دەركەوتنەوەی بارزانی

24/11/2018

ئیبراهیم عەلی

سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا لیكدانەوەی زۆری بۆ كرا.. یارەكانی بەسەردانێكی مێژوویی دەشوبهێنن و پێیان وایە چونی بارزانی بۆ بەغدا دەستكەوتێكی گەورەیە. نەیارەكانیشی سەردانەكەی بارزانی بەشكست لەقەڵەم دەدەن و بەگەرانەوە بۆ باوەشی بەغدای حیساب دەكەن. 

دوور لەخوێندنەوەی یارو نەیارەكانی بارزانی ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ سەردانەكەی بارزانی بكەین ئەوا كۆمەڵێك خاڵمان دەست دەكەوێت...

یەكەم: لەغیابی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بمانەوێ و نەمانەوێ دەسەڵاتدارانی بەغدا بارزانی بەنوێنەری كورد دەزانن.. هەرچەند لەناوخۆدا بارزانی سەرۆكی حیزبە، بەڵام مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا شتێكی تر دەڵێت...

دووەم: هەم ئێران هەم ئەمریكا هەرێمێكی ئارام و بەهێزیان دەوێت لەچوارچێوەی عێراقدا، ئەمەش بەبێ بارزانی ناكرێت و بارزانی بەم سەردانەی نیازپاكی خۆی نیشاندا تا جارێكی دیكە لەگۆرەپانەكەدا لەئاستی نێو دەوڵەتی رۆڵی پێبدرێتەوە.

سێیەم: بمانەوێت یا نەمانەوێت ئەمرۆ بارزانی لەپەرلەمانی كوردستان خاوەنی چل و پێنج كورسییە، لەبەرامبەردا هێزەكانی دیكە بەقەبارەیەكی بچوكەوە لەگۆرەپانەكەن و هێندە پارتەوازەن هیچ هیوایەكیان لەسەر هەڵنەچنرێت... 

چوارەم: چالاكبوونی بەرهەم سالح لەبەغدا كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی یەكێتی و بارزانیش نایەوێت یەكێتی پێگەیەكی بەهێزی هەبێت. بارزانی لەرێگەی چالاكبوونی لەبەغدا دەیەوێت چالاكیییەكانی بەرهەم سالح بێ بایەخ بكات.

پێنجەم: یەكێتی و گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو هەر یەكەیان بەرێژەی قەبارەی خۆیان رۆڵیان هەبووە لەگەورەكردنی بارزانی و بچووكردنەوەی خۆیان ... ئەو هێزانە چەندین دەرفەتیان بۆ هەڵكەوت تا بتوانن ئەسپی خۆیان تاو بدەن، بەڵام هیچ هەنگاوێكیان نەناو هەم لەبەغدا هەم لەرووی نیودەوڵەتییەوە ئێستا لەتەوای هێزەكان بێهیوان كەبتوانن ببن بەبەدیلی پارتی.

شەشەم: دەسەڵاتدارانی بەغدا گویشتونەتە ئەو بروایەی كە ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ هەرێمێكی بێ كێشە مامەڵە بكەن دەبێ ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بارزانی بكەن نەك خەڵكی دیكە. تەنانەت لەم رووەوە بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانیش پشتی پێ نابەسترێت.

حەفتەم: بەهێزبوونی ئابوری یەكسانە بەهەبوونی جێگیری ئەمنی و سیاسی. هەر ریككەوتنێك لەگەڵ هەرێم بەبێ بارزانی سەقامگیری ناهێنێتە بوون.

هەشتەم: ئێستا بارزانی هیچ كام لەسیاسییەكانی كوردستان بەهاوتای خۆی نازانێت و چی بووێت ئەوە دەكات هیچ كەسێك لەگۆرەپانەكە نەماوە توانای راگرتنی بارزانی هەبێت.

نۆیەم: تیمی كورد لەحكومەتی عیراق ئەوانەن دەروێشانە گوێرایەڵی بارزانین، لەپاداشتی ئەوەدا دەبێت بارزانی بەجموجۆڵەكانی پشتگیرییەك بۆ دەروێشەكانی دروست بكات.

دەیەم: بارزانی دیكتاتۆر بێت یا خۆ سەپێن. هێزەكانی دەرەوەی پارتی سەركەوتوو نەبوون لەبەغدا لۆبییەكی بەهێز دروست بكەن و بارزانی لەململانێكان وەدەر بنێنن.

ئیبراهیم عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی