سەفەر یا سفرکردن

25/11/2018

دانا هەڵەبجەیی

لەم هەفتەیەدا لە ئەوروپا کە هەینی ڕەشی تێکەوت، نرخی شمەک و کاڵا داشکێنرا، و بازاریش جمەی تێکەوت.


ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەفەری بارزانی و سەرۆک کۆمار، بە هیوام ئەم خستنەڕووەی کاڵای بازاڕی کوردستان بە دەستی خۆمان لە بەغدا و درەوەی عێراق داشکاندنی بۆ نەکرێت. لە بەها و فەڕی خۆی دانەبەزێنرێت.


ئەویش بەوەدێ کە هیچکام لەم سەفەرانە، ئەوی دی سفر نەکاتەوە، چونکە لە کۆتایی داشکانەکە بۆ کڕیارەکانی دەرەوەی کوردستان هەردووکیان هەر یەکن، بە چاوێک سەیری هەردوو موسافیرە ئەکەن.


ئەگەر لای هەندێک میدیای زوڕناژەن کە بازاڕیان لەفتنەکاری و ئاژاوەگێڕیدا گەرم ئەکەن، وە ئەم دووانە بە شێر و ڕێوی وێنا بکەن؛، ئەوا لای نەیارانی هەرێم و دەرەوەی عێراق، شێر و خەتی یەک دراون، نەک یەکێکیان شێر و ئەوی دی ڕێوی،. هەرچەند هەرچی کورد لە ناوخویدا خۆی بە جوادیی و پارچە پارچەیی گەمە بکات، بەڵام لە ناو (ناکورداندا)  بە یەک چاو و بە یەک هەرێم سەیر ئەکرێن، کەواتە ئەمڕۆ بێت یا سبەی، هەر ئەبێت هێز و کەسایەتییە کوردەکانی سیاسەتکار، پێکەوە و بە یەک گوتار و ئامانج لەگەڵ ئەوانی تردا دانیشین.


ئایا قابیلە تا چوار ساڵی دیکە کە دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆماری عێراقە، ئیتر بارزانیی سەرۆکی پارتی لەگەڵیدا دانەنیشێت؟، ئەگەر ئەوەی وا بیر ئەکاتەوە کە هەولێر و بەغدا بە هۆی دۆڕانێک لە یارییەکدا، ببنە دوژمن، ئەوا فڕی بە سەر پیتە سەرەتاییەکانی سیاسەتەوە نییە. لە سیاسەتدا نادروستە کە دوشمنایەتی بکرێت، ئاخر هێشتا برینی شەڕی براکوژی بە جەستەی کوردەوە سوێی دێت، هەر بۆیە ناکۆکی و پێشبرکێ و کێبڕکێ شتگەلێکی ساغلەمە کە هەبێت. ئیتر دۆڕاندن و سەرکەوتن، کەوتن و هەستانە، بەرزی و لێژییش ئەکەوێتە گەمە سیاییەکان، بەڵام بە مانای کۆتایی دونیا نایەت.


خۆشیمان بێت یا ترشی، ئێمە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب، ئاینگرای سونە و شیعە و دەیان هێزی سیاسی ڕەنگاوڕەنگدا لە عێراقدا ئەژین؛ جگە لە یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە ژیان، هێج ئەڵتەرناتیفێکی ترمان نییە. لەوەتەی میسۆپۆتامیا خوڵقاوە، دانیشتوانەکەی لە قەڵاچۆکردنی یەکتر  و بە سەدان جەنگ و قڕکردن، سەدەیەکیش بە ئارامی و ئاشتی ئۆقرەیان نەگرتووە،. بەڵام لە ئەنجامدا هەر گەیشتونەتە یەکتر پەسەندکردن و پێکەوە ژیاندن. ئینجا چ جا بۆ هەرێمە گیرۆدەکەی خۆمان.


ئێ تۆ بڵێی سیاسەتمەدار و حیزبە کوردییەکان، ئەوەندە بێ هۆش و بێ ئاوەز بن، نەتوانن پێکەوە ئەم هەرێمە نوقسانە بەڕێوەبەرن و کۆتایی بە کێشە و کێشمەکێشە سیاسییەکانیان بێنن، کە لە بنچینەدا کێشەی دەسەڵات و داراییە؟.


ئەوەی پێی وابێت تا سەری زۆر چەمی بکات، زۆری بەر ئەکەوێت، ئەوا وەک تاکەکەس و خێزان، ڕاست ئەکات، بەڵام وەک میللەت و نەتەوە سەر ئەدا لەبەرد و کۆتایەکەی یا بە دیکتاۆر یا بە ناپاکی تەواو ئەبێت.


بە هیوام ئەو سەفەرانە ببێتە سفرکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان، نەک کەسەکان. هەل و شانسێکی مێژوویی تر لەبەردەم بارزانی دایە، لە دامەزراندنی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، کە لاپەڕەیەکی تازە هەڵبداتەوە، چۆن لە بەغدا ووتی: هەڵەکان ڕاست بکەینەوە، ئاواش لە کوردستان دیالۆگیکی نیشتمانی و کوردستانی دەست پێ بکرێت، بۆ دوا جار گوێ لە کەسە دڵسۆزەکانی وڵات بگێرێت، و لە ئاژاوە و ماستاو و قومارچییەکان دووربکەونەوە. ئیتر با پێگەی بە هێزی سەرۆک کۆمار کارمەند بکرێت بۆ بەهێزکردنی هەرێم. کۆتایی بهێنرێت بە کێشەی موچە و بودجە و 140 و گوزرەانی خەڵک.


ئەوەی نیازی بێت ئەوی تر سفربکاتەوە، خۆشی سفرئەبێتەوە، ئیتر لە سەر سەفەر بێت، یا لەسەر سفرەی حازر.

دانا هەڵەبجەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی