سەرپشككردنەكەی عەبدولمەهدی

20/11/2018

بەختیار شاوەیس

كوتلە سیاسیەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەگشتی و هەردوو فراكسیۆنی سائیرون و فەتح بەتایبەتی بە هۆی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی مەرجەعی باڵا ، بەوپەڕی سەخاوەتەوە عادل عەبدولمەهدیان سەرپشككرد بۆ ئەوەی بەرنامەی كابینەی وەزاری چوار ساڵی داهاتوو دابڕێژێت و ئەو كەسانەش دیاری بكات كەشایستەو پەسەندكراون و هاوكاری دەبن لەجێبەجێكردنی ئەم ئەركە گرانە لەم دۆخە هەستیار و لەم كاتە ناسكەدا كە عیراق و كۆی پڕۆسەی سیاسی پیایدا تێدەپەڕێت

سەرپشككردنەكەی عادل عەبدولمەهدی تەمەنی كورتتر بوو زیاد لەوەی كەچاوەڕێمان دەكرد و لەماوەی دووهەفتەدا دەركەوت ، كەئەم پاسە گەورەیەی كەدراوە بەسەرۆك وەزیران چ نیە جگە لەگەمەیەكی سیاسی گەورەو كوتلەسیاسیەكان لەیەكەم تاقیكردنەوەدا گەڕانەوە سەر قەوانە كۆنەكەو هەریەكەیان بەمەرجی جێبەجێكردنی داخوازیەكانیان پشتیوانی لە سەرۆك وەزیران دەكەن. لەیەكەم وێزگەدا دەركەوت كە ئەو سەرپشككردنە گەورەیە بۆ پیاوێك كە خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانی و تەنانەت فراكسیۆنی سیاسی نیە، ئەوەندەی تەكتیكیە بەنیو هێندە ستراتیژی نیە.دەركەوت ئەوەندی هەوڵه بۆ قایمكردنی جێپێی حیزبی بەنیو هێندە هەوڵێك نەبوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی نیشتمانی و دەرهێنانی وڵات لەو گێژاوە سیاسی و لاوازیە ئابووری و دۆخە تێكچنراوەی كەتێی كەوتوە.

سەرپشككردنی سەرۆك وەزیران بە مەرج، مەرجێك كە پاشماوەی ململانێ سیاسی یە توندەكانی ڕابردووی لەخۆیدا هەڵگرتوە و دەكرێ لەئایندەی نزیكدا بەسیناریۆی نوێ دووبارە بێتەوە.ئەگەر نا ئەمە چۆن دەسەڵاتێكە كە بۆماوەی چەند هەفتەیەك لەدوای وەرگرتنی متمانه بۆ ١٤ وەزیر بەڵام لەسەر وەزیرێك یان دوان سەرۆك وەزیران نەتوانێ بەتەواوی كابینەكەی ڕابگەیەنێت و بەناچاری لەبەیانیەكی زوودا سەردانی بازاری عەلوەی ڕەشید بكات لەبەغدادو لەگەڵ كاسبكارەكاندا گفتوگۆی نرخی میوە و سەوزەبكات لەبری چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری حكومەتەكەی لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و باقی وەزیرەكانی تریدا.

ئەم جۆرە سەرپشكردنە ڕووپۆش و دەمامكدارە ، هێندە تاقەت پڕوكێنە دەبینین لەماوەیەكی كورتدا سەرۆك وەزیران پەنای برد بۆ دەستەواژەی دەستلەكاركێشانەوە و بەروونی وتی كۆتا چەكمان دەستلەكاركێشانەوە دەێت.

پرسیارەگرنگەكە ئەوەیە كە ئایا چەك بۆ دەستلەكاركێشانەوە دەبێت؟ 

دەبێت كام گوشاری ئەملا یان ئەولا یان هەردووكیان وایانكردبێت، كە زۆر زوتر لە مانەوەی لەپۆستی جێگری سەرۆككۆمار، یان لەوەزارەتی نەوت جارێكی تر عادل عەبدولمەهدی كەڵكەڵەی دەستلەكاركێشانەوە كەوتوەتەوە مێشكی؟ پرسیارێكە كە مەگەر بۆ وەڵامەكەی تەنها بڵێین الله یعلم.

سەرباری ئەم حەقیقەتە بەهۆی لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی هەندێك لەوەزیرەكان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری ، كەلەحاڵەتی لێسەندنەوەی متمانە لە تەنها سێ وەزیر دەبێتە هۆی شكستی كابینەكە و وەك عەبدولمەهدی خۆیشی ئاماژەی بۆكرد دواجار دەبێتە ناشرینبونی كەسایەتی سیاسی و ڕابردووی بنەماڵەكەی كەئەمەی پێقبوڵ ناكرێت. هەروەها سەرەڕای ئەوەی كە هەوڵەكان چڕبوەتەوە بەوئاڕاستە‌ی كەلەم هەفتەیەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هەر هیچ نەبێت ناوی شەش وەزیر بخاتەبەردەستی ئەندامانی نوێنەران، بەڵام ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان وتوندبونەوەی گرژیەكان بەم شقل و شێوازە هەر بەتەنها مەترسی لەسەر كاندیدی پەسەندكراوی مەرجەعیەتی باڵا و جەمسەره ناوخۆیی و دەرەكیەكان دروست ناكات،بەڵكو لەئەگەری سەرنەكەوتنیدا و دەستلەكاركێشانەوەیدا مەترسی بۆ سەركۆی پڕۆسەی سیاسی دروست دەبێت و هەوڵی زۆر و كاتێكی زۆری دەوێت بۆ دۆزینەوەی كەسایەتیەك كەزۆرینە لەسەری كۆك بن و دواجار وڵات لەبری ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو كارەباو هەلی كار بۆ گەنجان ، گیرۆدەی یەكلاكردنەوەی ئەو گفتوگۆ بێزەنتیە دەبێت كە ئایا كام لایەن خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی یە.

بەختیار شاوەیس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی