مەسعوود بارزانی لە بەغدا

22/11/2018

ریبین فەتاح

1
مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم، سەرکردایەتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی کرد، ڕیفراندۆمەکە شکستی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو، کۆمەڵێک لێکەوتی نەرێنی لەپاش ڕیفراندۆمەوە دەرکەوتن، لەناویاندا لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاکی باشووری کوردستان. دواتر بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کێشایەوە.

2
ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد، لەلایەن هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە زیاتر وەک فەرماندەی حەشدی شەعبی ناسراوە، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فڕۆکەخانە پێشوازی کرا.

3
زۆر کەس لەبارەی شێوازی پێشوازی کردن و نەکردن لە بارزانی قسە دەکەن، بەگشتی ئەو تێڕوانینەیان هەیە کە پێشوازییەکە لەو ئاستەدا نەبووە، ڕەنگە چاوەڕوانییەکە ئەوە بێت کە سەرۆک وەزیران و سەرکۆمار پێشوازی بکەن، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، لەکاتێکدا سەرکۆمارە کوردەکە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و سەرۆک وەزیرانیش لە شوێنی خۆی، دیداری لەگەڵ بارزانی ئەنجامدا.

4
مەسعوود بارزانی ئێستە سەرۆکی هەرێم نییە و تەنیا سەرۆکی پارتێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان دا. قەبارەی پارتەکەی، قورساییەک لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەو دەدات. ئەو پێشوازییەی لەو کراوە، ڕادەی پێشوازی لە سەرۆکی پارتێکی کاریگەرە و هیچی تر. هەروەک ئەو تەنیا دەتوانێت بە قەبارەی کاریگەریی پارتەکەی، کاریگەریی دابنێت، نە زیاتر و نە کەمتر.

5
هەرێمی کوردستان لەپاش ڕیفراندۆم و بگرە لە پێش ڕیفراندۆم لەناو کۆمەڵێک قەیراندا بووە، قەیرانی ئابووری و سیاسی و شەڕی داعش و پاشان لاوازبوونی پەیوەندییەکان لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بەشێک لە قەیرانەکانیان قوڵتر کردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، پارتی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کەوتووەتە ژێر چەند قەیرانێکەوە کە لە شێوەی گەمارۆدا دەردەکەوێت، لەڕووی سیاسی، لەناوخۆ و لەئاستی عێراق، لەڕووی پەیوەندییەکان لەئاست وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دا، ئەوە وا دەکات پارتی هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەکەی. هەنگاوی لەپێش لە بەغداوە دەست پێدەکات.

6
پارتی کە لەناوخۆی هەرێمدا هێزی براوەی هەڵبژاردنەکانە، حکوومەت پێک دێنێتەوە و بەرپرسیارێتی تێپەڕکردنی دۆخەکەی زیاتر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەهەمان کاتدا چارێکی دیکەی نییە جگەلەوەی هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ڕێکبخاتەوە و هەمیش بەغدا وەک دەرچەیەک ببینێت بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی لەسەریەتی. خودی هەوڵە زۆرەکانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق، لەو ڕوانگەیەوە بوو کە پارتی دەیویست لەڕێگەی پۆستی سەرکۆمارەوە، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێک بخاتەوە، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کاتێک بەرهەم ساڵح لەبەردەمیدا قیت بووەوە، کێشەی پارتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەو خاڵەوە دەست پێدەکات.


کورد لەو دۆخەدا ناتوانێت لە بەغدا بێباک بێت، ئەگەر بەشێک لە هۆکارەکان بۆ هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یان گۆڕانکاری لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکە دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و ... هتد دەگەڕێتەوە، کە لەوەدا پارتی وەک حزبێکی حوکمڕان پشکی شێری بەر‌پرسیارێتییەکانی بەردەکەوێت.

ڕێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی