بارزانی لە بەغدا

22/11/2018

كارزان هه‌ورامی

زۆر شت لە عێراقی داهاتوو دەبێت راست بكرێتەوە, بەبێ راستكردنەوەی ئەوانە, ئاستەمە كوردستان و عێراق وەك یەك هاوبەشی راستەقینەی لەوڵاتێدا بەئارامی بژین, مادام كوردستان بڕیاری داوە لەگەڵ بەغدا پێكەوە شەراكەتی راستەقینە جێبەجێ بكەن, دەبێت ئەو ئاستەنگانە تێپەرێنن,  بۆ تێپەراندنی ئەو گرفتانە, دەستپێشخەری (بارزانی) بۆ چوونە بەغدا زۆر گرنگ بوو, چونكە ئەگەر بارزانی, مەیدانەكە لەبەغدا چۆڵ بكات, بێ گومان خەڵكانێكی دیكە بڕیاری خۆیان بەهێز دەكەن كە دواجار بەرژەوەندی كوردی تێدا نابێت, وەك ئەوەی لەسەر دەمی (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كرا, لەبەر ئەوەی لە رۆژەكانی كۆتایی دەسەڵاتی. كورد لەبەغدا یەكگرتوونەبوو و لاوازبوو لە ئاستی سیاسی بۆیە هەرچی بڕیاری خۆی هەبوو لە رێگای پەرلەمانەوە شەرعیەتی پێوەرگرت, وەك پرسی كەم كردنەوەی بودجەی كوردستان و پرسی بەهێزكردنی حەشدی شەعبی و بریاردان لەسەر هێرشی بۆسەر خاكی كوردستان و داگیركردنی خاڵە گومرگییەكانی كوردستان, بارزانی, رەنگە لەمەودوا تێروانینێكی دیكەی بۆ عێراقی داهاتوو هەبێت, راستە ئێمە رەخنە لە هەڵوێستی عێراق دەگرین, بەڵام بۆشایی كورد لە ناوەندی بڕیاردانی عێراقدا وای كردووە كە دەرفەتی زیاتر بدەین بەدەستەوە تا بەغدا دان نەنێت بەمافەرەواكانمان, ئیتر رەنگە بارزانی, بیەوێت بەم سەردانە بۆشایی ناوەندی بڕیاری كورد لەبەغدا پربكاتەوە.

بەشێكی دیكەی ئامانجی سەردانی بارزانی, بۆ بەغدا رەهەندێكی سیاسی هەیە, (عادل عەبدول مەهدی), بۆ ئەوەی پشتیوانی  لەسەقامگیری سیاسی بكات و پابەندبێت بە دەستوورەوە, پێویستی بەپشتیوانی لایەنە عێراقییەكان هەیە, لەسەرووی هەمووشیانەوە بارزانی, وەك مەرجەعیەتی سیاسی كوردستان, بەڵام لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەهۆی نەبوونی ئەو پشتیوانییەوە, (مەهدی) هەرەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كردووە. بۆ ئەم قۆناغەش دەست لەكاركێشانەوەی (مەهدی) خراپە, چونكە جۆرێك لە راستكردنەوەی هەڵەكانی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی هەیە, بەتایبەت لەسەر پرسی بودجە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان, بۆیە ناكرێت لەم قۆناغەدا كە ئەم راستكردنەوانە لەبەرژەوەندی كوردە, پشتیوانی لێ نەكرێت, ئەمە جگە لەوەی عادل عەبدول مەهدی, لەماوەی رابردوو چ لە ئەنجومەنی حوكم چ لە وەزارەتی نەوتی عێراق, دۆستێكی نزیكی كورد بووە و لەگەڵ بارزانیش هەڵكشان و داكشانێكی سیاسی نەبووە, كە دواجار ئەمە رێگا بۆ ئەوە خۆش دەكات لێگەیشتنی سیاسی لەنێوانیان زیاتر بێت.

خۆ ئەگەر بارزانی, وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بچێتە بەغدا, پارتی چەندە گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات بۆ داهاتوو زۆر گرنگترە بایەخ بەیەغداش بدات, چونكە ئەو گۆشەگیریەی لەسەر پارتی هەبوو بۆ تاوانەوەی وەك حزبێكی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق, نەك لەناو نەچوو بەڵكو بەهێزتری كردوو كردیە حزبی ژمارە یەك لەسەر ئاستی عێراق, ئەگەر بەپێی واقعی سیاسیشی بێت, ناكرێت حزبی ژمارەیەكی عێراق, دوورە پەرێزبێت لە ناوەندی بڕیار و لە هەرێمی كوردستانیش پارتی 45 كورسی پەرلەمانی بردووە, ئەگەر لایەنی عێراقیش بیانەوێت گفتووگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن, دەبێت لە دەرگای پارتییەوە كلیلی گفتووگۆكان بكەنەوە, واتە سەردانی بارزانی بۆ دەرخستنی واقعی بەهێزبوونی پارتییە لە دوای هەردوو هەڵبژاردنی كوردستان و عێراق.

كاری سیاسی پێویستی بەپشوودرێژی هەیە, بارزانی لەسەروبەندی بانگەشەی ریفراندۆم گوتی: "ئێمە ئەگەر ریفراندۆمیش بكەین دوای ریفراندۆم گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامی پێدەدەین". واتە هەرێمی كوردستان لەهیچ یەكێك لە قۆناغەكاندا نییەتی دابرینی گفتووگۆی نەبووە لەگەڵ بەغدا, بۆ داهاتووش بەهەمان شێوە دەبێت, كوردستان لەدوای ریفراندۆم سیاسەتێكی عاقڵانەی كرد, بەوەی دووبارە دەستی كردەوە بە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا و لاپەرەیەكی تازە لە پەیوەندی هەردوولا هەڵدرایەوە, ئەمە رێگا لەبەردەم ئەو هەوڵانەش دەگرێت كە لەناوخۆی كوردستانەوە وەك یاریەكی سیاسی لەگەڵ بەغدا بەكاردەهێنرا بەتایبەت هەوڵی هەر حزبەو بەئاراستەی پەرتەوازەكردنی گوتاری كوردستان.

بەشێكی دیكەی گەرانەوەی پارتی بەبەهێزییەوە بۆ بەغدا رەنگە لەو روانگەوە بێت كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, لە بابەتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا رەچاوی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی نەكردووە, وەك (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: "ئەوەی یەكێتی كردی پێچەوانەی ئەو رێككەوتنە بوو لەنێوان باڤێڵ تاڵەبانی كورەگەورەی تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو", واتە ناكرێت پارتی لە بۆشایی لەدەست دانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رۆڵی نەبێت, بەتایبەت كە ئێستا وەزارەتی دارایی بەدەستەوەیە كەیەكێكە لە پۆستە سیادییەكان و 25 پەرلەمانتاریشی لەبەغدا هەیە كە سەرۆكایەتی چەند لێژنەیەكی هەستیار دەكەن, ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت هەمان ئەو رۆڵەی لە كوردستان دەیبینێت بۆ ئیدارەدانی وڵات لەبەغداش بیكات, چونكە ئەگەر وانەكات رەنگە پارتی لە حزبێكی سەرتارسەری عێراقییەوە وەك حزبێكی لۆكاڵی لێبێت.

كارزان سەباح هەورامی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی