پێشبڕكێ لەسەر خیانەت!

28/11/2018

کامەران مەنتک

چەند ساڵێك لەمەوبەر وتارێكم لە ژێرناوی لە رەخنەوە بۆ ئەلتەرناتیڤ نووسی و لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوكرایەوە، لەو وتارەدا ئاماژەم بەوە كردبوو كەوا قۆناغی رەخنەگرتن لەو دووحیزبه ‌بە كۆتا هاتووەو پێویستە رۆشنبیرو ئەلیتی كوردی(ئەگەر هەبێت)، بە دوای ئەلتەرناتیڤدا بگەڕێ و چیتر لە مەداری ئەو دوو بنەماڵە سیاسیەی كوردستان نەخولێتەوەو زیاتر نەیانكات بەسەنتەر، لەبەرئەوەی رەخنە ئەگەر قۆناغی زەمەنی خۆی تێپەڕاند، هەم خۆی و هەم هەموو كایەو بەهاكانی تری ناو كۆمەڵگاچرووك دەكات! 

چونكە كاتێك رەخنە دەگیرێت، كە بوارێك مابێت بۆ چاكسازی و شوێنێكی بێ پەڵەی خیانەت مابێت لەسەر جەستەی ئەو دوو هێزەی كوردستان!، ناكرێت رەخنە بەردەوام بێت لەسەر هیزو كەسان و بنەمالەیەك، كە پێشبڕكێیان بێت لەسەر خیانەت، تەنانەت مانەوەی خۆیان لەسەر دەستی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان ببیننەوەو شەڕی مەسەلەی كوردیان لەهەموو پارچەكانی كوردستان بۆ بكەن!،وایدەبینم، كە لە لایەك ئەو هیزانە خۆیان پاڵپشتی ئەو گەڕەلاوژەو مەهزەلەیە بكەن، كە بەناوی رەخنەو رەخنەكاریەوە دەكرێت و لە پشت پەردەوە دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكەن، كە بازاری ئەوان گەرم دەكات و وەك سەنتەر دەیانهێڵێتەوە، وا نیشانی خەڵك دەدات، كە ئەوان تاكە هێزی نەتەوەیی و نیشتمانین و ئەلتەرناتیڤیان نیە، تەنانەت لەو هێزانەش باشترن، كە دەیانەوێت وەك ئەلتەرناتیڤ بێنە پێشەوە. لە لایەكی تر نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و هزری خودی رەخنە گرەكانە! 

تۆ چ رەخنەیەك لە هێزێك دەگری، كە پیرۆزترین بەهاكانی نەتەوەیەك لە پێناو مانەوەو بەرژەوەندیەكانی خۆیدا بەكاردەهێنێت، ئەو رەخنە چرووكانە، خۆیان هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بەو شێوە ترسناكە دووچاری بێ ئومێدی بووبێت! 

گومانی تیا نەماوە كەوا ئەو هێزە بێ ئیرادانەی كوردستان دەست لەناو دەستی داگیركەران شەڕی میللەتی كورد دەكەن، كاتێك بەردەوام رەخنە لەو هێزانە دەگیرێت و وەك هێزی سەرەكی وێنا دەكرێن و دەخرێنە بەرچاوی خەڵك، واتای ئەوەیە رەخنەگرتنیش لەو جۆرە دەسەڵاتە پاشاگەردانیەكی بیركردنەوەیەو دەرگا بە رووی گەڕان بەدوای هەر ئەلتەرناتیڤێگی تر دادەخات، رەنگ یەكێك لە هۆیە سەرەكیەكانی ئەو فەوزاو بێ هیواییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو بەناو رەخنانە دروستیان كردوە! كە جگە لە قسەی بازاڕی و جوێنی مەدەنی و شارستانیانە زیاتر هیچی تریان پێ نیە! گۆڕینی میكانیزمی بەناو خەباتێك، كە نزیكەی سەد ساڵ لەتەمەنی ئەو میللەتەی داگیر كردبێت، بەو جۆرە رەخنانە چارەسەر ناكرێت، كە لەهەمان ژینگەو بە هەمان شێوازی بیركردنەوە هەناسە دەدات! 

هەر ئەمەشە وایكردووە ئۆپۆزسیۆنیش لەو هەریمە بەقەدەر دەسەڵات چرووك بووبێت، ئەگەر زیاتریش نەبێت!!! وازیان لێبێنن با بەردەوام بن لە خیانەتەكانی خۆیان، لە جیاتی ئەوە رەخنەیان لێبگرین، با هەوڵ بدەین بە شێوازیكی تر هەوڵەكانی ئەو میللەتە ئاڕاستە بكەین، پێویستە لەسەر بنەمایەكی ئەقڵانی ئەو ژێرخانە ئایدیۆلۆژیە دیماگۆكیە هەڵتەكێنین، كە نزیكەی سەد ساڵە رەگی لە كوردستان داكوتاوە، پێویستە وازیان لێبینین بۆ خیانەتەكانی خۆیان، تازە ئەوانە بواری چاككردنەوەیان تیادا نەماوە، تاكە رێگا ئەوەیە وەكو خیانەتكارێكی نیشتمانی بخرینە بەردەم دادگاكان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هیزی نوێ و لەسەر بنەماو میكانیزمێكی نوێ لە هەریمی كوردستان دروست بكرێت، كە ئەو میكانیزمەی لە سەد ساڵی رابردوودا گیراوەتە بەرو، تووڕ هەڵبدات و بیخاتە زبڵدانی مێژوەوە!، بەمەش دەتوانریت هێزی خەڵك لەو بێ هودەیی و پاشاگەردانیە رزگار بكرێت، ئەوانە دەبێت وەكو جاش و مەفرەزە تایبەتیەكانی سەردەمی بەعس تەماشا بكرێن، كە هەر رۆژەی قۆنتەرات لە دەوڵەتێكی هەرێمی دەگرن، نەك وەك هێزێكی نیشتمانی و رەخنەیان ئاڕاستە بكرێتا!!! كاتی ئەوە هاتووە خاڵیك بۆ رەخنەگرتن دابنریت و سەرەتایەك بۆ قۆناغێكی نوێ دابڕێژیت.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی