ئایا ئامۆزاکان شت دەگۆڕن؟

05/12/2018

ئەحمەدی مەلا

ئەم بەری زێ و ئەو بەری زێ، ئامۆزا گەنجەکان دێنە پێشەوە. مامجەلال رۆی، هێرۆ لە پشتەوەیە، مەسعود بارزانی کشاوەتەوە و گەنجە خوێن گەرمەکان دێنە سەر تەختەی شانۆ. بە هەردوو دیویدا، حیزب دەبێ بە ئاداتی دەستی بنەماڵە. ئەم هاتنە پێشەوەیە پێی دەچێ هەندە دیمەنی شانۆنامەیەکی خۆماڵی بێ، هەندە رەهەندێکی ناوچەیی و دەرەکی نییە. هەندەی بە بەرەوروو بوونەوەی پاڵەوانەکانی داستانەکان دەکات، هەندە بیچمی داڕشتنی سیاسەتێکی نەتەوەیی پێوەدیار نییە، هەندە بە مەراتۆنێک دەکا کە پیرەکان ماندوو بوون و ئاڵاکان دەدەنە دەست لاوەکان، هەندە خاوەن بەرنامەیەکی تێروتەسەل نییە کە بتوانێ دیراسەی کێشەکان بکا و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. هەندەی یارییەکی ناوەکی بنەماڵەکانە، هەندە نوێ کردنەوەی خوێنی حیزب نییە، هەندەی چەمکی ئەم گەمە ئەفسانییە واقیع دژوارتر دەکات، هەندە گۆڕەپان و مەیدان بۆ تاکەکان فەراهەم ناکات. هەندەی هەست بە "غوبن" لە لایەن ئەندامانی حیزب زیاتر دەکات، هەندە نەوەی نوێ بۆ ململانێی نوێ ناهێنێتە پێشەوە. هەندەی گرێیەکی دیکە بۆ پژدێنی بنەماڵە زیاد دەکات، هەندە گرێکوێرەکانی کورد ناکاتەوە. هەندەی ئیدامەدانە بۆ کۆن، هەندە لاپەڕەی نوێی پێ نییە...

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی