سەكۆی دووەمی پایتەخت

07/12/2018

بەختیار شاوەیس

یەكێتیی لەكابینەكەی عەبدولمەهدی...
تا نوسینی ئەم وتارە دیار نیە كەیەكێتیی بەشدار یان لەدەرەوەی كابینەی حكومەتی عیراق دەبێت، ئەوەی ڕوونە ڕۆژی سێشەمە واتە دوو ڕۆژی دیكە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە و ئەوەش ڕوون نەبوەتەوە كەعادل عەبدولمەهدی باقی ئەو هەشت وەزارەتەی كەماونەتەوە كاندیدەكانیان یان بەشێكیان دەخاتەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی بەمەبەستی متمانەدان.

لەئێستادا وەرگرتنی وەزارەت یان بەپێچەوانەوە لەلایەن یەكێتیی زۆرترین خاڵی جێسەرنجی ناوەندی میدیاو باس و خواستی گەرمی شەقامیشە، بەچەشنێك كە ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی و ڕۆژنامەنوس بەوانەشەوە كەلەدەرەوەی یەكێتیین و هیچ پەیوەندیەكی سیاسیان بەم حیزبەوە نیە، پرسیاری بەشداری یەكێتیی دەكەن لەحكومەتی نوێی عیراقدا. ئەم ڕاستیەش دەرخەری بەهێزی و كاریگەری و گرنگی یەكێتیی

نیشان دەدات لەئاستی ناوخۆی هەرێم و ناوەندی عیراقی. هەروەك لەدیوێكی تردا كوردستانیان ئومێدی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسیراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەپلەی یەكەم بۆ یەكێتیی دەگەڕێننەوە و هەروەها عیراقیەكانی دەرەوەی هەرێمیش ئومێدی مانەوەی یەكێتیی وەك هێزێكی میانڕەو وعەقلانی بە پێویست و گرنگ دەزانن لەناو هاوكێشەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن.

یەكێتێی كەداوای وەزارەتێك دەكات، زیاد لەبەرەی خۆی قاچی ڕانەكێشاوە ، وەك هەندێك كەئەم تۆمەتە بڵاودەكەنەوە بەڵكو پاڵپشت بە ئستیحقاقی هەڵبژاردن و وەك ئەركێكی نەتەوەیش بۆمەسەلەكە دەروانێت. چونكە بەپێی هەڵبژاردن یەكێتیی خاوەنی ١٨ كورسی پەرلەمانیەو دووەم هێزی كوردیە بەجۆرێك جگەلەپارتی بەتەنها ئەم حیزبە ٣ كورسی پەرلەمانی لەكۆی فراكسیۆنە كوردیەكانی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە كە ١٥ كورسیان هەیە ، وە بەشی زۆری هۆكاری دواكەوتنی سەرۆك وەزیران لە تەواوكاری كابینەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان داوای پۆست دەكەن و لەمبارەوە جێی خۆیەتی بپرسین بۆچی بۆئەوان حەڵاڵە و بۆ یەكێتیی حەرامەو شەری پۆستكردنە؟. هەرەوەك لەئاستە نەتەوەییەكەیدا بەكاندیدكردنی كەسایەتیەكی كەركوك دەیەوێت لەچوارساڵی ئایندە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی ئاڵۆزكاوی ئەو پارێزگایەو ناوچەكانی هاوشێوەی و كێشەكانی تری هەرێم بەرەو ڕەوینەوە ببات. خۆئەگەر مەسەلەكە پەیوەندی بەپۆستی سەرۆككۆمار و سیستەمی خاڵبەندیەوە هەبێت، ئەوا دەبێت هەموو لایەك بزانن كەلەم خولەی پێكهێنانی كابینەی وەزاری مەسەلەی خاڵبەندی وەلانراوەو شێوازێكی نوێ كاریپێدەكرێت.

هەربۆیە ڕەوتی ڕووداوەكان بەهەرشێوەیەك بكەونەوە، ئەوا لەو حەقیقەتە كەمناكەنەوە كە كردنە دەرەوەی یەكێتیی لەكابینەی نوێی عیراقدا، كاریگەری سلبی دروست دەكات بۆ خودی حكومەتەكەو بۆ ڕەوتی پێشوەچونی ئەو كەشوهەوا ئیجابیەی كەلەنێوان هەرێم و بەغداد هاتوەتە ئاراوەو بەهۆی ڕووداوەكانی ڕیفراندۆمەوە پەیوەندیەكان بەبنبەست گەیشتبوون، ئەمە جگەلەوەی كە گرنگە بزانین وەرگرتن یان وەرنەگرتنی وەزارەتێك لەلایەن یەكێتییەوە هیچ لە سەنگی سیاسی و پێگەی نەتەوەیی ئەم حیزبە كەمناكاتەوە، بەڵام دواجار كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی خاڵی دەبێت لەهێزێكی كوردستانی كەبەدرێژایی پانزە ساڵی ڕابردوو ناسراوە بەسیاسەتی جێگیر و نەگۆڕ لەبەغداد كەئەویش سیاسەتی سەرۆك مامجەلال.

بەختیار شاوەیس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی