ئەی كێ مافی نەخۆش بپارێزێ؟!

05/12/2018

كامەران سوبحان

بڕیاربوو، ئەم بەیانییە(دایكی بارین)لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی، نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، بەڵام 9ی بەیانی، پزیشكەكەی زەنگی تەلەفونی لێیدا وتی" ببورن مانمانگرتووە، لە نەخۆشخانە حكومی و ئەهلییەكانیش، دەوام ناكەین! چونكە دوێنێ تەقەكراوە لە پزیشكێكمان و تاوانبارەكەش هەڵهاتووەو دەستگیر نەكراوە.!

تا ئێوارە، وەك گۆدۆ، چاوەڕوانی پزیشكمانكرد، بەڵكو دڵیان نەرم بێت، بەڵام ئێمەو چەندین نەخۆشی تر، نائومێد بووین.! لەسەر ئەم مانگرتنەی پزیشكان، ئەم خاڵانە دەخەمە ڕوو:

1_هێرشكردنە سەر پزیشك، بە هەر بیانویەك، مایەی نیگەرانیی و لەسەر وەستانە، بەڵام بۆ دەبێ نەخۆش باجەكەی بدات؟ بۆ تاوانبار نادۆزرێتەوەو سزا بدرێ؟ بۆ لەبری تاوانبار، نەخۆش سزا بدرێ؟! 

2_سەندیكای پزیشكان و وەزارەتی تەندرووستی، پارێزەریی مافی پزیشكانن. ئەی كێ پارێزەری مافی نەخۆشە؟ كەس هەیە بتوانێ ماف بۆ ئەو هەزاران نەخۆشە بگێرێتەوە، كە ئەمرۆ لەسەرجەم نەخۆشخانەكاندا، بەدەم ئازارو چاوەڕوانی هاتنی پزیشكەوە، نا ئومێد بوون؟ نەخۆشەكان گوناهیان چییە؟ لای كێ سكاڵا بكەن؟

3_كەرتی تەندرووستی، لە25 ساڵی رابردودا، وێرانەترین كەرت بووە لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە نەخۆش چاوی كوێردەكرێ، بەهۆی دەرمانی بێ كوالێتی سەدان نەخۆش دەمرێ، خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكانی تریش. لەژێر سفرەوەن. هەمو ئەمانە، دەبێ نەخۆش باجەكەی بدات.! 

4_دیاردەی لێدان و هەڕەشەكردن لە پزیشك و مامۆستا و چینەكانی تر، دوا پلەی بەدرەوشتی و پێنەزانینیی پیشەی گرنگیی، ئەوانە، بەڵام بریا پزیشكان چۆن ئەمرۆ ئەم هەمو نەخۆشەیان بەدەم ئازارەوە جێهێشت و نەهاتنە سەر كارەكانیان، لە رابردوشدا، دەیان نادادپەروەریی و تیرۆرو تۆقاندن و مافخوران رویداوە، هەڵوێستێكی وایان دەربڕی، بۆ ئەوەی ئەو رەخنەیەیان لێنەگیرێ، تەنها ئەو كاتە دەنگی ناڕەزایی بەرزدەكەنەوە، كە ئازار، بەخۆیان دەگات!

5_ خاڵێكی تر، كەدەبێ هێمای بۆ بكەین، ئەم شارە رۆژ بەرۆژ بێ خاوەنترو بێ خزمەتگوزاریتر دەبێ.! پێشمان ناخۆشە، لەدەرەوەی ئەم شارەوە، بچوكترین رەخنە لە كەموكورتییەكانی بگیرێت.! بەڵام راستییەك هەیە، هەمومان رۆژانە بەریدەكەوین، ئەویش ئەوەیە شار بێ خاوەنەو تەنها بە قسەی زل و هاش و هووش بەرێوەدەبرێت و هیچی تر.!

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی