برێکست Brexit

28/11/2018

لەشکر قادر ڕەسوڵ

لەم چرکەساتەدا برێکست (چوونەدەرەوەی بریتانیای گەورە «بریتانیا ، سکۆتلەندا، باکوری ئایرلەند» لە یەکێتی ئەوروپا) ڕووپەڕی زۆربەی ڕۆژنامەو میدیاکانی بریتانیا و جیھانیشی داگیرکردوە. ئەم پرسە نەک بەتەنھا بۆ ھاوڵاتیانی ئینگلیز بەڵکو بۆ ھەموو جیھان بایەخی زۆر و گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت. چونکە دەبێتە مەبنای گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری و جوگرافی وکولتووری و... جیھان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی.

پارتی پارێزگاران (Conservative Party) بەسەرکردایەتی تریزا مەی (Theresa May) سەرۆک وەزیران بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ پاڵپشتی پڕۆژەی جیابوونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن. بەڵام چەندان ئاستەنگی گەورە لەبەردەم ئەو پرسەدا بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە. لەوانە، کێشە نێوان بریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، کێشەی ئایرلەندای باکور و سکۆتلەندا، نەبوونی ھاودەنگی لەنێوان پارتە سیاسیەکانی بریتانیا، سەرەڕای ئەمانە لەئێستادا جۆرێک لە پاشگەزبوونەوە لەلایەن ھاوڵاتیانی ئینگڵاند بەدی دەکرێ چونکە واھەست دەکرێ زیاتر بڕیارەکەیان کاردانەوە و ھەڵچونێکی عاتیفی و ناسیۆنالیزمی بووبێت، نەک وشیاریەکی سیاسی و عەقڵانی ئاراستەیانی کردبێت. بەبڕوای من ھاوڵاتیانی ئینگڵاند لەم بڕیارەدا کەوتونەتە ژێر کاریگەری گوتاری پۆپۆلیزمی سیاسی. ھەمیشە یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ئەم گوتارە بردنی سیایکۆلۆجیای جەماوەرە بۆ ئەو شوێنەی گوتارەکە دەیخوازێ.

ڕۆژی یەک شەممە، بەرواری ٢٥/ ١١/٢٠١٨ پڕۆژەی (برێکست) لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا  پەسەندکرا. ئێستا تۆپەکە لەیاریگای بریتانیایە بەدیاریکراویش لەناو پەرلەمان و لەقاچی ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا دایە  ئەوان بڕیار دەدەن یاریەکە چۆن کۆتایی پێ بھێنن، بە چوونەدەرەوە یان مانەوە. ئەمە پێناچێت بەشێوەیەکی ساکار و سانا تێپەڕێت، چونکە بڕیاردان لەسەر پڕۆژەی برێکست  بڕیارێکی لەڕادەبەدەر قورسە و پەیوەندی بەکۆمەڵێک ڕەھەندی مێژوویی و سیاسی و ئابووری و بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی قوڵەوە ھەیە.

لەئێستادا بریتانیا لەبەردەم «دوو» ئەگەردایە، بەدیاریکراویش پەرلەمانی بریتانیا دەتوانێت ئەنجامی یاریەکە بە دوو شێواز ئاراستە بکات.

یەکەم: ئەگەر لە پەرلەمانی بریتانیا پڕۆژەی برێکست پەسەند بکرێت؛

ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا (٦٥٠)ئەندامە، بۆئەوەی پڕۆژەی جیابوونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پەسەند بکرێ پێویستە (٣٢٦) واتە نیوە زائید یەک (٥١٪) ئەندامانی پەرلەمان ‏دەنگبدەن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بریتانیا. ئەگەر ئەمە ڕووبدات بریتانیا لە (٢٩/ ٣/ ٢٠١٩) دەچێتە «قۆناغی ڕاگوزەر»ەوە، لەم قۆناغەدا بریتانیا بەشێوەیەکی نافەرمی لەیەکێتی ئەوروپا چۆتە دەرەوە، بەڵام بەھەمان شێوەی پێشوو ھەماھەنگ و پابەندی یاساکانی پێشوو دەبێت لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاکو دوو ساڵ، لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا ھەوڵدەدرێ ڕێکاری یاسای ئابووری و جوگرافی و ئیداری و...ھتر تەواو بکرێن و لەبەرواری (٢٩/ ٣/ ٢٠٢١) بریتانیا بەشێوەیەکی فەرمی دەچێتە دەرەوەی یەکێتیەکە و ھیچ پەیوەندیەکی ڕسمی بریتانیا گرێنادات بە یەکێتی ئەوروپاوە.

دووەم: ئەگەر لە پەرلەمانی بریتانیا پڕۆژەکی برێکست پەسەند نەکرێت؛
ئەگەر پڕۆژە یاسای چونەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕێژەی یاسایی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیای نەھێنا. بریتانیا دەچێتە بەردەوام دوو بژاردە:

١. چونەدەرەوە بەبێ ڕێککەوتن: ئەمە بڕیارێکی زۆر قورس دەبێ بۆ بریتانیا  و تریزا مەی و پارتەکەی، دوور نیە ئەم بیڕیارە بریتانیا بباتە بەردەم کۆمەڵێک قەیرانی گەورە، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و سیاسیەوە. جۆرێک لە ئاڵۆزی و فەراغی یاسایی ھەم لەناوخۆ و ھەم لە پەیوەندی نێوان بریتانیا و یەکێتی ئەوروپا  دروستدەبێ. (بەبڕوای من ئەمە بژاردەیەکی لاوازە و ئەگەری ڕوودانی کەمە).

٢. ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەم: کاتێک بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەی برێکست لەپەرلەمانی بریتانیا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ڕەت دەکرێتەوە و ناتوانێت ڕێژەی یاسایی دەنگەکان لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە. مانای ئەوەیە بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی ئینگلاند دووبارە تۆپەکە ھەڵدەداتەوە یاریگای جەماوەر. لێرەوە دووبارە پەنا دەبرێتەوە بەر ئەنجامدانی پڕۆسەی دیموکراسی و گەلی بریتانیا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات بۆئەوەی بریتانیا لەچوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە یان نا، چونکە لە ئێستادا ناڕەزایەتیەکی زۆر لەناو ھاوڵاتیانی ئینگلاند ھەیە سەبارەت بە برێکست، بەشێک لە ھاوڵاتیان دەڵێن ئەگەر بمانزانیبا نەتجەی برێکست بەوجۆرە قورس دەبێت ئەوا دەنگیان بە بەڵێ بۆ جیابوونەوە ی بریتانیا نەدەدا، ئەوکات ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە تەواو جیاواز دەبوو لەوەی ئێستا.(بە بڕوای من ئەمە ئەگەرێکی نزیکەو شیاوی ڕوودانە، بەتایبەت لەحاڵەتێک کە پڕۆژەی برێکست لە پەرلەمان دەنگی یاسایی نەھێنا).

لەشکر قادر ڕەسوڵ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی