ئێمەش لەسەگەكان دەترساین

25/11/2018

ساماڵ مانی

 لە مەفرەزەیەكی گەورە و زۆر ئازا، تەنها من لە ڕەگەزی مێینە بووم لە ناویاندا. ئەو شەوە دەبوایە لە ناوچەیەكی نزیك بە ڕەبایەكانی بەعسی عێراقی دا تێپەڕبوینایە. 

بە ڕیز یەك بە دوای یەكدا ئارام ئارام دەڕۆیشتین، ئاگامان لە ژێر پێمان بوو نەكا بەردێك خل بكەینەوە و دەنگی بگات و ئاشكرا بین، نەماندەویست كەس پێمان بزانێت، حەیف بوو پێش گەیشتن بە شوینی مەبەست توشی شەڕ ببین. لەو شەوە تاریك و بێدەنگانەدا؛ گوێمان لە هەناسەی خۆمان بوو، دڵمان لە ژێر پێماندا بوو، ژیانمان لەناو لەپی دەستماندا. لە پڕێكدا ؛ ئەو بە گوێی ئەمیدا چرپاند و ئەم بە گوێی ئەوەی پێش خۆی و ئەویتر بە چرپە گەیاندی بەمیتر و ئەویش بە من و منیش حەپەسام بەڵام گەیاندم بە وەی لە پێش منەوە دەڕۆیشت تا بیگەینێ بەوانەی پێش خۆی. 

چرپەكە، بڕیارێك بوو؛ بڕیارەكە وابوو ڕێگەكە بگۆڕین گەرچی نیو سەعاتێك دوای دەخستین، لەبری ئەوەی بەو دێیەی پێشمانەوە تێپەڕین، ڕێگەیكیتر دەگرینە بەر. بە چرپە ووتم: " بۆ؟ نیوسەعات ڕێگەكەمان دوركەوێتەوە زۆرە؟ " ئەو پێشمەرگە پیاوەی لە دوای منەوە دەڕۆیشت بە منی ووت: "كاكە، ئاخر لەوەپێش بە قەراغ ئەم دێیەدا تێپەڕیووین، سەگی هاریان زۆرە. 

ئەو پێشمەرگە پیاوەی لە پێشمەوە دەڕۆیشت ئاوڕێ دایەوە وپێی ووتم:" ڕاست دەكات، عەیب نیە، من بەش بە حاڵی خۆم لەسەگ دەترسم، سەگی ئەم ناوە زەبەلاح و هارن، هەر یەكەی بەقەد گوێرەكەیەك ئەبن، بڕوات بێت بۆمان بێن هەر لێمان نابنەوە." من پێكەنیم و دوای منیش پێكەنینێكی بێ دەنگ پرژا لە نێوانماندا. بەڵام لە دڵەوە كردمان بە بڕیاری هەموومان: بەلای "سەگ" دا تێنەپەڕین. ئەمە بەشێكە لە بیرەوەریەكانم . 

ساماڵ مانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی