لەكوردستان ڕاستی ئەنفالكرا!

21/11/2018

سەردار عەزیز

چەمكی ڕاستی لە لای گەلان و كولتوری تر، قسەی زۆر زۆری لە سەر كراوە، لای ئێمەی كورد جێگەی پرسیار نیە. وەك لە ماناكەیدا دیارە، ڕاستی لای كورد، یان لە زمانی كوردیدا، بەمانای ئەوە دێت كە هیچ لاری و پێچدانەوە و ناڕێكیكی تیادانیە. وەك دەڵێن وەك خۆی ڕێك و ڕەوان. ئایا ڕاستی چۆن بەرهەم دێت، یان دەدۆزرێتەوە، یان دەوترێت، كێشەیەكی ئەوتۆ نیە لە دونیای ئێمەدا. ڕاستی بە سروشتی دەبێت یەك ڕاستی بێت، گەر دوو ڕاستی هەبێت، ئەوا یەكێكیان ڕاست نیە، ئەمە دیدی باو بوو. ئەمرۆ لە گەڵ سەرەتاتكێی ئەدەبیاتی پۆستمۆدرێندا، خەڵك هەن بە ئاسانی دەڵێن ڕاستی نیە، ئەوەی هەیە تەنها ڕایە، یان لێكدانەوەیە. لێرەدا نەك هەر ڕاستی وون دەبێت، بەڵكو درۆش وون دەبێت. كە ڕاستی نەبوو درۆش نیە. بەڵام كێشەیەك لێرەدا هەیە، بۆ نموونە، ئەگەر تاوانێك ڕوبدات، هەركەس بێت بە دیدی خۆی بیگێڕێتەوە، هەموانیش دیدیان ڕاست بێت، ئەوا چۆن دەتوانرێت بڕیار بدرێت كە تاوانەكە چۆن بوەوە و كێ تاوانبارە. كەواتە جیاكاری هەیە لە نێوان، حەقیقەت و ڕاستی، فاكت و تروپ. 

ئەگەر گریمان فاكت ئەوەیە كە روویداوە، ئەوا كێیە ئەوەی بڕیار دەدات كە ئەوە چیە كە رویداوە، لە دادگا پرۆسەیەك هەیە. هەتا سەدەی سیانزە، بە تایبەت لە ماگناكارتادا، لە بەریتانیا خودا بڕیاردەری ڕاستی بوو، لەوەو دوا مرۆڤەكان بوون بە بەشێك لە پرۆسەی دەستنیشانكردنی ڕاستی. 

لە دونیای ئێمەدا كە پرسی دادوەری و دادگایی لە پانتایی دادگاوە هاتوە بۆ ناو میدیا و سۆشیال میدیاكان، وەرچەرخانێكی ترسناك روویداوە لە پرسی ئەوەی كە ئایا ڕاستی چیە، فاكت چیە، ئەوە چیە رووئەدات، یان روویداوە، یان چۆن روداوێك رونادات، بەڵام لە هەناو میدیا و سۆشیال میدیادا رودەدات، لای خەڵكیش وەها مامەڵە دەكرێت كە فاكتە. لە ڕاستیدا بەرهەمهێنانی ڕاستی لە دونیای ئێمەدا، پێش هەموو شتێك، بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەیەكی ئابوریە و ئابوری سیاسیە، لە ئاستی جیاوازدا. بەڵام ئەم پرۆسەیە ڕوون نیە.

ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەچێت: یەكەم، لە قازانجی نوخبەیەكدایە كە دۆخەكە بە پڕ لە ململانێ و گرژی بمێنێتەوە. دۆخی شەڕی ناوخۆ، چونكە ئەمە زەمینە دەسازێنێت بۆ باڵادەستی هەست و سۆز و ڕق و دوبەرەكی و ڕەش و سپی و وون بونی هەموو هەوڵێكی گەڕان بە دوای ڕاستی یان فاكتدا. بۆ ئەوەی ئەمە مەیسەر بێت، بواری میدیا ئیشی ئەوەیە كە ئەمە فەراهەم بكات. ئەم ئیشە بنەمای بژێوی خەڵكیكی زۆرە. كۆمەڵگای پەرتەوازە، لە دۆخێكی وەهادا بە ئاسانی ناتوانێت بە سەر پەرتەوازەییدا زاڵبێت، چونكە پەرتەوازەیی سەرچاوەی نانی زۆرێكە كە بڕیار دەدەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە. جارێك برادەرێكی لوبنانی پێی ووتم، ئەگەر گرژی نەمێنێت لە نێوان پێكهاتەكانی لوبنان خەڵكێكی زۆر بێكار دەبن. ئەمە بۆ دونیای ئێمەش ڕاستە. 

كەواتە لە كاتێكدا ئێمە هیچ بیرمەندێكمان نیە كە ڕاستی كردبێتە بواری كاری خۆی، وەك چۆن گەلانی تر لە دونیادا دەیان بیرمەندی گەورەیان هەیە كە تەنها كار لە سەر چەمكی ڕاستی دەكەن، لە هەمانكاتدا كەلتوری ئێمە كەلتورێك نیە كە گرنگی بدات بەوەی كە ئایا ئەوەی دەیبینی، دەیبیستی، دەیخوێنیتەوە چەندی بە چەندە. 

لە گەڵ گەشەی مۆدێرنەدا، ئامرازی تر هاتنە ناو بواری زانینی ڕاستیەوە، لە نێویاندا ژمارە. لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە ژمارە بوو بە ئامرازێكی سەرەكی زانین و ڕاستی. بەم پێیە بۆ ئەوەی بزانیت دەبێت فاكت بەدەستبهێنیت، هەروەها دەبێت ژمارەكان بزانیت. ژمارە كرۆكی بیری ماتماتیكیە. بیری ماتماتیكی تەنها لە بڕدا خۆی نابینێتەوە، بۆ نمونە تێگەیشتنی ئێمە بۆ یەكسانی، دادپەروەری و زۆر بەهای تر، ماتماتیكیە.

لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، ژمارە هێندە زۆر و ئاڵۆزبوون، داتا هاتە ئاراوە. داتا بە مانای ئەوەی كە بڕی ژمارەكە هێندە زۆر و ئاڵۆزە كە لە توانای مرۆڤدا نیە، پێویست دەكات كە ئامێری بۆ بەكاربهێنین. هەریەك لە ئەم سێ یەكەی زانیارییە و زانینی ڕاستیە لە دونیای ئێمەدا لە كێشەدایە. 

ئەم دۆخە تەنها كاریگەری لە سەر ئەوە نیە كە ئایا دەزانیت یان نازانیت. بەڵكو كاریگەری هەیە لە سەر دیموكراسی، دۆخی كۆمەڵایەتی، دۆخی تاكەكەسی و دەرونی، هەروەها پرۆسەی گۆڕانكاری. 

هاتنی تەكنەلۆجیا بۆ ناو ئەم دۆخە دژە مەعریفی و دژە زانیارییە، هێندەی تر دۆخەكەی ترسناك كردوە. لە دونیایەكی وەهادا دەتوانیت مرۆڤەكان كۆیلەبكەی بە هەست و سۆزی تایبەت، لە جوگرافیای تایبەتدا، بۆ ئەوەی بەو جۆرە هەڵسوكەوت بكەن كە دەتەوێت. ئەمە فەیس بوك بە زۆرێك لە مرۆڤەكانی دونیای دەكات. هاتنی فەیسبوك ترسناكترین هەنگاوە لەم بوارەدا. ئەگەر پرۆسەی زانین پرۆسەیەكی ئیپستمۆلۆژی سەخت بێت، ئەوا ئەمڕۆ بۆ هەموو كەسێك بە ئاسانی دەستبەر نابێت، بۆیە كاتێك خەڵك وەها دەزانن ڕایان هەیە، یان كاریگەرییان هەیە، لە ئەنجامدا بەشێكن لە پرۆسەی درێژەدان بە دۆخی هاكەزایی. ئەمە لە كاتێكدا هیچ هێندەی ئەوەی سەخت نیە كە مرۆڤێك لە ئەفسانەیەك دوور بخەیتەوە. ئەفسانەسازی ڕۆژانە لە بواری جیاوازدا لە ژیانی ئێمەدا دەسازێت، لە بواری رێكلام، دەسەڵات، ئاین، و زۆر بواری تر.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی