کابینەی تازە و دەموچاوی کۆن

01/12/2018

هیوا سەید سەلیم

دوو مانگی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت لەسەر پشتی کیسەڵەوە دەڕۆن بەڕێوە، پەرلەمانی کوردستان تاکە یەک دانیشتنی ئەنجام داوە، پەرلەمان لە چاوەڕوانی سازانی لایەنەکانە ئەویش ئەگەر بسازێن.
لەو بارەیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەلەی نیە،  هەروەها  شەڕی بەشداری لایەنەکانی  خستۆتە گۆڕەپانی ئەوانی دیکە.
هەر بۆ ئەو مەبەستە هەر رۆژەو قسەیەک بۆ لایەنەکان فڕێدەدات، هەر لە مەرجەکانی بۆ لایەنەکان بگرە، تا فۆڕمی تازەی سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان، بۆ نموونە پارتی زۆر بە بەرنامە باسی دوو جێگر بۆ هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان دەکات، لەوەیاندا مەبەستیەتی تۆقی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ یەکێتی بشکێنێت وە وەک  باسمان کرد شەڕی ئەو پۆستانەش بخاتە نێوانی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان.
لەپاڵ هەموو ئەو هەوڵاندا لەسەر ئاستی شەقام وەک چاولێکەریەک بۆ شێوازی دامەزراندنی کابینەی عادل عەبدولمەهدی باس لە دەموچاوی تازە بۆ کابینەی حکومەتی هەرێم دەکرێت، بەڵام تا ئێستا روون نیە ئایا هەرێم وەک بەغدا دەتوانێت دەموچاوە کۆنەکان لە کابینەی تازە دووربخاتەوەو دەمووچاوی تازە بێنێتە پێش.
ئاشکرایە کە لە هەرێمی کوردستان هێندەی کێشە لەگەڵ عەقلیەتەکان کێشە لەگەڵ دەمووچاوەکان نیە، خەڵکی کوردستان لە عەقڵیەتی حزبایەتی ناو حکومەت بێزارە کە لە ئێستادا عەقلیەتەکە حزبایەتیشی تێپەڕاندووە بگرە چۆتە چوارچێوەی بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی.
لە کوردستان هەرگیز ئاسان نیە گۆڕان بەسەرئەو عەقلیەتە بێت چونکە بیست و حەوت ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەقیان بەو شێوازە گرتووە ، چونکە بۆ ئەوان خێر لەوە دایە.
لێرەدا دەپرسین ئەگەر دەسەڵات بەم شێوە خەمساردیە مامەڵە لەگەڵ پرسێکی واگرنگ بکات، دەبێت هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە چی بێت؟. ئەوانیش وەک پەندە کوردیەکە کە دەوترێت( گەورە ئاوە دەڕژێنێت بچووک پێی لێدەخشێنێت) دەیانەوێت چاو لە لایەنەکانی دەسەڵات بکەن، بۆیە بەشێکیان بابایانە بچنە ناو حکومەت بەبێ ئەوەی دەرس و پەند لە ئەزموونی خرابی ڕابردوو وەرگرن.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە کابینەی تازە پێکهاتەکەی هەر چۆنێک بێت، دوو قۆڵی نێوان پارتی و یەکیەتی بێت،  یان بنکە فراوانی جاران، وەیان لە شێوەی فۆڕمی تازە، دەمووچاوەکانی کۆن بن یان هی تازە، بۆ خەڵکی کوردستان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت،  ئەگەر گۆڕان لە عەقلیەتی حوکمڕانی نەکرێت.
هەموو ئەوان هۆکار دەبن  کە خەڵکی کوردستان هیوایەکی زۆر لەسەر کابینەی تازەش بینانەکەن، ئەوە نەبێت لەو کابینەش گیرفانی چەند کەسێک لەسەر حسابی زۆرینەی خەڵکی برسی گەرم دەکرێتەوە، خەڵکیش دەبێت هەر بڵێت ئەم نانە بەو دۆشاوە.

هیوا سەید سەلیم

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی