسایی بوو دەستدرێژی بكەنە سەر ژن و كچی كورد لە باكوری كوردستان ، ئاشتی هەڵپەسارد، لێرە لە هەرێمی كوردستانەوە ساین نێچیرڤان لەسەر ئەو دوو پۆلیسە توركە هاتە دەنگ ، ئەوە لە سەردەمێكدا بوو كە فڕۆكەی توركی لە كورتەك ژن و مناڵی سڤیلی كوردی دەكردە ئامانج ، سەرانی ئێمە لە تورك خەمبارتربوون ، بۆئەو دوو پۆلیسە ، لێ‌ بۆ ژن و مناڵەكی كورتەك هیچیان نەوت .

رۆژانی بەرێ‌ فڕۆكەی توركی لە ئامێدی سێ‌ هاوڵاتی ئەم هەرێمە ی ئێمەی كوشت ، سێ‌ هاوڵاتی بێ‌ چەك و سڤیل ، نەئەو رۆژەو نەتا ئێستاش وتەبێژەكەی حكومەت كە زۆر لە شاشەكان دەردەكەوێت لەو بارەیەوە هیچی نەوت ، هیچ میدیا كارێكیش ئەركی نەكێشا لێی بپرسێ‌ ئەمە بۆ ، لەوەش ناخۆش تر ، ساین نێچیرڤان كە بە حساب سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو بەرپرسی ژیان و گوزەران و تەناهی خەڵكی كوردستانە تا ئێستا وشەیەكی دەر نەبڕیووە .

با روداوەكە ئاوە ژوو بكەینەوە وا دابنەین پۆلیسێكی كوردی برایم خەلیل بە رێكەوت تەققەی لە سێ‌ هاوڵاتی تورك كردوەو برینداری كردون ، ئایە چی ڕوویدەداو هەڵوێستی ساین و وتە بێژەكەی حكومەت چی دەبوو ، كوشتنی سێ‌ هاوڵاتی لە ئامێدی و بەردەوام رودانی ئەم كوشتنانە لە رابردوودا یەك راستی بە ئێمە دەڵێت ئەویش ئەوەیە كە توركیا بە یەكجۆر سەیری هەموو كورد دەكات و جیاوازی لە نێوان چەكدارێك و بێچەكێكدا ناكات ، واتە ئەگەر سبەی ساین نێچیرڤان بۆ گەشتێك بچێتە هەمان ناوچەی سێ‌ هاوڵاتیەكەی ئامێدی لێكوژرا و پێشتر توركیا لەو گەشتە ئاگادار نەكاتەوە دور نیە هەمان چارەنووسی قوربانیەكانی نەبێت .

ناكرێ‌ بە بیانوی نەوت ودەسكەوت و دەروازەو شتی واوە هەموو رۆژ هاونیشتمانی ئەم هەرێمە بكەوێتەبەر پەلاماری توركیاو ئێمەش لە بری سەرزەنشتی توركیا خەریكی هۆنینەوەی تاوان بین بۆ پەكەكە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی