پیربوونی پێش وەختی ئۆپۆزسیۆن

پیربوونی پێش وەختی ئۆپۆزسیۆن

عومەر عەلی محەمەد


116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە ئەو وڵاتانەی كە دیموكراسی هەیە و سیستمەكەیان بە زۆری پەرلەمانیە و فرەیی سیاسی هەیە، لەكاتی هەڵبژاردندا هەموو پارتە سیاسیەكان توانای ئەوەیان نیە كە زۆرینە بهێنن و حكومەت پێكبهێنن یان بەهۆی جیاوازی پڕۆژەكانیان و بیرو بۆچوونیان لەگەڵا هەندێكی تریاندا نایانەوێت بەشداری پێكهێنانی حكومەت بكەن ،لەبەرئەوە لە دەرەوەی حكومەتدا دەمێننەوەو لە پەرلەماندا دەبنە ئۆپۆزسیۆن.

لە وڵاتە دیموكراسیەكاندا ئۆپۆزسیۆن بنەمایەكی بەهێزە بۆ هێشتنەوەی دیموكراسی بە زیندوویی، چونكە كار دەكات لەسەر دیاریكردنی ناتەواویەكان و چاودێری حكومەت دەكات لەسەر گەندەڵی و لەهەمانكاتدا لێپرسینەوە لە وەزیر و بەرپرسەكانی حكومەت دەكات و كەمتەرخەم و گەندەڵكاران دەداتە دادگا، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆن بەردەوام كار لەسەر گەشەپێدانی هۆشیاری سیاسی جەماوەری دەكات و زۆرتر هانیان دەدا بۆ بەشداری سیاسی و كۆمەڵایەتی، هەوڵدەدات كە بیانكات بە وزەیەكی ئیجابی بۆ ئەوەی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و هەر هێزێك خزمەت بە هاوڵاتیان و نیشتمان بكات لە هەڵبژاردنەكاندا ئەو لایەنە سەربكەوێت.

ئەوەی ئێمە بە درێژایی 27 ساڵی رابردوو لە كوردستاندا دەیبینین، حاڵەتێكی تایبەتی كوردستانی وەرگرتووە، واتە پارتە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەتا ئێستاش لەسەر بنەمای پلانێكی ستراتیجی هەنگاویان هەڵنەگرتووە، هەتا وەك ئەزموونێك كەڵك لە مێژووی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی خۆیان وەربگرن، ئەمەش دەگەڕێتەوە لەلایەك بۆ ئەو دیموكراسیە ناتەواوەی كە لە كوردستاندا هەیە، كە نەیتوانی لە سەرەتای راپەڕینەوە بەپێی پلانێك گەشە بكات و دامەزراوە دیموكراسیەكان بە چالاكی وەك پەرلەمان و دادگاكان و میدیاكان و كۆمەڵگەی مەدەنی بخاتە سەرپێی خۆی و چالاكانە كار بكەن، لەلایەكی تریشەوە خودی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش تەنها لە چوارچێوەی كاری رۆژانەدا سیاسەتیان كردووە و بەپێی ئەو بارودۆخەی كە هەیە لە پێناو مانەوەدا هەڵس و كەوتیان كردووە.

هەتا ساڵی 2009 دەتوانین بڵێن كە راستە چەند پارتێك لە دەرەوەی دەسەڵات هەبووە، بەڵام ئەم پارتانە كەمترین سیفەتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان تیا هەبووە، چونكە نەیانتوانیوە راستەوخۆ روبەڕووی دەسەڵات ببنەوە، لەلایەكی تریش بەردەوام چاویان لەوەبووە كە ببنە بەشێك لە حكومەت و بەشداری حكومەت بكەن ،زۆربەشیان بۆ درێژەدان بەكارو چالاكی سیاسیان هاوكاریان لە پارتە دەسەڵاتدارەكان وەرگرتوە ، بەمەش سیفەتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان لە خۆیان داڕنیوەو بوونە بەشێك لە دەسەڵات، لەهەمانكاتدا ئەو هێزانە لەبەرئەوەی هێزی جەماوەری گەورەنەبوون و لە پەرلەمانداو كوتلەیەكی بەهێز نەبوون ،هەرگیز نەیانتوانیوە لە هیچ وێستگەیەكدا ببنە كارتی فشاری بەهێز لە ناوپەرلەمان كە بتوانن چاودێری حكومەت بەباشی بكەن یان گەندەڵكاران بدەنە دادگا. لەبەرئەوە بوونیان لە پەرلەماندا زۆرتر رەمزی بووەو لە ئاست گەندەڵی و كارەكانی حكومەت و بەرپرسەكانی و رەوشی دیموكراسی بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

لەدوای 2009 كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو رەوشەكە گۆڕا ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دروست بوو، توانیان هەندێك كاری باش بكەن و لە پەرلەماندا فشار دروست بكەن و دەستیاندایە بانگكردنی وەزیرەكان و كۆمەڵێك پرۆژە بڕیاریان ئامادەكرد بۆئەوەی خزمەت بە هاوڵاتیان و پرۆسەی سیاسی بكەن، ئەم قۆناغە بە گەشاوەترین قۆناغی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دادەنرێت، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 2013 كە ئەنجامەكان دەرچوون، رەوشەكە گۆڕا بە بارێكی تر، لەم قۆناغەدا ئیتر پارتە سیاسیەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان جۆرێك لە هیلاكبوون و پیربونیان پێوە دیارە، لە هەمانكاتدا لەبەرئەوەی لەدوای هەڵبژاردنی 2005ی بەغدا رەوشێكی نوێ‌ لە عێراقدا دروست بوو هەرچەند جەخت لە سیستمی پەرلەمانی دەكرێتەوە لە عێراقدا كە دەبوایە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا دروست ببوایە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەبەر ئەو گەندەڵیە زۆرەی كە باڵی كێشا بەسەر حكومەتی عێراقدا دەستیان دایە دروستكردنی حكومەتی تەوافوقی و بەمەش هەموویان بوونە بەشێك لەو گەندەڵیەی كە لە عێراقدا هەیە و لەدوای ئەوە تۆ هەست ناكەی لە عێراقدا سیستمی دیموكراسی هەیە، چونكە هەموویان لە حوكمدان و هەمووشیان بەشدارن لە گەندەڵی و هیچ كەسێكیش قسەیەكی نیە لەسەر وێرانبوونی دەوڵەت و خراپ گوزەرانی هاوڵاتی و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان.

لەدوای 2013 ئیتر هێزە سیاسیەكانی   كوردوستان چاوی لە عێراق كرد، هەموان چوونە حكومەتەوە، لێرەوە سەرەتای بێ‌ هیوا بوونی خەڵك دەست پێ‌ دەكات، چونكە خەڵك بۆیە دەنگی بەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانە دا هەتا شەڕی گەندەڵیان بۆ بكەن و دیموكراسی گەشە پێ‌ بدەن و گەندەڵی بنەبڕ بكەن و سوربن لەسەر پڕۆژە چاكسازیەكانیان، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ویستەی خەڵك، ئەوان چوونە حكومەت، لەم كاتەدا ئەو پارتانە دوو گوتاریان هەبوو، یەكێكیان لە میدیاوا رەخنەیان لە حكومەت دەگرت و وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵەیان دەكرد، بەڵام واقیعەكە شتێكی تری نیشانی جەماوەر دەدا ئەویش ئەوەبوو كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدارن و یەكی چەند وەزارەتێكیان وەرگرتووەو لە پۆستەكانی تری حكومەتیشدا بەشدارن، بەم هەنگاوەیان نیگەرانیەكی گەورەیان بۆ خەڵك دروستكرد، چونكە چاو بڕینە پۆست و ئیمتیازان وایكرد كە جەماوەر لە دەست بدەن و نەیانتوانی لە بەرەی گەلدا بمێننەوە، جەماوەر ئەمەی لەبیر نەچوەوە لەبەرئەوە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بۆ نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان ،سەرەڕای كەم و كوڕی و تەزویرەكانیش، بەڵام جەماوەری ناڕازی هەڵوێستی خۆی دیاریكرد و بەرامبەر هەڵس و كەوتی چوار ساڵی رابردووی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان قسەی خۆی كرد، ئەویش ئەوەبوو بەپێی ئەنجامی راگەیاندراوەكانی هەڵبژاردن نزیكەی 43%ی خەڵك نەچوو بۆ دەنگدان (لەراستیدا رێژەكە لەوەش زیاترە)، ئەمانە زۆرینەیان دەنگدەری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بوون، بەمەش دەنگی ئەو پارتانە تا ڕادەیەكی بەرچاو دابەزی و ئێستا لە پەرلەماندا ناتوانن رۆڵی كاریگەری گەورە بگێرن بۆ چاودێری یان لێپێچینەوەی بەرپرسان (ئەگەر بە ئۆپۆزسیۆنی بمێننەوە)،لە لایەكی ترەوە دەبینین لە ئێستاشدا هاوهەڵوێست نین و ئەگەری ئەوە هەیە كە دوو لایەنیان بچنە حكومەت و دوانی تریان بە ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، بەمەش ئۆپۆزسیۆن جارێكی تر دابەش دەبێت و بەربەستێكی تر لە نێوان دەنگدەرو ئەو حیزبانە دروست دەبێت ،بەمەش جەماوەر هەست دەكات ئەو حیزبانە هیلاك بون و پیربونی پێشوەختیان پێوە دیارەو توانای رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بونیان لاواز بوە، كەواتە ئێستا سەرەتای دۆخێكی نوێیە كەدەتوانین ناوی بنێین پۆست ئۆپۆزسیون .

عومەر عەلی محەمەد



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved