سەقامگیری سیاسی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

سەقامگیری سیاسی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

جه‌مال حه‌مەرەشید


151 جار خوێندراوه‌ته‌وه



گەشە کردن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک وابەستەیە بە بونی حوکمڕانیەکی باش وڕەشید، حوکمی رەشیدیش بەرهەمی سیستمێکی سیاسی تەندروستە کە سەقامگیری سیاسی فەراهەم بکات.

لە سیستمە سیاسی یە هاوچەرخەکاندا تا ڕادەیەکی باش هەوڵی بە دیهێنانی سەقامگیری سیاسی دراوە لە وڵاتدا ئەویش بە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کاتێک بەدی دێت کە هەریەک لەو دوانە ڕێز لێگیراو بن لە دەوڵەتدا و بە یاسا ئەرک و مافیان دیاری کراو بێت .

پێویستە ئەو هەستە لای دەسەڵات و خەڵکیش دروست ببێت کە بونی ئۆپۆزسیۆن گەرەنتی بەدیهاتنی حوکمڕانی باش وتەندروستە وە بەشێکی سەرەکی سیستمی سیاسی یە، چونکە کاتێک ئەم تێڕوانینە هەبوو ئەوا ئیتر گومانی خراپ بە ئۆپۆزسیۆن نابرێت و بەردەوام وەک تۆمەتبار سەیری ناکرێت و تۆمەتی جۆراو جۆر بخرێتە ئەستۆی.

پێویستە لە سیستمی سیاسیدا بە ڕونی هێڵەکانی جیاکەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دیاری بکرێت، تا خەڵک و جەماوەر دوچاری چەواشە کردن نەکرێن و حیزبەکانیش ئەوەندە نەتوانن یاری بە هەستی میللەت بکەن، لە لایەک بەشدار بن لە حکومەت و لە لایەکی ترەوە لە شەقام و ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن ، بەمەش هەم دەسەڵات دوچاری شکست دەکەن و هەم سەر لە جەماوەریش دەشێوێنن و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی سیاسی نەمێنێت و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەک چاو سەیر بکات.

ئەگەر سەیری سیستمی سیاسی وڵاتانی پێشکەوتو بکەین، دەبینین بونی ئۆپۆزسێونێکی ڕوون و ئاشکرا لە بەرامبەر دەسەڵات جۆرێک لە سەقامگیری و هاوسەنگی دروست کردوە، بۆ نمونە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا بەردەوام ڕۆڵەکانیان دەگۆڕێت. یان وڵاتێکی وەک بەریتانیا بەردەوام دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان هەردوو حیزبی کرێکاران و پارێزگاراندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەمە وەک ئەو دوو وڵاتەی کە پەیڕەوی لە سیستمی جوت حیزبی سەرەکی دەکەن .

ئەو وڵاتانەشی کە پەیڕەوی لە سیستمی فرەیی سیاسی دەکەن وەک چەندین وڵاتی پێشکەوتوی ئەوروپی ، بۆ نمونە لە فەڕەنسا لایەنێک یان ئەو چەند لایەنەی کە حکومەت پێک دەهێنن بە واقعی بەشدارن لە بڕیاری حکومەت و ئەو لایەن یان چەند لایەنەشی کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن ، بەمەش جەماوەر زۆر باش دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەدای دەسەڵات یان کارایی ئۆپۆزسیۆن و لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی خۆی بدات بەو لایەنەی کە جێگەی ڕەزامەندیەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا .

لە کوردستان بۆ ئەم قۆناغەی داهاتو کە پێ دەچێت ڕەشنوسی دەستور لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت ، پێویستە لە دەستوردا ڕەچاوی گەرەنتی بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بکرێت و مافەکانی دیاری کراو بێت، بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو سیستمێکی سیاسی سەقامگیر هەنگاو بنێت و دەسەڵات بتوانێت مومارەسەی حکومڕانێکی دروست بکات و ئۆپۆزسیۆنیش ڕۆڵی بەرچاو بێت و خەڵک بتوانێت هەڵسەنگاندنی دروست بۆ هەردوو لا بکات و کۆمەڵگە بەرەو قۆناغی گەشەکردن هەنگاو بنێت و متمانە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێم.



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved