بە رێگای ئاسان ئیشوکارت بەڕێبکە

23/11/2018

بەیاد جەمال عەلی

ئەلبێرت ئاینشتاین ووتەیەکی هەیە ئەڵێت "ئەگەر ناتوانیت بابەتەکەت بەئاسانیی ڕوونبکەیتەوە ئەوە مانای وایە بەباشی لێی تێنەگەیشتوویت". ئەلبێرت ئاینشتاین گرنگی زۆری دەدا بەوەی کە بابەتەکان بەشێۆەیەکی ئاسان و سادە بگەێنرێت بۆ کەسی بەرامبەر. زۆر کات لە دامەزراوەکاندا کەسانێک دەبینین کە لەجێی ئەوەی کارەکان بەئاسانیی و سادەیی چارەسەر بکەن، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکەن. جارێکیان جاک وێڵچ کە تازە بوو بە سەرۆکی کۆمپانیای جینڕاڵ ئەلێکتریک کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و ئەو کۆمپانیایە کە تۆماس ئەدیسۆن درووستی کرد، ووتی کێشەم لەگەڵ بەڕێوەبەرەکاندا ئەوەیە دەچن کۆنتڕۆڵی خۆیان زیاد دەکەن بەسەر کارمەندەکاندا لەجیاتی ئەوەی کارئاسانیان بۆ بکەن لە کارەکانیان، وە کێشەم ئەوەیە کارەکان ئاڵۆزتر ئەکەن لەجیاتی ئەوەی ئاسانی بکەن کە ئەم کارە کێشەی زیاتر درووست دەکات.

لە جیهانی ئەمڕۆدا زیرەکی لە سادەیی دا دەبینرێت، بۆ نموونە کۆمپانیای ئەپڵ ساڵ بە ساڵ ئایفۆنەکانی سادەتر دەکات کە دیزانەکەی بەس شاشەکەیەتی. لە نووسیندا نووسەرەکان بەرەو بەکارهێنانی زمانێکی ئاسان وسادە دەڕۆن لەباتی زمانێک کە تێگەیشتنی قورس بێت. لەنێو دامەزراوەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ کار لەسەر ئەوەدەکرێت کە ئاڵۆزییەکان کەم بکرێتەوە لەکارەکانیان وە سترەکچەر بەرەو شێوازێکی سادە بڕوات. لە ئێستادا کە دەچیتە دووکانێکەوە فرۆشیار باسی سوودەکانی کاڵاکەی زیاتر دەکات نەوەک مواسەفاتەکەی. ڕاپۆرتی ساڵانەی دارایی و ژمێریاریی زیاتر بەرەو دایاگرام و چارت دەڕوات نەوک ڕیزێک ژمارە بەسەر یەکەوە. مامۆستا لە پۆلدا زیاتر پاوەر پۆینت بەکار دەهێنێت لەوەی تێکستی دوور ودرێژ بدات بە خوێندکارەکانی. کەسیش تاقەتی نەماوە کە کاڵایەک دەکڕێت کەتەلۆگەکەی بخوێنێتەوە بەڵکو لە یوتیوب هەمووی بە ڤیدیۆ تێدا بەردەستە بە کاتێکی کورتتر.

لەبەر ئەو هۆکارانە ئەو بەڕێوەبەرەی کە بتوانێت بەرامبەر کێشە قورسەکان بوەستێتەوە وە چارەسەری ئاسان وسادەی بۆ بدۆزێتەوە وە بازبدات بەسەر ئاڵۆزییەکاندا بەدڵنیاییەوە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە.

بەیاد جەمال عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی