ئاڵگۆرکردنی ناوچەکان و یەکخستنی پەیوەندیەکان...!!

05/12/2018

دڵشاد مەجید

ئەم ناونیشانە زۆر لەھاوکێشەیەکی ماتماتیکی دەچێ.. کەدووشتی جیاواز کۆبیکەتیەوە.. ئەنجامیشی ھەبێ..
جا مەبەستمە بڵێم ئەوەی لە ماتماتیک نەگا.. ناتوانێ ھاوکێشەیەکی ماتماتیکی حەل بکا.. ھەروەک ئەوەیە ئەوەی لەسیاسەتیش نەگا.. سەری لەھاوکێشە سیاسیەکان دەرناچێ.. بەردەوام ھەڵە دەکاو خوێندنەوەکانی کرچ وکاڵ و مایەپوچ بەرھەم دێنێ...

کاتێک دەڵێین ھەموو ھەوڵەکانی دەرەوەو دەوربەری عێراق و ھەرێم بە ئامانجی دروستکردنی ھاوسەنگی ھێزە.. کەلەدوا مەنزڵگا گەیشتنە بە ( ئیستقراقی) عیراق.. کە لەوێوە بەرژەوەندیەکانی ئەو ھێزانە باشتر دەستەبەر دەکرێ.. ھەڵەنین ..

بابێینەوە سەر ناونیشانەکە.. 
ئاڵوگۆرکردنی ناوچەکان چیە.. ؟
ئەگەر دیقەت بدەین.. ئێستا ئێران بەسەر زۆنی سەوز پازیداوە.. ھەوڵی بەماڵیکردنی زۆنی زەرد دەدا و وەک دار عەسایەک دەستی پارتی گرتووە دەیگەرێنێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عیراق..
لەولاوەش تورکیا لەسەر زۆنی زەرد پاز دەداو دەیەوێ زۆنی سەوز بەماڵی بکاو بیکاتە ئەسپێکی گوڕایەڵی خۆی..
ئەمە مانای وانیە ئێران زۆنی سەوزی بەقوربانی زۆنی زەرد کردووە.. ھەروەھا بۆ تورکیاش بەھەمان شێوە..
بەڵکو بەمانایەکی تر دەرگای کارکردن لە ھەردوو زۆن بۆھەردوو ھێز خراوەتە سەرپشت و کرایەوە.. چونکە ھەردوو ھێز لەمەودا بەیەک چاو سەیری ھەردوو زۆن دەکەن.. دەبێ ھەردوو زۆنیش پەیوەندیەکانی ھەردوو ھێزی ئێران و تورکیا بپارێزن..

باجی گەڕانەوەی ھاوسەنگی ھێزیش پەیوەستە بە یەکخستنی پەیوەندیەکان..

یەکخستنی پەیوەندیەکان بەومانایەدێت لەمەودوا ھیچ زۆنێک نابێتە مۆڵگەی نەیارەکانی تورکیاو ئێران.. نەیاری ھەردوو ووڵات دەبێ نەیاری ھەردوو زۆن بێت..

زۆنی زەرد ئەم ڕاستیە دەزانێ.. بۆیە ھەندی جوولەی سیاسی دەکا.. دەیەوێ بڵێ ناکرێ زۆنی سەوز ھاوتا بکرێت.. بەھێزێکی پرجووڵەو بەتوانا..بۆیە پڕ بەدڵ دژی ئەو ھاوکێشە نوێیەیە تابکرێ دژایەتی یەکێتی دەکا و دەیەوێ بێ ھێزی زۆنی سەوز نیشان بدات...
بەڵام پارتی ناچارە ئەم ھاوکێشەیە قبوڵ بکا.. بەخوێندنەوەی خۆم پارتی زیاد لە موستەحقی ھەڵبژاردن جێگای یەکێتی لەو حکومەتە دەکاتەوە.. بەدووریشی نازانم ئەم کابینەیە لەپارتی و یەکێتی زیاتر ھیچ لایەنکی تر لەناو حکومەت جێگای ببێتەوە.. 
چونکە بەدانانەوەی پۆستی سەرۆک ھەرێم و ڕازی بوونی یەکێتی بە ژیاندنەوەی ئەو پۆستە.. ھەمان حکومەتی کابینەی ھەشت بەھەندێ گۆڕانکاریەوە دێتەوە ئاراوە..

بەرای من دەستنیشانکردنی نێچیر بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم.. دەرگایەکە بۆ دووبارە ئاشتکردنەوەی بەرھەم ساڵح و بەکارھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ جێبەجێکردنی ئەجەنداکانی پارتی.

دڵشاد مەجید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی