جارێکی تریش بەڵێ بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەت

18/11/2018

شەنکار عەبدوڵا




لەماوەی پێشودا و لەپێش زۆر کەسەوە، بەدەنگی بەرز ھاوارمان کرد بەڵێ بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەت، ئەوکات ئەوبابەتە تازەبوو، یانی مەلامیحەکانی دیار نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی پارتی سەردانی گۆڕانیکرد، بەپێی زانیارییەکان پێی باش بووە گۆڕان بەشداری حکومەت بکات و سەنگ و پێگەی حەقیقی خۆی پێدەدات، تاڕادەیەک وێنەکە ڕوون بووەتەوە.

گرنگی بەشداری گۆڕان لە کابینەی نۆی حکومەتدا بەکورتی لەم خاڵە جەوھەرییانەدا کورت دەکەمەوە.

١-ئەوەی لە حکومەتدا دەکرێت لە ئۆپۆزسیۆندا ناکرێت، لە ڕابردودا ئەمە سەلمێنراوە و پێویست بەنمونە ناکات.

٢-لەیەککاتدا شەڕی دووبەرە ناکرێت، واتە بۆگۆڕان ئاسان نییە لەئێستادا و شەڕی پارتی و یەکێتی بکات.

٣-بەرنامە و پیلانی یەکێتی بۆ گواستنەوەو وەڕسکردنی گۆڕانخوازان و ئەوانەی شوبھەی گۆڕانیان لێدەکرێت، لە دامودەزگاکان، بەڵام ئەگەر گۆڕان بەشدار بێت ڕێگری لەو پیلانە دەکات و دەستی یەکێتی کورت دەکاتەوە.

٤-گۆڕان دەکرێت عامیلێکی خێر بێت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا و جۆرێکیش ھاوسەنگی دروست بکات، بزات بۆ ئەوەی حکومەت تاڕادەیەک ببێت بە حکومەتی ھەموو ھەرێم، نەک بەردەوامی دوو ئیدارەی.

٥-ئۆپۆزسیۆن بوون بەگشتی لای ھاونیشتیمانیان سیحرەکەی بەتاڵ بووەتەوە، موھیمەیەکی نەماوە و خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە مانگانە مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرێت و گۆڕان ھەم دەتوانێت ئەمە بکاتە مەرجی بەشداربوون و ھەمیش دەتوانێت توانای حەقیقی حکومەت بگەیەنێت بەھاونیشتیمانیان، واتە ئەگەر پارە ھەبوو نەیدا، بۆ ڕای گشتی ڕون بکاتەوە.

٦-دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەکرێت بە دۆست و نەیار بوترێت، ڕاستە ئێمە ڕکابەری یەکترین، بەڵام دوژمنی یەک نین و دەتوانین لەسەر بەرژەوەندی ھاونیشتیمانیان ڕێکبکەوین ڕق و بەرژەوەندی حزبی وەلاوە بنێین.

٧-دەستور و ژمارەیەک پرۆژە یاسای گرنگ ھەیە، دەکرێت بەچونە حکومەتی گۆڕان و ڕێکەوتن لەگەڵ پارتیدا لەبەرژەوەندی خەڵک پەسەند بکرێت، ئەمەش دەبێتە دەستکەوتی گەورە بۆ گۆڕان و دواجاریش ھاونیشتیمانیان لەداھاتودا سودی گەورەی لێدەبینن.

٨-گۆڕان دەبێت وەزارەت وەربگرێت نەک وەزیر و دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت بۆ چاککردنی ئەوپنت و کێشانەی لەوەزارەتەکاندا ھەن و ئاستەنگیان بۆ خەڵک و پێشکەوتن دروستکردووە.

٩-گۆڕان بەدەرەجەی یەک بەرپرس دەبێت لەو وەزارەتانەی کەخۆی وەریدەگرێت و دەتوانێ بەخزمەتکردن بیکات بەدەستکەوتی گەورە بۆ ھاونیشتیمانیان و بۆ خۆشی.

١٠-گرنگە ئەوکەسانەی گۆڕان دەیانێرێتە حکومەت کەسانی دەستپاک و ئازابن و سێ مانگ جارێک ڕاپۆرت پێشکەش بکەن بە ژووری حکومەت و پەرلەمان و تیایدا، چالاکییەکان و ئاستەنگ و دەرفەتەکان بخەنەڕوو، بزوتنەوەکەش بەھەموو توانایەوە لەپشتیانەوە بێت.

١١-بەگشتی ھاونیشتیمانیان بێزار بوون لەقسەکردن و ھاتوھاوار و کردارییان دەوێت، وەک گوتراوە یەک کردار لە ملیۆنێک قسە دەدات، کەسیش ناتوانێت موزایدەی ئۆپۆزسیۆن بوون بکات بەسەر گۆڕاندا، چونکە گۆڕان پێش ھەمووان ئۆپۆزسیۆن بونی چەسپاند.

١٢-من دەزانم پارتی نایەوێت لەماوەی بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا، دەستکەوتی گەورەی ھەبێت، برڵام خۆ گۆڕانیش سیاسەت دەکات و چاوەڕێی ڕەحمی پارتی ناکات و پێشم وانییە پارتی بتوانێت دەستکەوتەکان بۆخۆی ببات.

١٣-باشترە وەزیر و بەرپرسانی گۆڕان لە پێش ھەموو لایەنەکانی ترەوە ھاوکار و ھەماھەنگی پەرلەمان بن و ھەرکات پەرلەمان بانگھێشتی کردن ئامادەی بەردەم پەرلەمان بن.

١٤-گۆڕان ھەموو توانای خۆی بخاتەکار، بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی بەدامەزراوەیکردنی حکومەت سەرپێبخات، ئەوکات ئەگەر خەڵکیش بۆ ھەڵبژاردنی دواتر دەنگی پێنەدەن، ئەوە دواتر تێدەگەن کە ھەڵەی گەورەیان کردووە و دێنەوە بۆلای گۆڕان.

١٥-گۆڕان چۆن پەرلەمانی کرد بەدەزگایەکی کاریگەر و ھی ھاونیشتیمانیان، دەتوانێت حکومەتیش بکات بەدامەزراوەی کاریگەر و ھاونیشتیمانیانیش بەھی خۆیانی بزانن.

ڕەنگە زۆر کەس باسی کابینەی پێشووی حکومەت بکات، دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت بھێننەوە، باس ٢٤ کورسی بکەن، بەڵام بەڕای من ئەوانە لە زروف و دەورانێکدابوو، کەپارتی خۆشی دەیزانی لەڕووی نێودەوڵەتیەوە بۆی دەچێتەسەر، لەلایەکی تریشەوە وەزیرەکانی گۆڕان لەماوەی کارییاندا، کاری زۆر باشیان کردبوو، بەدانپێدانانی دۆست و نەیار.

ئینجا لەوکاتەشدا گۆڕان دەستی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم برد، کە پارتی ئامادەی ھەموو شتێک بوو، تەنیا ئەو پۆستە لەدەستنەدات، یانی بەقەولی خۆیان ھەیبەتی نەشکێنن، بەڵام ئیتر دیارە پارتی ئەمجارە ئەگەر ئەوەشی بوێت دەتوانێت بیکات بەبێ ھیچ لایەنێکی تر، واتە ئەمجارە کلاسیکۆ لەنێوان پارتی و گۆڕاندا نابێت و بگرە بە ڕێکەوتن دەتوانن بەشێک لەداواکارییەکانی گۆڕان لەو یاسایەدا جێگا بکەنەوە، واتە کورت و کرمانج چیتر ھیچ ھێزێک ناتوانێت شەڕەقۆچ لەگەڵ پارتیدا بکات و دەتوانێت بەڕێکەوتن بەشێک لە داواکارییەکانی بسەپێنێت، بەداخەوە ئەمە واقیعێکی تاڵە و چارەیەکی ترمان نییە.

تکایە کەس تۆمەتی پۆست و شت نەداتە پاڵمان، ھەرچەندە ئەوانەشی پۆست وەردەگرن لە ئێمە باشتر و خەمخۆرتر نین بۆگۆڕان، ئەوەی نوسیومە تێگەیشتنی خۆمە و بەسنگی ڕوتەوە ڕوبەڕوی ھەموو تۆمەتەکان دەبمەوە باکم بەکەس نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی