لە پێنجەمین ساڵیادی کاوە گەرمیانیدا

لە پێنجەمین ساڵیادی کاوە گەرمیانیدا

​بەکر عوسمان


136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەوان کاوە گەرمیانی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا، لە باوەشی دایکی دەدرێتە بەردەسترێژی گوللە و لە باوەشی دایکی گیانی دەکێشن. کوشتنێک بەو شێوە تراژیدی و ناخهەژێن و پڕ ئازارە ، لەسەر تەرمی خوێناوی کاوە، لە بەرچاوی دایکی جەرگسوتاو دڵ پڕ لە غەم، ئاهەنگی سەمای سەرکەوتن دەگێرن.

مامەلەی دۆسیەی تیرۆری کاوە گەرمیانی، لە نێو دەزگای دادوەری و دادگاکاندا. جارێکیتر ئەوە بە ئاشکرا و دەنگی بەرز ڕاگەیەندرا، هیچ ماف و دادێک لە دادگاکانی کوردستاندا بەدەست نایەت. دادگاکان و دەزگای دادوەری لە کوردستان کاری سەرەکی پەنادانی تاوانباران و بەڕێوەچوونی تیرۆری کەسایەتی قوربانیەکانی دەسەڵاتی سیاسی و حیزبەکانیەتی. دادگا بۆتە سێبەری تیرۆر و ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی. بەکردەوە ئەوەی لە دادگاکان بەڕێوە دەچێ، تەواوکردنی دیوی دووەمی پڕۆسەی کوشتن و تیرۆری دەنگە ئازادەکانە... تازە کام شێت و بی عەقل باوەڕ دەکات مافی خوێنی بێتاوانەکان لە دادگای ئەوان بەدەست دێت؟!

لە فەرهەنگی سیاسەتدا حەق هەمیشە بە ڕکابەری سەرکەوتووە. کێ بینیویەتی کەسێ لێپێچینەوە لە سەرکەوتووەکان بکات. لەکاتێکدا کوشتن بۆ ئەوان ئیش و کارە، کوشتن پیشەی ئەوانە،لە تاوانی ڕژاندنی خوێنی سەدان مرۆڤی بێتاوان لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، چەند کەس لەو تاوانکارانە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە؟

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز لە کوردستان و دەرەوە، زیاتر و زۆرتر بووە بەدژی بکوژان و پەنادانی تیرۆرستان و تێپەڕاندنی دۆسیەکە بە شانۆگەری و سیناریۆ. لە پێنج ساڵی ڕابردوو دۆسیەی تیرۆری کاوە بۆتە سیمبولی خەبات و سەنگەری ئازادیخوازانی کوردستان بۆ بەرگری لە ماف و ئازادی هەر تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان.

کاوە گەرمیانی لە ژیان و کارەکانی بە ئێمەی گوت، خەبات لە دژی گەندەڵی و نادادپەروەری و ستەم و زۆرداری دەسەڵاتی کوردی. کاری هەموومانە و ئەرکی هەر تاک و کەسێکە. ئەو پێی گوتین، لەبەر ئەوەی بە تەنیا چوومە سەر شەقامی وەستانەوە بەدژی تاڵانی و دەسەڵاتی مافیایی، بە ئاسانی توانیان دەستی تاوانکاریان بەو شێوەیە درێژ بێت. ئەو پێی گوتین بێدەنگی لەبەرامبەر تاوان و ستەم و زۆرداری ، قەبولکردنی ژیانێکی شەرمەزاریە.

خەبات لە پێناوی ئازادی و عەدالەت و ماف لە چوونە نێو شەقامەکەی کاوە، لە بەرزکردنەوەی پەیامەکانی سەردەشت، لە هەڵوێستەکانی سۆران و خۆڕاگری ویدات، درێژەی پێدەدرێ. ئەوان پێش هەر شتێک شەرافەتمەندیان هەڵبژارد، بەهیچ شێوەیەک قەبولیان نەکرد بکەونە ژێر سێبەری ستەمکاری دەسەڵاتێکی مافیایی. ئەوەی خۆشباوەڕ بێت لەهەر پێناوێکەوە بچێتە کۆڕی بکوژانی دەنگی ئازاد، بۆنی هەناسەی ناخۆش دەبێت و ڕەنگی ئەوان دەگرێ.

ئەوەی هاوار دەکات، ئازاری هەیە یا خۆی دەنوێنێ. لە ژیانی ئەمڕۆکەماندا هاوارەکان مەترسیدار نین، شەرافەتمەندی مەترسیدارە. هەموو هێزەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەسەر ئەوە هاوڕان پیاوە شەرافتمەندەکان هەموویان مەترسیدارن! مەترسیدارن چوونکە،بەئاسانی ناچنە ژێر ڕکێفی سوکایەتی و ستەم. کاوە و سۆران و سەردەشت و ویدات و ئەوانیتر مەترسیدار بوون بۆ ئەو دەسەڵاتەی دەستی سوورە بە خوێنی ئەوان.

لەم پێناوەدا، دوو ڕێگا هەیە یەکەمیان کوشتنی شەرافەتمەندییە لە ئینسانەکان، ئەگەر ئەوە مەیسەر نەبوو کوشتنی مرۆڤە شەرافەتمەندەکانە. هەردوو دیوەکەی لە ژیانی ئێمە نمایش دەکرێ.

ئێستاش پێنج ساڵە دۆسیەکەی کاوە گەرمیانی پێمان دەڵێ، بکوژانی کاوە و سۆران و سەردەشت و ویداد و ئەوانیتر، دەسەڵاتی مافیایی و بنەماڵەیی کوردستانن. دۆسیەکەی هاوار دەکات، ئەوەی ئازارم دەدات بە تەنیا برینەکانم نییە، بەڵکو ئەو سوکایەتییە گەورەیە کە دۆسیەکان دەکاتە دەستمایە. ئەوەی هەموو ڕۆژەش ڕوحی ئێمە ئازار دەدات چەتەکان و تۆمەتبار و بکوژەکانیش بێشەرمانە نازناوی سەرۆک و بەڕێز لەخۆیان دەنێن و لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنیشن. ئێوە هەر ناو و دەنگێکتان هەبێت مەسەلەیەک نییە، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە کوشتن پیشەى ئێوەیە، کوشتن بۆ ئێوە ئیش و کارە! ئێوە دەستتان سوورە بە خوێنی کوڕەکانی ئێمە، شوێنی ڕاستەقینەی ئێوە زیندانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و تاکی کوردی پاڕێزراوبێت لە تاوانکاریەکانتان.

بەکر عوسمان



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved