حیكمەت لە یەك ئیدارەیی چییە؟
نامەیەك بۆ گۆڕان و یەكێتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ

01/12/2018

كارزان محەمەد

كاتێك لەگەڵ چل لاوی شاری سلێمانی بە پیادەڕۆیی بەرەو هەولێری پایتەخت بەڕێكەوتین تا ببێتە گوشارێكی مەدەنی بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە، ئەو هەقیقەتە تاڵەمان دەزانی كە ئەم دوو ئیدارەییە چ زیانێكی بەناوبانگی كورد لە جیهان و چ درزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریشی خستۆتە نێوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكە چی قەوما؟ لێرەدا مشتێ لە خەرواری ئەو هەموو پیلانی كاولكارییە دژ بە زۆنی سەوز بە بەرنامەڕێژی پارتی و بەهۆی كەمتەرخەمی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووەوە بە نمونە دەهێنمەوە:

- لەپاڵ هێنانی سەدان پسپۆڕی چاوچنۆك بۆ دۆزینەوەی نەوت، چوار ئەقڵی ئەوروپی و ژاپۆنییان نەهێنا سیستەمێكی مامەڵەی ئەلیكترۆنی بۆ هاوڵاتیان دابمەزرێنن، هاوڵاتیانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێ بۆ مامەڵەیەكی بچوك بە ڕێگای مەرگی جادەوباندا چەندینجار سەردانی هەولێری پایتەخت بكات، لە چەندین وەزارەت كارێك بە هاوڵاتی دەكەن هەرگیز مامەڵەی حكومی نەكات و واز لە هەق و مافی خۆی بهێنێ!.

-شارەوانی لە هەموو دونیا بربڕەی پشتی نەخشەی ئاوەدانییە، هەر لە پلانسازی شارەوە تا دەگاتە خزمەتگوزارییەكانی لە ئەستۆدایە، دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكە، لە دەیان ملیار دینار داهاتی شارەوانی سلێمانی، داوای فلسە سورێك بكە بۆ پینەوپەڕۆی شەقامەكان ئەوا قاسەكەی بەتاڵە، بە بەرچاوی یاساوە هەزاران پارچە زەوی داگیر دەكرێت، بەڵام بە پاساوی نەبوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، هەزاران خاوەن شەهید و مامۆستا و پزیشك و كارمەندی ماندوو نابنە خاوەنی پارچە زەوییەك. هەر خانویەكی نوێ دروست بكرێت باجی ڕێگاوبان وەردەگرن، بەڵام سنوری سلێمانی و هەڵەبجە نغرۆی نێو قوڕوچڵپاو بووە.

-كارەساتەكانی ڕێگاوبان كە بۆتە ئەنفالێكی دیكە و هێندەی حیزبی بەعس، هاوڵاتیانی كوردی كردۆتە قوربانی، لەو ملیارەها دینارەی بەناوی باجی رێگاوبان لە هاوڵاتیان وەریدەگرن، تەنانەت رێگاكانی دۆڵی جافایەتی و گەرمیان و هەڵەبجە و شارباژێر و شارەزوور تا بیتوێن و پشدەر بۆتە ڕێگای مەرگ! ئایا هاوڵاتیان تا دەگاتی جەنابی وەزیرەكەی دەزانن كە نەبوونی (كوالیتی قیر) و (خراپی رێگاوبان) هۆكاری سەرەكی كارەساتە؟ بۆ دەبێ شەقامی 100 مەتر و 120 مەتری و 150 مەتری لە شارەكانیتر دروست بكرێت، بەڵام بۆ وەك حكومەتێكی خۆماڵی بودجەیان نییە  شەقامی 60 مەتری سلێمانی كە دەسەڵاتی داگیركەر دروستی كردووە، بەرفراوان بكات؟.

- دەیان هەزار گەنج لەم هەرێمەدا بێكارە، بۆچی وەزارەتی پیشەسازی قبوڵییەتی كاڵای سادە و ساكاری وەك مەساسە و چلورە و خواردنی قتوی وڵاتان لە هەرێمدا ساغ بكرێتەوە، بەڵام كارگە ناكەنەوە تا ئاسایشی خۆراكیش دابین بكەن؟ لەپێناو چیدا ژێرخانی ئابوری وڵات كراوە بە قوربانی ساغكردنەوەی كاڵای بێگانە؟.

-وەزارەتمان هەیە بەناوی گواستنەوە و گەیاندن، نە هیچ پلانێكی بۆ گواستنەوەی گشتی هەیە نە گەیاندنیشی لە ئەستۆدایە بەهۆی كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، بەرلە یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە، سیستەمی مراندنی ئۆتۆمبێل لە زۆنی سەوز هەبوو، بەڵام ئێستا لەبەرخاتری ئەو سەرمایەدارانەی بازرگانی ئۆتۆمبێلن و بەنزینخانەشیان هەیە، هیچ سیستەمێ بۆ هاتوچۆی گشتی نییە، بەشێكی گەورەی موچە و قوتی خەڵك بۆ كڕینی بەنزین و ئۆتۆمبێلە، كوا میترۆ و سیستەمی پاسی هاتوچۆ؟ كابینەی نوێ لەو مەسەلەیە بەرپرسیارە.

دڵنیام هەركام لە وەزارەتەكان خەمی تایبەتیان بۆ خودی هاوڵاتیان دروست كردووە، بەڵام لێرەوە بە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ كە لەسەر زۆنی سەوز حساب كراون و زۆرینەی دەنگەكانیان لێرە هێناوە، دەڵێم:

هەركامتان ڕەزامەند بن بەوەی حكومەتێكی یەك ئیدارەیی پێكبهێنرێ بە بێ جیاكردنەوەی (بودجە) بەپێی (ڕێژەی دانیشتوان)ی پارێزگاكان (بەتایبەت بۆ سلێمانی و هەڵەبجە) ئەوا بەشدارییە لە خیانەتی كاولكردنی ئەم دوو پارێزگایە، چونكە چیتر قبوڵ ناكرێت بۆ خاتری ئەوەی فڵان و فیسار بگەنە پۆستی وەزیر، چاوپۆشی لە مافی هاوڵاتیان بكرێت، ئێمەی هاوڵاتی یەك ئیدارەییمان بە مەرج قبوڵە، ئەگەرنا لێگەڕێن هەڵبوەشێتەوە و ئیدارەی خۆجێی لەم دوو پارێزگایەدا پێكبهێنن، پارتیش دەبێ ئەو هەقیقەتە بزانێ كە هەم بۆ خاتری ناوبانگی هەرێمی كوردستان، هەم لەبەرخاتری دەنگدەرەكانی خۆی لەم زۆنەدا، دەبێ بەو سیاسەتەیدا بچێتەوە، ئەگەر ئەویش خەتابار نییە، فەرموون لە كەناڵەكانتانەوە باسی ئەو بودجەیە بكەن كە ساڵانە بۆ ئاوەدانی پارێزگاكان تەرخان بكرێت، تا هاوڵاتیان بزانن ئایا بودجەكە تەرخان نەكراوە یاخود تەرخان كراوە و دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە نایخەنە نێو پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە؟.

سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانیشتوانەكەیەوە، ئامانەتێكە لە ئەستۆی ئەو حیزبانەی لە زۆنی سەوزدا خاوەنی دەنگی زۆرینەن و بەشداری لە حكومەتدا دەكەن، ئەگەر بە بەرنامە و پلانەوە بەشداری لە حكومەتی نوێدا نەكەن، ئەوا هەقە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا هاوڵاتیان بە دەنگەكانیان سزایان بدەن، چونكە بە دروشمی ئاوەدانی و چاكسازی دەنگیان بەدەستهێناوە.

د. كارزان محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی