موچە

01/12/2018

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

كۆی گشتی پارەی تەرخانكراو بۆ موچەی مانگانە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی ٧٠٣ ملیۆن دۆلارە، لەمە نزیكەی ٢٩٩ ملیۆن دۆلاری بۆ پارێزگای هەولێرە. 

پارێزگای هەولێر مانگانە جگە لە ٢٩٩ ملیۆن دۆلارەكەی خۆی، ٥١ ملیۆن دۆلاری تریشی بۆ تەرخانكراوه بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و هەموو ئەنجومەنە سیادیەكان وەك ئەنجومەنی شورا و دادوەری، لەگەڵ دیوان و ستافی وەزارەتەكان، كە هەمویان لە هەولێرن. 

واتە پارێزگای هەولێر مانگانە بە بودجەی سیادیەوە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ موچە، كە نزیكەی ٥٠% ی كۆی موچە دەكات لە هەرێمی كوردستاندا، لە كاتێكدا لە ٣٦%ی دانیشتوانی هەرێم لە پارێزگای هەولێر دەژین. لە بهرامبهردا پارێزگای سلێمانی مانگانه ٢٧٤ ملیۆن دۆلاری بۆ دێت بۆ موچە كە لە ٣٨%ی كۆی موچە دەكات لە هەرێمی كوردستاندا، و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانیش هەر لە ٣٨ %ە. بە واتایەكی تر، سەرباری ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە پارێزگای هەولێر، بڕی ئەو پارەیەی مانگانە دەدرێت بە موچە لە پارێزگای هەولێر ٧٦ ملیۆن دۆلار زیاترە وەك لە پارێزگای سلێمانی، كە لە ساڵێكدا ٩١٢ ملیۆن دۆلار دەكات. پارەی زۆرتری موچە لە هەولێر، شانبەشانی فاكتەرەكانی تر، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوە لەوەی كە بازاڕی هەولێر بوژاوەتر بێت و بێكاری و خۆپیشاندانیش تیایدا كەمتر بێت بە بەراورد بە پارێزگای سلێمانی. 

ئەو داتایانەم دەستنەكەوت، كە ئایا ئەم جیاوازی و ناعەدالەتیە بەهۆی چیەوە ڕویداوە؟! ئایا بەهۆی باڵادەستی و هەژمونی پارتیەوەیە بەسەر حكومەتی هەرێم و دامودەزگاكانیدا لە هەولێر، توانیویەتی ژمارەیەكی زیاتر لە خەڵك دابمەزرێنێت، یان توانیویەتی پلەی ئیداری و سەربازی ژمارەیەكی زیاتر لە لایەنگرانی بەرزبكاتەوە و موچەیان زیادبكات لە هەولێر، یان هەردوكی هۆكار بوە؟! هەر كامێكیان بێت، مانای ئەوەیە كە پارتی زوڵم لەم سنورە ئەكات و یەكێتی لێی بێدەنگە.

ئەگەر سیستەمی لامەركەزی و فیدرالی پەیڕەوبكرێت لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوكات هیچ پارێزگایەك ڕێگە نادات زوڵمی لێبكرێت، ئەگەر ڕێژەی دامەزراندن و موچە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەش نەكرا، ئەوا ئەو پارێزگایە ئەتوانێت بەشێك لە داهاتی خۆی نەنێرێت بۆ پایتەخت. بە واتایەكی تر پایتەخت ناتوانێت وەك ئێستا بە ئارەزوی خۆی موچەی سنورێك كەم و هی سنورێك زیاد بكات.

بێگومان ناعەدالەتی ڕاستەوخۆی حكومەت بەرامبەر پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان و بایەخدان بە پایتەخت، تەنها لە موچەدا نەبوە، بەڵكو لە خەرجی و داهاتیشدا بوە. خەرجی مەبەست لە خەرجی وەبەرهێنان و بەكارخستنە. خەرجی وەبەرهێنان، ئەو پارەیەیە كە تەرخان دەكرێت بۆ پرۆژەكان لە هەر پارێزگایەكدا وەك دروستكردنی خەستەخانە و قوتابخانە و تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان. خەرجی بەكارخستن، ئەو پارەیەیە كە بەكاردێت بۆ نەسریە و كڕینی پێداویستی ڕۆژانەی دائیرە و دامودەزگاكانی حكومەت، هەروەها بۆ كڕینی دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان و پاكردنەوەی شەقامەكان. داهاتیش مەبەست لە داهاتی هەر پارێزگایەكە لە گومرگ و داهاتە ناوخۆییەكانی وەك باج و ڕسوماتی دائیرەكان.

ئەگەر لە ١\١\٢٠١٥  بۆ ١\٦\٢٠١٥ وەربگرین، لەو شەش مانگەدا داهاتی پارێزگای هەولێر نزیكەی ١٧٩ ملیۆن دۆلار بوە، بەڵام خەرجیەكانی نزیكەی ٢٠٢ ملیۆن دۆلار بوە. واتە پارێزگای هەولێر ٢٣ ملیۆن دۆلار زیاتری خەرج كردوە لەوەی دەستی كەوتوە. ئەگەر بێینە سەر پارێزگای سلێمانی، ئەوا لەو شەش مانگەدا داهاتەكەی ٢٠١ ملیۆن دۆلار بوە و خەرجیەكانی  ١٧٦ ملیۆن دۆلار بوە، واتە پارێزگای سلێمانی ٢٥ ملیۆن دۆلاری كەمتر سەرف كردوە لەوەی دەستی كەوتوە. واتە لەو شەش مانگەدا، داهاتی پارێزگای سلێمانی ٢٢ ملیۆن دۆلار زیاتر بوە لە پارێزگای هەولێر، بەڵام پارێزگای هەولێر ٢٦ ملیۆن دۆلاری زیاتر خەرج كردوە لە پارێزگای سلێمانی. 

ئەگەر بێینە سەر ئەوەی كێ خەتابار بوە، ئەتوانین بڵێین پارتی بودجەی ئەم سنورەی بردوە و یەكێتی لێی بێدەنگ بوە. بەڵام ئەگەر بێمە‌ سەر چارەسەر، ئەتوانم بڵێم، ئەم زانیاری و داتایانە دو هەواڵیان پێیە، یەكێكیان خۆش و ئەوی تریان ناخۆش. هەواڵە ناخۆشەكە ئەوەیە كە هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بە یەك چاو سەیر نەكراون و ناعەدالەتی جوگرافی كراوە لە هەرێمی كوردستاندا و زیادەی داهاتی پارێزگای سلێمانی براوە بۆ هەولێر و لەوێ سەرف كراوە. واتە زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین پارێزگای هەولێر بە درێژایی ئەم ١٥ ساڵەی دوای یەكگرتنەوەی ئیدارە، زیادە مەسرەفی كردوە لەسەر گیرفانی پارێزگای سلێمانی. واتە ئەم ١٥ ساڵەی یەكگرتنەوەی ئیدارە، كاتی دەوڵەمەندبونی پایتەخت بوە لەسەر حسابی هەژاربونی پارێزگای سلێمانی.

بەڵام ئەم زانیاری و داتایانە هەواڵێكی خۆشیشان پێیە، ئەویش بریتیە لەوەی كە ئەگەر لامەركەزیەت و فیدرالیەتی پارێزگاكان ڕابگەیەنرێت (بەو مانایەی هەر پارێزگایەو داهاتەكانی بۆ خۆی بێت، بەڵام لە ڕوی سیاسیەوە سەر بە هەولێر بێت نەك بەغدا)، ئەوا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی ئەتوانن خۆیان بژێنن و پارەشیان لێ زیاد ئەبێت و ڕزگاریان ئەبێت لەم قەیرانەی ئەم سیستەمە مەركەزیە بۆی دروست كردون. واتە هەر پارێزگایەو بە داهاتی ناوخۆیی ئەتوانێت خەرجی وەبەرهێنان و بەكارخستنی خۆی دابین بكات، و داهاتی نەوت و گازی ناوخۆیشی بەكاربێنێت بەشێكی بۆ موچە و بەشەكەی تریشی بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و ڕزگاربون لە ئابوری تاك سەرچاوە و قەیران.

بەیار عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی