باچاوەكانمان بشۆین

27/11/2018

عەزیز رەئوف

1
خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و داخوازییەكانیان لە خزمەتگروزاری و پێداویستی بەشی ناوخۆیی گەورەترە و ئەم توڕەبوونە ڕیشەیەكی قوڵتری هەیە و  گەورەترە لە داخوازی بچوك. نیگەرانی خوێندكاران زیاتر توڕەبوونیانە بۆ ناڕوونی ئایندەیان و دانەمەزراندەیان و دەستنەكەوتنی هەلی كار و بەحزبیكردنی زانكۆ و نادادی كۆمەڵایەتیە، بەڵام نەبوونی ئاوی گەرم و پێداویستەكانی بەشی ناوخۆیی هۆكاری تەقینەوەی ئەم ناڕەزاییانەیەو تاسەر ئێسقان دروستە و پێویستی بە فراوانكردن هەیە و ئەم هۆشیاریە دەبێت فراوانتر بكرێت.

2
ناڕەزایی كچانی زانكۆ سەرەتایەكە بۆ ناڕەزایی فراوانتر. ئەم سەرەتایە لە هەموو كاری ڕێكخراوەكانی ژنان گرنگتر و كاریگەرترە بەوەی كە قبوڵ نەكەن سوكایەتی بە كەرامەتیان بكرێت. دەم و چاوهەڵبەستنی كچانی زانكۆ و بەرگریكردن لە داخوازیەكانیان ئەو كردەیەیە كە دەبوو وە دەبێت دروست بێـت و لەپاڵ پیاواندا بزوتنەوەی ناڕەزایی دنیای ئێمە فراوانتر بكرێت و ئەسڵەن بزوتنەوەیەكی جەماوەری تەنها بە نێرینەكان جگە لە دروستكردنەوەی دنیایەكی كۆنەپارێز و نایەكسانی وەك دنیای بیست و حەوت ساڵی ئێمە زیاتر هیچی لێ چاوەڕێ ناكرێت. بەبێ شكانی تەوق و بەندەكانی نایەكسانی و جیاوازی ڕەگەزی هەرگیز دنیایەكی جوانتر دروست نابێت. ئەوەی ئەم كچانەی زانكۆ كردنیان زۆر گەورەترە لە كاری ڕێخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و خانمان كە هەرچەندە فراوانتردەبن ڕێژەی كوشتنی ژنان گەورەتر دەبێت. 

3
ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات هەمان مۆدێلی بەناو هێزی بێئەزموونی ئۆپۆزسیۆنە كە ئەم هەنگاوە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونیدا ئەنجامیدا و دواتر هیچی لێ شین نەبوو جگە لە دەسكەوت بۆ كۆمەڵێك لە هەرزەی سیاسی. پشتبەستن بە دەنگەدەنگی میدیایی و هات و هاواری پشت شاشە و دوور لە بیركردنەوەی عەقڵانی و دوور لە پەروەردەی سیاسی و بەبێ ڕێخستنی خاوەن فكر و دنیابینی، دۆخی دنیای ئێمە جوانتر ناكات و بەرەی ناڕەزاییەكان فراوانتر ناكات، بەڵكو پاش ماوەیەك بێدەنگ دەبێت و هەموو شت دەچێتەوە شوێنی خۆی.

4
دروستكردنی پاڵەوانی سەر شاشە و هەست و سۆزدەربڕین بۆ دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس، دووبارەبوونەوەی هەمان مۆدێلی سەردەمێكە كە هەوڵدەدرا بە میدیا دنیای ئێمە جوانتر بكرێت نەك بە پەروەردە  و مۆدێلی نوێی سیاسی. (لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕان ڕۆژنامەنوسێك كامێرای كەناڵەكەی خستبوە دوای خۆی لەبەردەم دادگای سلێمانی دەیوت داوای یاسایم لەسەر تۆمار كراوە، تا دواتر دەنگی پێ كۆكردەوە و ئیتر بوو بە سیاسی و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە كاری ڕۆژنامەنوسی كرد و ئۆپۆزسیۆنیان ناشرین كرد و خەڵكی كوردستانیشیان لە گۆڕنكاری لە دنیای ئێمە بێومێد كرد). ئەم جۆرە لە كاری سیاسی و ڕۆژنامەنوسی دەستێكی زۆر كەشفە بۆ دەسەڵات و هیچی لێ شین نابێت جگە لە بێئومێدی زیاتر و پەرتپەرتبوون و پاشاگەردانی زیاتر. ئەم فۆرمە لە دورستكردنی پاڵەوانی شاشە دەبێ كۆتایی پێبێت و كەرەستەی تر تاقی بكەینەوە بۆ فراوانكردنی ناڕەزاییەكانمان.

5
تەمەڵی و بێتاقەتی و عەقڵنەشكان بە مۆدێل و كار و شێوازی تری سیاسی هەمان ئەزموونی چەند ساڵەی ئێمە تاقیدەكەنەوە كە بریتیە لە خەباتی پارلەمانی و دەنگەدەنگی میدیایی و جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵك. ئەم جۆرە لە ناڕەزایی جگە لە خۆماندووكردن و بێومیدی خەڵك و ئاوكردن بەسەر ئاگری ناڕەزاییەكاندا زیاتر هیچ بەرهەمێكی نابێت و هەرگیز بەم جۆرە لە فۆرمی ناڕزایی دەسەڵات ترسی لا دروست نابێت، بەڵكو ئەم فۆرمە لە ناڕەزایی هەمان مۆدێلی چەند ساڵی ڕابردووی ئۆپۆزسیۆنی دنیای ئێمەیە و دواجار هەموو دەنگەكانی بردەوە ناو دەسەڵات و بوو بە قاچی سناعی بۆ ئەم سیستەمە حوكمڕانیە. جارێك ئەدۆنیسی شاعیر وتی: ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە هەموو شتێ پێویستی بە سەرلەنوێ )دەستنیشانكردن( و )پیاچوونەوە( و )كاركردن( هەیە. 

با چاوەكانمان بشۆین و شێوازێكی تر دنیا ببینین، دنیایەكی دووبارە نا.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە