‎لەبارەی سەركردەو سەركرایەتیكردنەوە

01/12/2018

سالار مەحمود

سەركردە، وشەیەكی لێكدراوی كوردی پەتی و پڕ مانایە، سەرێكی كردەو خاوەن بڕیارو كار، ئەو سەرەی لە دۆخە سەختەكاندا بەكردەیی رێگای دەرباز دەكاتەوە، رێوشوێنی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانج دەدۆزێتەوە..

سەركرداتیكردنیش هونەرو ئاكارە، هونەری ئیدارەدانی باش و بڕیاری دروست. ئاكارە بەمانای ئەمیین و چاكەی گشتی لە پێش ویستی خودیەوە دابنێت. سیفەتەكانی كەسی سەركردە جیاكارو تایبەتمەندێتی لە كەسی ئاسایی جیای دەكاتەوە. لەدنیادا نمونەی گەورە لە وانە وەرگرتن لە چۆنێتی سەركردایەتیكردن هەیە، بۆ هەموو قۆناغەكانی خەبات و سەركردایەتیكردن. قوتابخانەی فیكری زۆر هەن بۆ تێگەیشتن و پەیڕەو كردن، لەوانەش گرنگتر هەڵسوكەوت و كرداری دوێنێ و ئەمڕۆ باشترین ئارگۆمێنتی دەرخەری پێدراوی دروست یان ناقابیلی هەر كەسێكن پێی بوترێت سەركردە.

سەركردە كەسێكە تواناو  لێهاتوویی خۆی بەكاردێنێت بۆ كاریگەری دروستكردن لەسەر ئەوانی تر لە پێناو كۆكردنەوەیان و ئاراستەكردنیان بەرەو ئامانجێكی دیاریكراو.

سوقرات گوتەنی سەركردە لانی كەم دەبێ ژیر بێ، بوێر بێ، عەدالەتخوازبێ..

كوردستان بەهەڵكشان و داكشانی مێژوویەوە نازناوی سەركردەی دایە پاڵ هەندێك ناو، بەڵام ئاكام حەتمیەتی رۆژگار دەریخست نەك شایستەیی ئەوەی نەبووە ئەو ناوو پێگەی پێبدرێ، بەڵكو نەیتوانیوە وەك كەسێكی ئاسایی بێ ئۆباڵ خۆی بپارێزێت لە لێخنی و كێماسیەكان. سیفەتەكانی كەسایەتی سەركردە هەندێكیان بەفیترەت لە مرۆڤدا هەن، هەندێكیش رووداوو هەڵوێست بەرامبەر رووداوەكان سەركردە دروست دەكەن. هەشە بارودۆخێكی تایبەت پێگەیەكی سەركردایەتی دەبەخشێتە كەسانێك بەدەر لە پرەنسیپی بە سەركردایەتی بوون. 

بارودۆخی حزبی كوردیی پڕە لە نمونەی بەناو سەركردەو داماڵراو لەبەهاو سیفەتەكانی سەكردایەتیكردن. لەبەر ئەوەشە لەهەموو قۆناغەكانی رابردوو زیاتر، ئەم ساتەوەختە پڕ قەیراناویترین ساتەوەختەكانی حزبایەتیكردن و سیاسەتكردنە لە كوردستاندا. بابەتی شەرعیەتیش یەكێكی ترە لەو پرسانەی لە پرۆسەی سەركردایەتی لە حزبدا جێگای ئاوڕدانەوەیە لە باسێكی وادا، لەگەڵ میكانیزمەكانی زەمەن بۆ سەركردە ( هەڵبژاردن و دانان لەئەنجامی هاتنە ناوەوەی حزبی ترو یەكگرتنەوەش) رەفتارو هەڵسوكەوتەكان،  لێكەوتەكانی هەر بڕیارێكی هەڵە كە دەدرێت هەموو ئەمانە گەر وەك پێوەرێكی ئۆرگانیی بەهەند وەربگیرێت كە پێویستە وا بێت. ئەوا دەردەكەوێت بەشێك لە بێبەهابوونی ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی و بێ هیوایی و دەرئەنجام باربوونی حزبایەتی ئەمڕۆ بەسەر ژیانی گشتی و  كۆمەڵی كوردەواریەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. 

لەیادی شەهیداندا بۆ یادو یادەوەریی دەیان سەركردەی شه هیدی كوردستان بەگشتی و، یەكێتی نیشتمانی بەتایبەتی كە ژمارەیان لە ژمارەی سەركردە زیندوەكانی زۆرترن. بەم درەنگ وەختەوە بەپێویستم زانی ئەم پرسە بهێنمە بەر باس و هیوادارم گفتوگۆی هێمن بەدوای خۆیدا بهێنێ، بە پشت بەستن بە تێزەكانی مامجەلال بۆ نوێبونەوەی سەركردایەتی و خوێنی تازەو بەگەڕخستنەوەی ئۆرگانەكان لە پرۆسەی بڕیار وەرگرتندا. بەتایبەتیش كە لە ئێستادا پرسیار لەبەردەم شەرعیەتی ئۆرگانیی سەركردایەتی هەیە.

ئەم حزبە لە خوێن هەڵژنراوەی كوردستان بەهۆی لاوازكردنی رۆڵی دامەزراوەكانی بڕیارو لێڵی مەرجەعیەتی بڕیارو نا هاوسەنگی گوتاری سەركردایەتیەكەیەوە، وای كردوە بێ دیدگای روونی نیشتمانی لەمەیدانە پڕ قەیرانەكەی كوردستان و عیراقدا دەربكەوێت، ئەمەش بەر لەهەر چین و توێژێكی تر دڵسۆزو بنكە جەماوەریەكەی نیگەرانیەكانیان زیاتر ببێ و دوو دڵ بن. كەواتە دەبێت بیری جدی لە گۆڕانكاریی و چارەسەرێكی خێرا بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەو دۆخەی ئێستای بكرێتەوە، لەسەر هەردوو ئاستی ستوونی و ئاسۆیی، چونكە بەم مۆدێلە لەكاركردن و سەركردایەتیكردنەوە هەموو هەوڵ و ماندوبوونەكان  بێئاكام دەمێننەوە.. لەكاتێكدا لەناو ئەم حزبەدا بنكەیەكی فراوانی كادری هەڵكەوتووی گەنج و خاوەن روئیا هەن دەتوانن رۆڵی گەورە ببینن لەگەڵ هەندێ لە توانا دێرینەكان پێكەوە بۆ گێڕانەوەی یەكێتی بۆ ناو دڵی زۆرینەی خەڵكی كوردستان. 

هەرچەندە بڕوای تەواوم بە بەهێزكردنی دامەزراوەو ئۆرگانەكان هەیە لەسەر بنەمای پەیڕەو بەڵام دەشزانم ئەم پرۆسەیە زۆر زەحمەتە، ئەسڵ ئەوەیە جەخت بكرێتەوە لەپەلە كردن لەسەر پێویستی خۆگۆڕین و گەڕانەوە بۆ بەها بنچینەییەكان، لەكاتێكدا ویستێكی گشتی هەیە بۆ گۆڕانكاریی لە ناو یەكێتیدا، چونكە

لەبنەمادا دروست ئەوەیە بەخێرایی یەكێتی  لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و تایبەتدا دەبێ یەكەمیان، لەنێوان خەمی گشتی و خەمی گروپدا دەبێ یەكەمیان، لە نێوان سیاسەتی نیشتمانی و ناوچەییدا دەبێ یەكەمیان، لەنێوان گوتاری روون و گوتاری خۆڵەمێشیدا دەبێ یەكەمیان، لە نێوان سەربەخۆیی بڕیارو وابەستەیی بڕیاردا دەبێ یەكەمیان، لەنێوان بەخۆداچوونەوەو خۆ سڕكردندا دەبێ یەكەمیان، لەنێوان جورئەتی گۆڕانكاری ناوخۆیی و بێباكبوون بە دیار برینەكانەوە دەبێ یەكەمیان، لەنێوان گەڕانەوە بۆ فیكرو بێ بەهای مەسەلە فیكریەكان دەبێ یەكەمیان هەڵبژێرێ حزبی شەهیدان..

‎سالار مەحمود


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی