دوو بنەماڵەكە

06/12/2018

دانا نەوزەر

نێچیرڤان بارزانی زیاد لە ٢٠ ساڵە سەرۆكوەزیرانە، نیوەی ئەوەی ئەنجام نەدا كە بەرهەم ساڵح تەنها لە ٢ ساڵدا ئەنجامیدا. لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح یەك لەسەر دەی ئەو دەسەڵاتەی نەبوو كە نێچیرڤان بارزانی هەیەتی. هەردوو بنەماڵەكە كەسێكی وەك ئاشتی هەورامی تێدا نیە بۆ ئیدارەی مەلەفی نەوت، بەڵام چونكە لە خۆیان نیە، دوای تەمەنێك سووكی دەكەن و فڕێی دەدەن.

دوو بنەماڵەكە هەوڵێكی زۆر دەدەن كە ئەو وێنەیە دروست بكەن كە حوكمدارێتی كوردستان لەلایەن ئەوانەوە رووداوێكی سروشتی و خۆرسكە و خۆی شتەكە هەر ئەبێ وابێ. ئیشی ئەم دو بنەماڵە لەڕێی میدیا دابەستەكانیانەوە لێدانە لە هەر كەسایەتیەك كە لە خۆیان نەیێ و توانای ململانێی هەبێ. بەڵام زیاتر رقیان لەوانەیە كە توانای ئیدارەیان هەیە. ئیستا تۆ لەوە ئەچێ پێت وابێ ئەوان حەز بە بوونی وەزیری سەركەوتوو و مەسئولی سەركەوتوو بكەن، هەرگیز! ئەوان هەموو تەجروبەیەكی ئیداری سەركەوتوو بە لێدان لە خۆیان ئەبینن. ئێستا هەر لە خۆیشیانەوە رقیان لە شاسوار عەبدولواحیدە، نەك لەبەر ئەوەی مەترسیە لەسەر كورسیەكانیان چونكە ئەزانن لە كوردستان كورسی پەرلەمان و خیتابی تەلەفزیۆن دەسەڵات ناگۆڕێ، بەڵام پێیان ناخۆشە ئەو چاڤی لاندی هەیە و ئەوانیش هیچیان نیە.

ئەو دو بنەماڵە ئەگەر پییان بكرێ، ناهێڵن كەس خۆی پاك كاتەوە. حەزدەكەن كوردستان مێش و مەگەز تێیدا. ترسی ئەوەیان نەبوایە خۆیشیان توش ئەبن، كۆلێرایان بلاودەكردەوە. تەنانەت رقیان لەو مەسئولانەی یەكیتی و پارتیشە كە قسەزانترن لە خۆیان. راستە ئەوانەیان قبوڵ دەكەن كە ئەزبەنین و دەست بە سنگەوە ئەگرن، بەڵام تەنانەت رقیان لەوانیشە ئەگەر سەركەوتوو بن.

ئەم سایكۆلۆجیایە سایكۆلۆجیای زۆربەی بنەماڵە حاكمەكانی ئەم ناوچەیەیە. چونكە تێگەشتنی ئەوان لەسەر بنەمای خوێنە نەك مێریت واتە شیاوی و لیاقە، ئیدی هەركەسێك لە خوێنی خۆیان نەبی، مەترسیە. مەترسیەكەیشی زیاترە ئەگەر سەركەوتوو بێ. زۆر زیاتریشە ئەگەر لە ئیدارەدا سەركەوتوو بێ.

بەرهەمی ئەم جۆرە سیستەمە ، دەسەڵات و حوكمرانیەكی فاشیلە. چونكە تەنها ئینسانی نالایەق و فاشیل ئەتوانێ سەركەوێ. ئەگەر زمانت هەبێ و توانات هەیێ مەترسیت، زمانەكەتیان ئەوێ، خزمەتەكەتیان ئەووێ، بەبێ تواناكانت بۆ ئیدارە و بەریوەبردن.

تاڵەبانیەكان لەم یاریەدا تازەن، چونكە مام جەلال بڕوای پێی نەبوو. مام جەلال فیعلەن قەبەلی و بنەماڵەچی نەبوو. راستە خزمەتی بنەماڵەی خۆی كرد و زۆربەی هێنانە پێشەوە، بەڵام مۆدێلی سیاسەتكردنی ئەو جیاواز بوو. بەڵام تاڵەبانیەكانی دوای خۆی و خزمەكانی ئیمانیان بە مۆدێلی بارزانی هەیە نەك تاڵەبانی. ئەزانن بۆ ئەوەی بەبەهێزی بمێننەوە، بنەماڵەچێتی لە حیزبایەتی باشترە. جا بارزانیەكان ساڵانێكی زۆرە ئەمە لەناو پارتیدا پیادە دەكەن. سەرنج بدەن، هیچ كەسایەتیەكی دەرەوەی خۆیان ناتوانێ لە سكرتیری مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتر تەجاوز بكات. وەك ئەزموونی سیاسەتكردن، كەسێكی وەك فازل میرانی بەئەزمونتر و شارەزاتر و ژیرتریشە لەبەشێكی زۆری ناو بنەماڵە، بەڵام ئەم پیاوە تا ئەمرێ لەو پۆستە زیاتر وەرناگری و هەر دەقەیەكێش زانیان زیاتر لەوەی پێی دراوە داوای دەكات، یەكێكی تر دەخەنە جێی.

بڕوانە ئەو ئاشتی هەورامی كە لەراستیدا وەك شەخس زۆر سەركەوتووە دەیەوێ تا ئەو كاتەی خزمەتی دەكات، دواتر هەر خۆی سووكی دەكات و فڕیی دەدات. هێمن هەورامی دەوێ چونكە گەنجێكە قسە زانە و ئەو بەرگریەی ئەو لە پارتی دەكات، هەموو بنەمالە حاكمەكە نایكات، بەڵام هەر رۆژێ بزانێ خەریكی دروستكردنی كوتلەی خۆیەتی ، پولێكی پێوە دەنێ

كێشەكە لێرەدایە سایكۆلۆجیای تاكی كورد و لەناوئەوانیشدا یەكێتی و پارتی بەجۆری تیكشكێنراوە كە ئەوان ، بەوانەشیانەوە كە تەمەنیكیان هەیە، قبوڵیانە وایان بەرامبەر بكرێ. دوای ماوەیەكیش رازی ئەبن كە 'خۆشی ژیان بەرامبەر ژێردەستەیی' قبوڵ بكەن. هەربۆیە ئەبینین مەسئولینی یەكێتی گەورە گەورە قبوڵیانە كە ببنە غوڵامی گەنجانی بنەماڵەی تالەبانی مادەم لەوەڕەكەیان دابین بكری و ریگەیان بدرێ دەست بۆ كچی ئەم و ئەو ببەن.

ئەم مۆدیلە لە حوكمڕانی ئەیێ تێكبشكێنرێ، كورد شایەنی لەمە باشترە.

دانا نەوزەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی