رەنگە سەردانەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغداد، لە ڕووی دیبلۆماسییەوە خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بكرێ، دەشێت بە دیوێكدا بە هەنگاوێكی پۆزەتیڤانە لە قەڵەم بدرێو بە جۆرێك لە جۆرەكانیش دەرئەنجامێكی تا رادەیەك باشی لێبكەوێتەوەو بە لانیكەمەوە چەند گرێ كوێرەیەك بكاتەوە، ئەمە ئەگەر شتێكی ناكاو روونەدات یا بە میزاج مامەڵە لە پێشهاتەكاندا نەكرێ، هەروەكو جاران لەسەر ناچیزترین رووداو قەیرانێكی دیكە نەخەنە پاڵا قەیرانەكانی رابردوو. ئەمە سەرباری ئەوەی هەر چۆنێك باس لەلایەنی ئەرێنێو نەرێنێ ئەو سەردانە بكرێ، ئەوا شێوەی باسكردنەكەی بەلای منەوە گرنگ نیە، ئەوەندەی بنەما سیاسییو رووە مۆراڵییەكەی ئەو سەردانەم بەلاوە گرنگە.
گەر سەرنجی رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوی كوردستان بدەین، ئیدی چی ئەوانەی پەیوەندی بە ناوخۆی كوردستانەوە هەبێت یا بە دەرەوەی كوردستان، ئەوا دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو رووداوانە مامەڵەیەكی ئەقڵانەیان لەگەڵدا نەكراوە، بەڵكو زۆر رووكەشانە یا بە میزاج مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، دەرئەنجامەكەشی بە كارەسات بۆ خەڵكی كوردستان تەواو بوە، بەڵام گەر ئەمجارە لە دیدێكی دیكەوە لە سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد بڕوانین، ئەوا نەك هەر میزاجو رقوكینە بەرامبەر بەناوخۆی كوردستان، ملدانو خۆرادەستكردنیشی بۆ دەرەوەی كوردستان تیا بەدیدەكرێ، بەڵكو پێشێلكردنێكی زەقوزۆپی هەمو بەهاو پرەنسیپو سەروەرییەكانی خۆشیانە، ئەمە ئەگەر هەبێت.
بەلای منەوە سەردانەكەی مەسعود بازرانی دوو تەوەر لە خۆدەگرێ كە هەردووكیان خاڵییە لە مۆراڵاو هەمو پێودانگێكی سیاسی: یەكەم، مامەڵە نەكردن لەگەڵا كوردێك كە پۆستێكی گەورەی وەرگرتوە (سەرۆك كۆمار). ئەو پۆستەی پارتی دوای شەڕێكی سەرسەختانە، نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئیدی زۆر بەراشكاوانە كەوتە دژایەتی ئەو كەسەی ئەو پۆستەی وەرگرتوە؛ بەوەی چیتر نەك هەر مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن، بەڵكو ناشهێڵن پێ بخاتە ناو شاری هەولێرەوە. بۆیە دەبینین ئەو سەردانەش تەنها ئەو كاتە ئەنجام درا كە هەڵگری ئەو پۆستە (د. بەرهەم) دەچێتە دەرەوەی عێراق، واتە تا سەر ئێسقان دژایەتی كردنی كوردو تاكی كورد لەو سەردانە بەدیدەكرێ، ئیدی بەدەر لەو ململانێ سیاسییەی لەسەر ئەو پۆستە كراوە، ئەوا مامەڵەكردنێكی سیاسیی لەوجۆرەو لە كەسی یەكەمی حیزبێكی كوردستانییەوە، دوورە لە هەمو پرەنسیپێكی سیاسیو خاڵییە لە هەمو بەهایەكی ئەخلاقی. تەوەرەی دوەم، كاتێك مەسعود بارزانی دەگاتە بەغداد لەگەڵا سەرسەختترین نەیاری كوردو پارتی كۆدەبێتەوەو یەكتری لە ئامێزدەگرنو باس لە داهاتوی پەیوەندییەكانیان دەكەنو جەخت لەسەر یەكپارچەیی عێراقو دووبارە نەكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو دەكەنەوە. ئەو جۆرە مامەڵەكردنەش، نەك هەمو بەهاو پرەنسیپو ئەخلاقێكی تیا پێشێلكراوە، بەڵكو وتەكانی خۆشیان خستە ژێر پێڵاوەكانیانەوە.
سەیرە كەسێك باسی كوردستانی سەربەخۆ بكاتو بەشداری هەڵبژاردنی عێراق نەكاتو كەركوك بەداگیركراو لە قەڵەم بدات، كەچی بچێت بەرپرسی ئەو هێزە ماچباران بكات كە كەركوكی داگیر كردوە (هادی ئەلعامری)، یا بڵێت گەر فڵان ببێت بە سەرەك وەزیران، ئەوا من دەوڵەتی كوردی رادەگەیەنم، كەچی بچێتە بەر دەرگاكەیو لێی بپارێیتەوە تا فەرموویەكی لێبكات، یا كەسێك بەردەوام بە بۆنەو بەبێ بۆنە باسی ئاڵا بكات، كەچی ئامادەی گفتوگۆیەك بێت، ئاڵاكەی لە پشت سەرییەوە نەبێت، ئەو ئاڵایەی لە ناوخۆی كوردستاندا دەیان كەسی پێ تەخوین دەكراو دەكرێ.
ئەمە چی نیشتمانێكە كەسی یەكەمی ئەوەندە دەروون نەخۆش بێت، هەر جارەی گرێیەكی دەرونی خۆی دەكاتە كێشەی نەتەوەكەیو هەر جارەشی كارەساتێكی بەسەرا دەهێنێت، جارێك بە دژایەتی كردنی "نوری مالیكی" كوردستان توشی قەیرانی دارایی دەكاتەوەو لە لێواری جەنگێكی سەرتاپاگیر نزیكی دەكاتەوە، جارێك بۆ دژایەتی كردنی عەبادی نیوەی كوردستان لە قومارێكدا دەدۆرێنێت، جارێك بە ناوی ئاڵایەكی بێ بنەماوە، دونیامان لێدەكات بە دوژمنو جارێكیش بەناوی سەركۆماری عێراقەوە دژایەتی بەشێك لە میللەتەكەی خۆی دەكات... هتد.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەسێكی خاوەن بەهاو پرەنسیپو ئەخلاق نابینیت دوژمنی خۆی لە ئامێزبگرێتو پشت بكاتە رۆڵەكانی نەتەوەكەی خۆی، تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە هەمان بیركردنەوەو بۆچونی داگیركارانەیان هەیەو لە چاوی ئەوانەوە تەماشای میللەتەكەی خۆیان دەكەن.
(تێبینی؛ من نەك بەرهەمم خۆشدەوێت، نەك وەك سیاسییەكی قاڵبووش تەماشای دەكەم).
حەمە ڕەشید