بارزانی لە بەغدا بێ ڕکابەرە

22/11/2018

کاوە شێخ عەبدوڵا

تەوقیتی سەردانەکە، بۆ شەخسیەت و کەسایەتی کاک مەسعود گرنگە چونکە ئێستا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی بەغدا، هیچ کامیان ڕکابەری سیاسیی و مێژوویی کاک مەسعود نین نە د.بەرهەم نە حەربولی سەرۆکی پەرلەمان نە د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران.

رکابەرەکانی بارزانی لە بەغدا، لە دوو قۆناغدا ناکۆکیی و ململانێکانیان گەیاندە ئاستی شەڕی میدیایی و شەڕی چەک و خاک داگیرکردن ئەوانیش مالیکی و عەبادی بوون. ئێستا ئەو دووانە هیچ ناونیشانێکی ڕەسمییان نییە.

بەڵام ئەم بێ ڕکابەرییە هیچ دەسکەوتێکی بۆ خودی بارزانی وەکو کەسایەتییەکی سیاسی گرنگی عێراق و کوردستان پێ نییە. چونکە کاک مەسعودیش وەکو ڕکابەرەکانی پێشووی بێ ناونیشانی ڕەسمییە. خاڵی زۆر بەهێز ئێستا لە بەغدایە نەک هەولێر، نوێنەرایەتیی ئەو بەهێزییەش لە سێ کەسایەتیی نوێدا بەرجەستەبووە ئـەوانیش سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانە.

بارزانی کە چووە بۆ بەغدا خاڵی لاوازی زۆرتر بەدواوەیە تا بەهێز. ئەو تا بە کینەی شەخسیی مامەڵە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا بکات، لە بەغدا ناتوانێ بچووکترین دەسکەوت بەدەست بێنێ چونکە کەسایەتی سیاسی د.بەرهەم بووەتە پێگەیەکی بەهێزی عێراقییەکان لای ئەمریکییەکان و جیرانەکانی عێراقیش. بۆیە هەولێر ناتوانێ تا حساب بۆ سەرکۆمار نەکات حساب لەسەر دەسکەوت هەڵچنێ.

هیچ کەسێک نەماوە لە بەغدا وەک شەخس رکابەریی کاک مەسعود بکات، بەڵام بەغدا ئێستا خاوەنی سیستم و دامەزراوەی دەوڵەتییە... جا با ڕووکەش و دەڵەمەشبێ...کەواتە کاک مەسعود بە نیسبەت بەغداوە بووە بە ڕابردوو چونکە دامەزراوەی دەوڵەتیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر حساب بۆ کراو و گوێ لێگیراوە تا کەسایەتییەکی کاریزمی یان خاوەن مێژوویەکی درێژ لە سەرکردایەتیکردنی تەقلیدی.

کاک مەسعود گرنگە، کەس ناتوانێ حسابی بۆ نەکات، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە لەخودی کاک مەسعود خۆیایە کە دامەزراوەیەکی تۆکمەی بە دەستەوە نییە تا بەغدا ڕاپێچی هەولێر بکات بۆ گوێگرتن و ملدان بە خواستە سیاسی و نەتەوەییەکانی.

کاوە شێخ عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی