جەمال نەبەز.. بەیادی "بەقوربان"ەكانت.. یادت دەكەم!

08/12/2018

كامەران سوبحان

تەنیا لە رێگەی كتێب و نووسین و هەندێجاریش لەسەر زمانیی هاوڕێكانتەوە، ناوم بیستبوویت. دوو ساڵ لەمەوبەر، بەڕێكەوت لە بەرلین لەگەڵ د.سەروەر عەبدوڵڵا میواندارییەكی شایستەت كردین. بە كەمێ لەترس و شەرمەوە ڕازیبووم لەگەڵ د.سەروەر بێینە ئەو كافتریایەی جەنابتی لێبوو.. چونكە بیستبووم، چەند راشكاو و چەند هەستیاریی لە بۆچوون و بیركردنەوەكانتا. منیش هەمیشە ئەو نووسەرو هونەرمەندانەی بەم جۆرە بیردەكەنەوەو هەستیارن،. زۆر خۆمیان لێدەپارێزم. حەزدەكەم تەنها لە ڕێگەی بەرهەمەكانییانەوە بیانناسم، نەك لە نزیكەوە بەریانكەوم.!

د. سەروەر بە زمانە هێمنەكەی خۆی: "نا..نا ... سوبحان، وا مەبە، تۆ دەبێ ئەم مرۆڤە پاكە بناسیت و كارت پێیان دەبێ.!" ئەو ئێوارەیە ڕۆشتین، تا گەیشتینە جێی ژوان.. د.سەروەر ئامۆژگاریی كردم. چۆن قسە بكەم، چۆ گوێ بگرم، چ جۆرە پرسیارێ بكەم...هتد. لەوێ تەنها نەبوو، یەك دوو نووسەری تری پارچەكانی تری كوردستان لەگەڵی دانیشتبوون. كە سڵاومانكرد، بە پێكەنینەوە باوەشێكی پایكردم و سوپاسی كردم. وتی :(ماوەیەك لەمەوبەر عەزیەتت كێشا، كاك سەڵاح كتێبەكەی تۆی بۆ هێنام.! بیرم نەبوو، پێش ئەم یەكتر بینینە، كتێبێكی خۆمم بە دیاری بۆ ناردبوو.! لەو دانیشتنەدا زیاتر لە سێ سەعات گفتوگۆمانكرد. دواتر كە هاتینە دەرەوە، ئاسمانی بەرلین تاریك و نمە نمەی باران ڕیتمێكی جوانیی درووست كردبوو.! لەو دانیشتنەدا، چەند شتێ سەرنجی ڕاكێشام، دیارترینیان ئەو كەسانەی دانیشتبوون، لەگەڵ د.جەمال نەبەز هەمویان، بە یەك رتمی ناسیۆنالیزمیی توند قسەیان دەكرد، من بە پێجەوانەیانەوە، دژ بەو بیركردنەوانەبووم و دەموت: (مرۆڤ لە نەتەوەش گەورەترە، دەبێ مرۆڤ سەنتەری بیركردنەوە بێت، نەك نەتەوە و نیشتمان و خاك.!) دەمزانی زۆریان پێناخۆشە من وا بیردەكەمەوە.!

د.جەمال نەبەز، لە قسەكردنەكاندا، زوو زوو دەیوت: "نا نا بەقوربان" وانییە و تۆ هەڵە تێگەیشتوویت.د.سەروەریش لە تەنیشتمەوە، جار جارە، سیخورمەیەكی لێدەدام. بەڵام لەراستیدا نەمدەتوانی بۆچوونی خۆم بشارمەوە.! ئەویش ڕێزێكی زۆری لێگرتم، چ لە خۆم چ لە بۆچوونەكانم...

پاش چەند مانگێكی تر، جارێكی تر، لەگەڵ د. یوسف و كاك دلێر ماوەتی، لە بەرلین بینیمانەوە. ئەم دووەم بینینەوە، یەكتر بینێكی فەرمیی بوو. ماوەیەكی زۆر دانیشتین پێكەوە، بە وردی باسی بیرەوەرییەكانی خۆی بۆ كردین. كە ئەو كات هێشتا چاپ نەكرابوو.! لە تیشكی گێڕانەوەكانی خۆیەوە، من هەندێ ڕەخنەم لێگرت! بەڵام وەك هەمیشە و زمانەكەی خۆی دەیوت "نا..نا بەقوربان" وانییە و من لە تۆ زیاتر دنیام بینیووە.! هەستێكی سەیریی كورد بوون، لە ناخ و یادەوەریدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەی نزیكەی ٦٠ ساڵ كوردستانی جێهێشتبوو، بۆ یەكجاریش نەگەڕابوویەوە.! ئەمە پرسیارێكی بەردەوامی خەڵك و خوێنەرەكانییەتیی. من ئەو پرسیارەم لێكرد! هەرچەندە لە ماڵەكەی خۆیدا بوو، هاوڕێكەی و د.سەروەر و كەنار خانی هاوژین و د.یوسفیش دانیشتبوون، پێشتر ئەم پرسیارە هەر كەس بیكردایە، جەمال نەبەز نیگەران دەبوو، بەڵام ئەو لەبری وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی من كە بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ كوردستان بۆ یەكجاریش؟ دیدی خۆی سەبارەت بە هاتنی بۆ ئەوروپا و كاژیك و سەركردەكانی كوردی بۆ باسدەكردم، بەتایبەتیش (مستەفا باررزانی، مام جەلال، مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا) چ ڕەخنەیەكی لێیان هەبووەو لە كوێدا سەركەوتوبون و لەكام هەنگاوەدا، ئەم ڕەخنەی لێگرتوون.!

پاشتریش جارێكی تر، لە "پێشانگەی كتێبی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت" یەكترمانبینییەوەو زۆر قسەمان لەسەر كتێب و زمان و وشەی كوردییی كرد. زۆر جار و لە زۆر كاتیشدا، لە فەیسبوك نامەمان بۆ یەكتر دەنارد.!

ئەم چێشتەنگاوەی ئەمڕۆ، كە هەواڵەكەم بیست، چەند خولەكێكی كەم بوو، ڕۆحت لە غەریبیی نیشتماندا دەرچوو بوو.! چەند ڕۆژنامەنووسێ تەلەفونیان بۆ كردم، نەمدەزانی چی بڵێم و چۆن وەڵام بدەمەوە. زەنگێكم بۆ د. سەروەر لێدا، بە دەنگێكی زۆر هێواش و غەمگینەوە وتی "ڕاستە.. ئێستا گیانی سپارد.!" بەڕاستی مەرگێكی ڕاچڵەكێن و غەمگین بوو... "بە قوربان" یادت دەكەم د. جەمال نەبەز... ڕۆحت شاد و گۆڕت پڕ لە نوور و ئارامیی بێت.

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە