حاجی بوش

03/12/2018

ستران عەبدوڵڵا‌

لە فۆلكلۆری میللی كوردی كۆتایی سەدەی بیستدا ناوی حاجی بوش بوو. چونكە سەدامی دیكتاتۆری تەمێ كرد‌و لە كوێت دەریكرد، بەڵام بۆ كورد دۆسێكەی پڕ دەسكەوت نییە.

بە هاندانی فەرەنسا‌و بەریتانیا‌و توركیا لەسەر بڕیاری 688 گیرسایەوە كە بووە مایە ‌و كایەی ناوچەی دژە فڕین. لەبەرئەوە خەرجی پرسەكەی دەكەوێتە ئەستۆی خزمانی كوێت، ئێمە هەر لەبەر خاتری سەرۆك بوشی كوڕ كە ئەركەكانی تەواو كرد‌و تەوافی رزگاركردنی كرد، پرسە ‌و سەرەخۆشیمان لەسەرە، بەڵام بەوحاڵەشەوە سەرۆك جۆرج بوش كە دوێنێ لە تەمەنی (94) ساڵیدا كۆچی كرد. لە وێستگەی دۆسێكانی كورددا شوێنێكی تایبەتی گرتووە.

 حاجی بوش هات، «هاوڕێیانی» یەكێتیی سۆڤێت بنەوبارگەی خۆیان پێچایەوە رەخنە و گلەیی لە قەڵای دۆستایەتی گەلان كە دیمەنی دۆستایەتی لەگەڵ سەدام ‌و هاوشێوەكانی شێواندبووی، گشتی بەرەو لای رۆژئاوا تەوەلا كرد، نەك كورد، بگرە زۆرینەی گەلان چاویان لە جەمسەری ركابەر بوو كە جاران ئیمپریالیزمیان پێدەوت.

حاجی بوش كوڕی ئەو رۆژگارە بوو. كارێكی بە سەدام كرد با بە دەواری شڕی نەكردبێ. زۆنی دژە فڕین بووە نیشتەنی ئەزموونی كوردستانی رزگار. كوڕی حاجی بوشی دووەم ناوچە دابڕاوەكانیشی لەگەڵ تەواوی عیراق رزگار كرد. راستە هێشتا ناسنامەیان ساغ نەبۆتەوە، بەڵام تەعریبـی سفر كردەوە. 

مانگی هەنگوینی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا دەستیپێكرد. هێشتا دۆستایەتییەكە ماوە، بەڵام مەعلوم مانگی هەنگوینی ناوەكەی بەخۆوەیەتی مانگێكە ‌و ئیتر كێشە هەر دەبێ.

مامەڵەی كوردی باشوور ‌و ئەمریكا دوای قۆناغی رۆمانسی قسەی زۆری لەسەرە، گفتوگۆی رەخنەگرانە ‌و چاوكراوەیی زۆر هەڵدەگرێ. قۆناغی رۆمانسی تەواو، بەڵام بێگومان لایەنی كوردیش ئەركی لەسەر شانە‌و لە حیساب ‌و كیتابدا بەشی كەموكوڕی ئەویشی تێدایە.

ستران عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی