ڕۆڵی ڕەوەندی كوردی

ڕۆڵی ڕەوەندی كوردی

نەبەز جەلال


708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

چاو خستنە سەر جوڵەو، بەكارهێنانی ڕەوەندی كوردی، وەك مرازو هێزێكی كاریگەر، بۆ گروپ و لایەنێكی سیاسی دیاریكراو، جگە لە ئامادە سازییەكی بچوك، بۆ خوڵقاندنی دۆخی پەستان و، واڵاكردنی زیاتری دەرگای بەرژەوەندییەكانە، لە بازنەیەكی داخراودا، بۆ وەرگرتنی پۆست و پایەی دەسەڵات، بەدڵنیاییش وەك سەركەوتن هیچ شتێك لەسەر گۆڕینی دۆخی سیاسی ناوچەكە ناگەیەنێتە ئامانج.

ئەو هەنگاوەش جگە لە بە هەدەر دانی وزەیەكی شاراوەی زۆرو كۆكراوەی بێ كۆتای، ڕەوەندی كوردییە، بێزاركردن و گەیشتنیشیانە بە ڕۆحی شكست و ڕەش بینییەكی خراپ، بۆ ئایندەو بێ ئومێدبوون بە هیواكانی ووڵات.

بەهەمان شێوەش دەبێتە هۆكاری پەرتەوازەیی زیاتری میللەت و سەر خستنی چەند سەرێكی قۆقزیشە، بۆ بەشی سەرەوەی گەمە سیاسیەكەی پێی دەچنە نێو دەسەڵاتی هێز و پلەی سیاسییەوە، لە خولی خولانەوەی خولێكی چاوبەستی تردا، بۆ ڕەوەندی كوردی وەك تەماشاكارێكی دورە دەست.

گەر لە نێو ئەم گەمە ناڕەوایی سیاسی و كەڵك چێتی كردارانەدا، بگەیتە هەر پۆست و پایەیەكی دەسەڵاتی سیاسی، ئێستاش نەبێ لە ئایندەدا،  جگە لە چنینەوەی بودەڵی و كاڵفامی سیاسی، هیچی تر نا چنیتەوە بۆ خەبات و مێژووی تێكۆشان.
 
هەر وەك زۆر گەلێك لەوانەی ڕابوردوون و هەندێكیشان لە ئێستاشدا لەبەر چاون، كە بە چی ناو زەد دەكرێن و خاوەنی چ جۆرە نرخێكن لە نێو خەڵك و تەنانەت حیزبەكانی خۆشیاندا. 

رەوەندی كوردی كەمافی دەنگدانی وەك پێویست پێ نەدرێ، وەك هاونیشتیمانی راستەقینە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێ، دیارە بەم كێشان و پێوانە ئەزمونییەی ڕابوردوو، ڕەوەندی كوردی بەگشتی مایە پوچی رەنج بە خەسار لەبن سێبەری چاوەڕوانیدا دەوەستێت و، بە دابڕاوی دەبێتەوە هەمان جۆر لەكەرەستەی خزان بە ملكەچی فەرمانەكانی ناوەوە و تەواو كاری بەرنامەكانی ویستی گروپ و دەستەی بەرژەوەند خواز بۆ خواستی كەسی.

 تاكە كارێكی رەوەندی كوردی كەدەبێ هەوڵی ڕاستەقینەی بۆ بدات، خۆ كۆكردنەوەو خۆ ڕێكخستنە، بە لۆبی كردن، داینەمۆی وزە بزوێنەرەكەیەتی لە دروستكردنی ناوەندێكی سەربەخۆی كاریگەر و بڕیار بەدەست، بۆ گشت بوارەكانی خزمەت بەخەڵكی كوردستان،لەڕێگەی دەزگا پەیوەندیدار وفەرمییەكانی ووڵاتانی دەرەوەیە بۆ میللەت.

ئەوكات ڕۆڵی ڕاستەقینەو كاریگەری ڕەوەندی كوردی دێتە بەرهەم و دەچێتە قۆناغێكی مێژوویی گرنگەوە، لەو گێرە كردنەی گروپ و حیزبیش قورتاری دەبێ و سەربەخۆ و كاریگەر دەمێنێتەوە.

نەبەز جەلال



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved